نوچه‌نێت: تایبه‌ت
ماوه‌یه‌كه بۆردومانی توركیا و ئێران و په‌لاماره‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستانیش بۆ سه‌ر توركیا، پێشهاتێكی نوێیان درووست كردووه، كه ره‌نگه مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زیاتر بن، چونكه جگه له‌شه‌ڕی داعش كه یه‌خه‌ی به هه‌رێمی كوردستان گرتووه، زۆربه‌ی په‌لاماره‌كانی توركیا و ئێرانیش بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستانن و پارتی كرێكارانیش به ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆرییه نوتییه‌كان، زیانێكی گه‌وره‌ی به ئابووری هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه، به‌ڵام حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له به‌رانبه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا، یه‌ك ده‌نگ نین.
نه‌بوونی یه‌ك گوتاری لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رانبه‌ر ڕووداوه‌كاندا، ده‌رخه‌ری ئه‌و پارچه پارچه بوونه‌یه، كه خه‌ریكه روو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، پارتی له‌به‌رانبه‌ر ئێران بێده‌نگ و بۆ توركیا و په‌كه‌كه‌یش داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ ده‌كات، یه‌كێتیش به گژ توركیا ده‌چێته‌وه و پاساویش بۆ ئێران ده‌هێنێته‌وه، هه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه، به ناڕاسته‌وخۆ هاوسۆزی پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌رده‌بڕێت، یه‌كگرتووی ئیسلامیش پێیوایه، ده‌بێت په‌ڕله‌مان سه‌ردانی هه‌موو ناوچه زیان لێكه‌وتووه‌كان بكات و بێده‌نگ نه‌بێت له‌و دۆخه.
توركیا, له پرۆسه‌ی ئاشتییه‌وه بۆ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕ
دوو لایه‌نه به‌شه‌ڕ هاتووه‌كه‌ی توركیا، كه بریتین له ده‌وڵه‌ت و پارتی كرێكارانی كوردستان، دوای ماوه‌یه‌ك له ئاگر به‌ست و خامۆشكردنی چه‌كه‌كانیان، دووباره په‌نایان بۆ چه‌ك برده‌وه، ئه‌مه‌یش بۆته زیانێكی گه‌وره، بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی له‌و وڵاته، كه ده‌ستكه‌وتی باشی بۆ ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه كوردییه‌كانیش هه‌بوو.
پارتی كرێكارانی كوردستان له سه‌ره‌تاوه پێیوابوو، كه حكومه‌تی ئاكپارتی له پرۆسه‌ی ئاشتییدا جددی نییه، له كۆتایشیدا ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پرسوسی به ده‌ستی ده‌وڵه‌تزانی، كه به گوته‌ی ئه‌وان له رێی داعشه‌وه ئه‌نجامی داوه، له به‌رانبه‌ر ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یشدا، به‌رپرسیارێتی كوشتنی دوو پۆلیسی گرته ئه‌ستۆ، كه به بیانووی ده‌ست تێكه‌ڵییان له‌گه‌ڵ داعش و تێوه‌گلانیان به ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پرسوس، له شاری … كوژران، ده‌وڵه‌تی توركیاش پرسی چاره‌سه‌ری و پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ كورد هه‌ڵپه‌سارد و له به‌رانبه‌ر پارتی كرێكاراندا، ده‌ستی به هێرشه‌كانی كرد.
ده‌مهات عه‌گید وته‌بێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، ده‌وڵه‌تی توركیای به هۆكاری ئاڵۆزبوونی دۆخه‌كه تۆمه‌تبار كرد، چونكه وه‌ك ئه‌و وتی: “ده‌وڵه‌ت له رێگه‌ی داعش و هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه ئه‌و كارانه ده‌كات كه خۆی پێیناكرێت، له رابردوودا چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ لایه‌نه هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه، هێرشی كردۆته سه‌ر خۆپیشانده‌رانی كورد، هه‌روه‌ها چه‌ندینجار له به‌رانبه‌ر هێزه كوردییه‌كاندا، له رێگه‌ی داعشه‌وه په‌نای بۆ ته‌قینه‌وه بردووه و له باره‌گای لایه‌نه كوردییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نگرانی پارته كوردییه‌كاندا ئه‌نجامی داون، دواتریشیان ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پروسوس بوو، كه چه‌ندین لاوای كوردی كرده قوربانی”.
