لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌رێم، له باره‌ی ئه‌و هێرشه‌وه خاوه‌نی یه‌كگوتاری سیاسی نین
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆرییه نه‌وتییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌په‌گه‌وه، گورزێك بوو كه به‌ر ئابووری هه‌رێمی كوردستان كه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێم زیانی ئه‌و كرده‌وه‌یه به (250) ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنێت، له به‌رانبه‌ریشدا هه‌په‌گه كه باڵی سه‌ربازی پارتی كرێكارانی كوردستانه، دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ئه‌وان هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام ئاماده‌نییه داوای لێبوردن بكات، ئه‌م ڕووداوه هه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش كردووه، هه‌ندێكیان پێیانوایه، ده‌بێت سنوورێك بۆ ئه‌و كارانه دابنرێت، هه‌ندێكیشیان به رووداوێكی ئاسایی ده‌یبینن و له هه‌ندێكجاریش هاوسۆزن له‌گه‌ڵ هه‌په‌گه.
هێرشی گه‌ریلا.. ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆرییه نه‌وتییه‌كان
رۆژی (29/ته‌مووز/2015) له شاری شه‌رناخی باكوری كوردستان، گه‌ریلاكانی هێزی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) هێرشیان كرده سه‌ر ئه‌و بۆرییه نه‌وتییانه‌ی، كه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌گوازنه‌وه، به‌و كاره‌شیان زیانێكی گه‌وره‌یان به ئابووری هه‌رێمی كوردستان گه‌یاند.
چه‌ند رۆژێك دوای هێرشه‌كه، هه‌په‌گه روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه و دانی به‌وه‌دا نا، كه گه‌ریلاكانی ئه‌وان ئه‌و هێرشه‌یان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام ئاماده نه‌بووه داوای لێبووردن له خه‌ڵكی كوردستان بكات، هه‌په‌گه له روونكردنه‌وه‌كه‌دا ره‌تی ده‌كاته‌وه كه هێرشه‌كه له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تی هه‌په‌گه ئه‌نجام درابێت، چونكه وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن: “ئێمه وه‌ك هێزه‌كانی هه‌په‌گه هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌رێنیمان له‌به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی باشووری كوردستان نیه، پێویسته له‌و بابه‌ته‌شدا له هه‌ڵوێستی هه‌ستیار و به‌رپرسیارێتی ئێمه تێبگه‌ن، ئه‌و لێدوانانه‌ی له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی باشووری كوردستانه‌وه له‌و لایه‌نه‌وه دراون ڕاست نیه و ته‌نها هاندانێكه”، هه‌ر له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه: “ئه‌و یه‌كینه‌یه‌ی ئه‌و چالاكیه‌یان ئه‌نجامداوه بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌و بۆریه نه‌وتانه هی كێیه چالاكیه‌كه‌یان كردوه، بۆیه نرخاندنێكی جیاواز و چه‌واشه‌كردنی ڕاستیه‌كان به‌هه‌ر ئامانجێك بێت خزمه‌ت به كه‌س ناكات”.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نوچه‌نێت، ئه‌و هێرشه‌ی كه گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه ئه‌نجامیان داوه، ده‌چێته خانه‌ی چالاكی (پاراستنی ره‌وا) كه بریتییه له بڕیارێكی تایبه‌تی سه‌ركردایه‌تی هه‌په‌گه بۆ گه‌ریلاكانی، ئه‌و بڕیاره‌یش ئازادی به گه‌ریلاكان ده‌دات، له هه‌رجێیه‌ك به پێویستیان زانی، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تی و سه‌رووی خۆیان، هێرشی تۆڵه‌سێن ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه ئه‌و هێرشه ده‌چێته خانه‌ی فه‌رمانی هێزه‌كانی هه‌په‌گه، بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه.
به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه ئابووری هه‌رێم زیانی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆرییه نه‌وتیانه، زیانێكی گه‌وره‌ی به هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه، حكومه‌تی هه‌رێم زیانه‌كه به (250) ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنێت و ئه‌ندامێكی په‌ڕله‌مانی كوردستانیش ده‌ڵێت، ئه‌و زیانه به ته‌نها بۆ هه‌رێمی كوردستانه نه‌ك توركیا.
وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: “هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه بۆ سه‌ر بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، زیانێكی كه‌می له‌توركیا داوه‌و نزیكه‌ی (250) ملیۆن دۆلار زیانی له‌هه‌رێمی كوردستان داوه، كه به‌رامبه‌ره به‌موچه‌ی مانگێكی هێزه‌كانی ئاسایش‌و وه‌زاره‌تی ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان”.
له لایه‌كی تره‌وه، دكتۆر عزه‌ت سابیر ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی، له په‌ڕله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، رایگه‌یاند، زیانی ئه‌و هێرشه ته‌نها به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت و توركیا هیچ زیانێك ناكات، چونكه وه‌ك ئه‌و وتی: “داهاتی هه‌رێمی كوردستان و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌و بۆڕییه نه‌وته‌وه‌یه، گرێبه‌سته‌كه‌یش به‌و شێوه‌یه هاتووه، كه ئه‌و بۆرییانه بته‌قێنه‌وه یان نه‌وتیش نه‌ڕوات، هه‌رێمی كوردستان پاره‌ی خۆی هه‌ر ده‌دات، چونكه ئه‌و گرێبه‌سته ساڵانه‌یه، بۆیه ته‌قاندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌و بۆرییه نه‌وتانه، زیان نییه به ئابووری توركیا، به‌ڵكو زیانه به ئابووری هه‌رێمی كوردستان”.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆڕییه نه‌وتیانه، دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت و له‌و دوو رۆژه‌یشدا، داهاتی فرۆشتنی نه‌وته‌كه، (60) ملیۆن دۆلاره، دكتۆر عزه‌ت وتی: “ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆڕییه نه‌وتییانه، به‌لای كه‌مه‌وه (24) كاتژمێر تا (48) كاتژمێری پێده‌چێت تا چاك ده‌كرێته‌وه، (48) كاتژمێر ده‌كاته دوو رۆژ، هه‌رێمی كوردستان مانگانه بایی (900) ملیۆن دۆلار نه‌وت ده‌فرۆشێت، كه‌واته رۆژانه ده‌كاته (30) ملیۆن دۆلار، دوو رۆژ ده‌كاته (60) ملیۆن دۆلار، هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر ئه‌و بۆرییه نه‌وتیانه، زیانی (60) ملیۆن دۆلار به ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت”.
لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چی ده‌ڵێن؟!
لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌دا یه‌ك هه‌ڵوێست نین، هه‌ندێكیان به حاڵه‌تێكی ئاسایی ده‌زانن و هه‌ندێكیشیان دژینی، له ناوییشییاندا هه‌یه، كه خۆشحاڵه به ته‌قاندنه‌وه‌یان و هاوسۆزه له‌گه‌ڵ هه‌په‌گه.
دكتۆر عزه‌ت سابیر ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێـتی له په‌ڕله‌مانی كوردستان، پێیوایه ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆرییه نه‌وتییانه، ده‌چێته خانه‌ی تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ی لایه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه‌كان له یه‌كتری، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و وتی: “پێویسته هه‌رێمی كوردستان هه‌موو لایه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه‌كان ئاگادار بكاته‌وه، كه ئه‌و ته‌قینه‌وانه راسته‌وخۆ زیان به ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت”.
پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌و هێرشه به “خیانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی” وه‌سف ده‌كات، چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و وه‌سفه له‌لایه‌ن دكتۆر محه‌مه‌د عه‌لی وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له په‌ڕله‌مانی كوردستان، درایه پاڵ هه‌په‌گه، به بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌وان زیانیان به ئابووری نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه، له لایه‌كی تریشه‌وه، حه‌یات مه‌جید په‌رخی ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له په‌ڕله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت رایگه‌یاند، پێویست بوو سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مانی كوردستان، له باره‌ی هێرشه‌كه‌وه ئاگادركردنه‌وه‌ی به پارتی كرێكارانی كوردستان بگه‌یاندبا و سه‌ركۆنه‌ی كردبان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی وتیشی: “ئه‌گه‌ر په‌که‌که به هه‌ر بیانویه‌ك هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی كوردستان وه‌ك قه‌ڵغان بۆ خۆی به كار بهێنێت و سه‌رچاوه‌ی ئابووریه‌كه‌شی تێك بدات، ده‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان، داوای چوونه ده‌ره‌وه‌ی په‌كه‌كه له حه‌وشه و ماڵی ئه‌و هاوڵاتیانه بكات و ئه‌گه‌ریش په‌كه‌كه هه‌ر له‌و شێوه ره‌فتارانه به‌رده‌وام بوو، ده‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ریئانه داوای به جێهێشتنی باشووریان لێ بكات”.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی یه‌كێتی و پارتی، كه دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستانن، هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به پێچه‌وانه‌وه‌یه، هه‌ندێك له هه‌ڵسوڕاوه‌كانی خۆشحاڵن به‌و هێرشانه و پاساویان بۆ ده‌هێننه‌وه، هه‌ندێكیشیان پێیانوایه هێرشه‌كان زیان به ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر له سه‌ره‌تای هێرشه‌كه‌وه، هه‌ر یه‌كه له ئیسماعیل گه‌ڵاڵی و دكتۆر رێباز فه‌تاح كه ئه‌ندامی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان بوون له په‌ڕله‌مانی كوردستان، هاوسۆزی خۆیان بۆ هێرشه‌كانی هه‌په‌گه راگه‌یاند.
رۆزه مه‌حمود ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان و بڕیارده‌ری لیژنه‌ی پیشه‌سازی و سامانه سروشتییه‌كان له په‌ڕله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئاستی كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و هێرشه، ده‌كه‌وێته سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و چۆنێتی هه‌وڵدان بۆ چاككردنه‌وه‌ی بۆڕییه نه‌وتییه‌كان، له باره‌ی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانیشه‌وه وتی: “من باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌وان شتێك بكه‌ن، كه به زیانی هه‌رێمی كوردستان بێت، چونكه ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه نیه، راسته ئه‌و هێرشه بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌نارده كردنی نه‌وت ده‌وه‌ستێنێت، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی وه‌های نابێت، چونكه دوای ئه‌وه حكومه‌ت ده‌توانێت نه‌وت زیاتر هه‌نارده بكات و قه‌ره‌بووی ئه‌و ماوه‌یه‌ش بكاته‌وه”.
له لایه‌كی تره‌وه، دكتۆر شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه وسه‌رچاوه سروشتیه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان، به نوچه‌نێتی راگه‌یاند، ئه‌و بۆڕییه نه‌وتییانه گرێده‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیان و دوژمنی خۆیان هه‌یه و ده‌بێت به باشترین شێوه بپارێزرێن، وتیشی: “ئه‌وانه‌ی ئه‌و بۆرییه‌یان ته‌قاندۆته‌وه، ناحه‌زن به بوونی ئه‌و بۆرییه و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه، ده‌یانه‌وێت زیان به هه‌رێم و توركیا بگه‌یه‌نن، دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه پێویسته زیاتر له جاران هه‌موو رێوشوێنه ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی ئه‌و بۆرییه نه‌وتیانه بگێرێننه به‌ر، چونكه ئێستا دۆخه‌كه هه‌ستیارتره”.