بارزانی:هێندەی ئێزدییەکان بریندار بووم بۆیە هەستم بە برینی دڵیان کردووە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكی هەرێم رایگەیاند،هێندەی ئێزدییەکان بریندار بووم هەربۆیە هەستم بە برینی دڵی ئه‌وان کردووە وتیشی،ئەوەی دەستی بۆ نامووسی ئێمە بردووە،بچێتە هەر کونجێکی ئەم دنیایە لە دوای نابینەوە تا تۆڵەی خۆمانی لێ نەکەینەوە.

ئەمڕۆ لە شاری دهۆک بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یادی کارەساتی شنگال بەڕێوەچوو.

مەسعود بارزانی بارزانی لە ساڵیادی کارەساتی شنگال وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند:زۆری پێناچێ شنگال دەگرینەوە ڕێگای بۆ دەکەینەوە. بەڵام چونکە پڕۆسەیەکی گەورە لەئارادایە و نامانەوێ پارچەی بکەین، بۆیە دەبێ چاوەڕێ بکەین، تا پڕۆسەکە بەرپا دەکرێ. ئەگینا هەروەک چۆن چیاکەمان ئازاد کرد شنگال و کۆی ناوچەکەمان ئازاد دەکرد، بەڵام چونکە پشتی قاییم نییە، نەمانکردووە.

بارزانی ڕاشیگەیاند:کێشەی سەرەکی لە جیۆگرافیای کوردستانە، تا ئێمە پشتی خۆمان قایم نەکەین ناتوانین گەرەنتی بکەین کە دەتوانین شنگال ئازاد بکەین و دەتوانین بە ئاسوودەیی تێیدا دابنیشین. ئەو شوێنانەیشی کە ئازاد کراون، هەڵبەت بە هێز و بازوو و قوربانیدانی پێشمەرگە بووە، جارێکی دی دووچاری گرفت نابێتەوە.

سەرۆكی هەرێم وتیشی:بە (بابەشێخم) گوت بە هێندەی ئێوە ئازار دەچێژم و بریندار بووم.. پێیم گوت، ئێزدخانە تەواو نابێ، چونکە تەواوبوونی ئێزدخانە بە واتای تەواوبوونی کوردە.. ئێزدی کوردایەتییان پاراستووە، چونکە دینی کوردیی خۆیان پاراستووە، دابونەریتی خۆیان پاراستووە،ئەرکی ئێمەیە کە بایەخی زیاتر بە ئێزدییەکان بدەین. ڕوونە کە بە درێژایی مێژوو لە ڕووی نەتەوەیی و جڤاکییەوە کارەسات بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە و ئێمە ئەمە دەزانین، بەڵام دەخوازین ئێوە بە هیواوە بژین؛ ئەوەی کە بەسەر ئێزدییەکاندا هاوتوە بەسەر کۆی گەلی کورددا هاتووە. دوژمن و داگیرکارانیش ئیسپاتیان کرد کە نە نامووس نە ئەخلاقیان هەیە؛ ڕێک پێچەوانەی ئەوەی کە ئێزدی پێیان وایە نامووسیان چووە.

بارزانی بەڵێنیشی دا:ئەوانەی ئەو تاوانانەیان کردووە، لە هەر کوێیەک بن و تا یەک کەسیان مابێ، بەسەریانەوە ناچێ،بەڵام لە ڕێی یاساوە،چونکە ئێمە مەردانە تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە؛ئەوە ڕەوشتی کوردە کە تۆڵەی نابەرپرسانە ناکاتەوە.

بارزانی رونیشیكردەوە: زۆر زۆرداریمان بەسەر گەلی خۆماندا دیوە، بەڵام کارەساتی ئێزدیان بە هێندەی هەموویان دڵی منیان بریندار کرد. برینداریی من وای لێکردم هەست بە برینداریی ئێوە بکەم و ژیانێکی باش بۆ دەڤەری شنگالیش یەکێک دەبێ لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

 

بارزانی وتیشی:بانگەوازی بۆ کۆی هۆزەکانی عەرەب دەکەین تا ئەگەر هاوکار بن لە ئازادکردنی منداڵێکی ئێزدیدا، کە ئەمە بکەن چاکەی ئەوان لەبیر ناکەین، بەڵام ئەوەی دەستی بۆ نامووسی ئێمە بردووە، بچێتە هەر کونجێکی ئەم دنیایە لە دوای نابینەوە تا تۆڵەی خۆمانی لێ نەکەینەوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:هەرچی لە دەستمان هاتبێ بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان کردوومانە و دەیشیکەین، خۆزگە توانیبامانە زیاتریان بۆ بکەین.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com