نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆکی پەرلەمان،رایگهیاند:شەنگال برینێکی قوڵە و ساڕێزژبوونی ئاوا ئاسان نییە لەسەر ئاستی ناوخۆیش لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ تاوانەکە و هۆکارەکانی کەوتنی شنگال دەکەن و ئەوانەی بوونە هۆکاری شکستی شنگال دەبێت دادگایی بکرێن.
ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ ٢ شەممە ٣ ی ئاب، شاندێکی تەڤگەری ئازادی کوردستان و نوێنەری کۆمەڵێک حیزب و ڕیکخراو و چالاکوانی مەدەنی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان کۆبوونەوە“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە سوپاسی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، کە لەبەرامبەر رووداوی تۆپباران و سنووربەزاندنی هێزە سەربازییەکانی تورکیا هەڵوێستێکی نەتەوەییان هەبووە، کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە چاوی ئومێدەوە لە کارەکانی پەرلەمان دەڕوانێت“.
ماڵپەڕی پەرلەمان ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لە بەشێکی تری وتەکانیاندا، شاندەکە داوایان لە پەرلەمانی کوردستان کرد، بەردەوامبن لە هەوڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیاندا، بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانی شنگال و ئازادکردنی کچ و ژنانی ئێزیدی لەدەستی تیرۆرستانی داعش“.
لەبەرانبەریشدا” د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان وتویهتی:شەنگال برینێکی قوڵە و ساڕێزژبوونی ئاوا ئاسان نییە، بۆ گەلی کورد کارەساتی شەنگال هیچی لە ئەنفال کەمتر نییە، پەرلەمانی کوردستان لەسەر چەند ئاستێک کاری لەسەر ئەم کارەساتە کردووە، گرنگترینیان توانیمان بە فەرمی لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای هەوڵی بە جینۆسایدناساندی ئەم تاوانە گەورەیەی تیرۆرستانی(داعش) لە شەنگال تۆماربکەین، لەسەر ئاستی ناوخۆیش لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ تاوانەکە و هۆکارەکانی کەوتنی شنگال دەکەن و ئەوانەی بوونە هۆکاری شکستی شنگال دەبێت دادگایی بکرێن“.