چه‌ند رۆژێك دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پرسوس، هه‌په‌گه كه باڵی سه‌ربازی پارتی كرێكارانی كوردستانه، له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی (پاراستنی ڕه‌وا) تۆڵه‌ی قوربانیانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی كرده‌وه و دوو پۆلیسی كوشتن، (پاراستنی ڕه‌وا) بریتییه له ئازادی بڕیاردان له لایه‌ن گه‌ریلاوه، بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی تۆڵه سه‌ندنه‌وه، ئه‌م ئازادییه كه به گه‌ریلا به‌خشراوه، له دوای ساڵی (2003)ه‌وه دێت، كه سه‌ركردایه‌تی باڵی سه‌ربازی په‌كه‌كه بڕیاری له‌سه‌ر داوه، به‌ڵام له دواین كرده‌ی ئه‌م ئازادییه‌دا، كاردانه‌وه‌ی قورسی به دوای خۆیدا هێنا و ده‌وڵه‌تی توركیای خسته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه له پرۆسه‌ی ئاشتی و ئه‌نجامدانی بۆردومانی بنكه و باره‌گاكانی په‌كه‌كه، له‌لایه‌ن فرۆكه جه‌نگییه‌كانییه‌وه، كه دواترینشیان، بۆردومانه‌كه‌ی گوندی زارگه‌لی بوو، له رۆژی (1ی ئابی 2105) ئه‌نجامی دا و بووه هۆی شه‌هید بوون و برینداربوونی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی سڤیلی ئه‌و گونده، ئه‌مه‌یش توڕه‌یی و ناڕه‌زایی خه‌ڵك و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌ڵام له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، ئه‌و هێرشه به‌هۆی بوونی چه‌ند سه‌كرده‌یه‌كی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه بووه له گونده‌كه‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشی راگه‌یاند، كه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و رووداوه ده‌كۆڵنه‌وه.
به‌ختیار دۆغان وته‌بێژی پارتی كرێكارانی كوردستان، له باره‌ی ئه‌و زیانانه‌ی كه به‌هۆی هێرشه ئاسمانییه‌كانی توركیاوه له هه‌فته‌ی رابردوو به‌ر هێزه‌كانیان كه‌وتوون رایگه‌یاند: “له بۆردومانی هه‌فته‌ی رابردووی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، بۆسه‌ر باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان له باشور، هه‌شت گه‌ریلا شه‌هید و حه‌وت گه‌ریلای دیكه‌ش برینداربوون”.
ئه‌م وتانه‌ی دۆغان له كاتێكدایه، كه هێشتا ئامارێكی فه‌رمی له‌سه‌ر ئه‌و زیانانه به‌رده‌ست نین، كه ئاستی زیانه‌كان به درووستی بخاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها پارتی كرێكارانی كوردستان، له به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌یشدا، چه‌ندین هێرشی ئه‌نجامداوه، وه‌ك په‌لاماردانی كاروانه سوپاییه‌كانی توركیا و به ئامانجگرتنی بنكه ئه‌منییه‌كانی ده‌وڵه‌ت له ناو شاره‌كاندا، هه‌روه‌ها به ئامانج گرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، له ناو ئه‌وانه‌یشدا به ئامانج گرتن و ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، كه به ناو خاكی توركیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئه‌مه‌یش ده‌چێته خانه‌ی لێدان له‌به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، چونكه وه‌ك د. عزه‌ت سابیر ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌و زیانه به ته‌نها به‌ر ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت نه‌ك ده‌وڵه‌تی توركیا.
لایه‌نه كوردییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی تۆپباره‌كانه‌وه چی ده‌ڵێن؟!
هه‌رێمی كوردستان به‌وه ده‌ناسرێته‌وه، كه یه‌كگوتاری لایه‌نه سیاسییه‌كانی، هه‌تا سه‌ر بڕ ناكات، بۆیه هه‌میشه رووداوه‌كان زۆرترین زیانییان پێگه‌یاندووه، له‌به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا و ئێرانیش، هیچ كام له لایه‌نه‌كان، بۆ تاوتوێ كردن و درووستكردنی هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو، له‌گه‌ڵ یه‌ك كۆنه‌بوونه‌ته‌وه، بۆیه هه‌ر كه‌یان له ئاوازێك ده‌خوێنێت و هه‌ر یه‌كه‌یشیان له دیدێكی جوداوه گوزارشت له هۆكار و ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌كات.
پارتی دژی شه‌ڕه و داوای ئاشتی ده‌كات
پارتی دیموكراتی كوردستان كه گه‌وره‌ترین پارتی هه‌رێمه‌كه‌یه، له هه‌موو لێدوانه‌كانییاندا دژی به شه‌ڕهاتنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستانن، چونكه وه‌ك ئه‌وان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، شه‌ڕ له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌نێكدا نیه، ته‌نها گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ ده‌توانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كه هاوكات سه‌رۆكی ئه‌و پارته‌یشه، له باره‌ی پشتكردنه پرۆسه‌ی ئاشتی و هه‌ڵگیرسانه‌نه‌وه‌ی شه‌ڕه‌وه رایگه‌یاند، نیگه‌رانه له‌وه‌ی كه دۆخه‌كه به‌و ئاسته مه‌ترسیداره گه‌یشتووه، هه‌روه‌ها داوای له هه‌ردوو لایه‌نه‌كه كرد، واز له شه‌ڕ بهێنن و بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ، چونكه به وته‌ی ئه‌و “ساڵانێك گفتوگۆ، له ساڵێك شه‌ڕ باشتره”.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی، رایگه‌یاند، كه ئه‌و ئاماده‌ی ناوبژیوانییه له نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و پارتی كرێكارنی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی واز له شه‌ڕ بهێنن و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه له رێی ئاشتییه‌وه به ده‌ستهاتوون، نه‌فه‌وتێن.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، فراكسیۆنی ئه‌و حیزبه له په‌ڕله‌مانی كوردستان، دوو به‌یاننامه‌ی بڵاو كرده‌وه، یه‌كێكیان له‌سه‌ره‌تای درووستبوونی كێشه‌كان بوو، ئه‌وی تریشیان رۆژی (1/ئابی/2015) به‌هۆی بۆردومانی گوندی زارگه‌لییه‌وه بوو، له هه‌ردوو به‌یاننامه‌كه‌دا، داوای هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رمێزی گفتوگۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له دوا به‌یاننامه‌یاندا، به ئاشكرا هه‌ردوو لایه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه‌كه ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، كه سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێم پێشێل نه‌كه‌ن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێت، بێده‌نگی پارتی دیموكراتی كوردستانه، له‌به‌رانبه‌ر تۆپبارانی ناوچه‌كانی ناڵپارێز له لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه.
یه‌كێتی له‌به‌رانبه‌ر توركیا به هاوار و له به‌رانبه‌ر ئێرانیش پاساوده‌ر
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی بۆردومانه‌كانی توركیاوه، ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز كرده‌وه، به‌جۆرێك كه ئاڵا تاڵه‌بانی سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌یان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، داوای بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیای له عێراق كرد، بۆ پێدانی روونكردنه‌وه، چونكه به بڕوای ئه‌و، ئه‌و هێرشانه ده‌چنه خانه‌ی پێشێلكاری سه‌روه‌ری خاكی عێراق، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر تۆپبارانه‌كانی ئێران‌دا، هه‌وڵی پاساو هێنانه‌وه ده‌دات، چونكه هه‌ر دوای تۆپبارانه‌كانی ئێران، نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له تاران، كه سه‌ر به‌و حیزبه‌یه رایگه‌یاند، ئه‌و تۆپبارانانه مه‌شقی سه‌ربازی هێزه‌كانی ئێران بوون.
له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌ڕله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌وان داوایان له سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مانی كوردستان كردووه، دانیشتنێكی نائاسایی له‌سه‌ر تۆپبارانه‌كانی توركیا ساز بكات، هاوكات ره‌تی كرده‌وه كه فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌ڕله‌مانی كوردستان، داوای بانگهێشتی هیچ باڵیۆز و كونسوڵێكی وڵاتان بكات، وتیشی: “باسمان له بانگهێشتكردنی كونسوڵی هیچ لایه‌ك نه‌كردووه، ئێمه لیژنه‌كه‌مان راسپاردوه به‌دواداچوونێكی ورد بۆ ئه‌و ناوچانه بكات و سه‌ردانی كونسوڵخانه‌كان بكات و راپۆرت بێنێته‌وه، ئه‌و كاته په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتن بكات و بریار بدات”.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌رێمی كه‌مال ئاغا، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، به نوچه‌نێتی راگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك یه‌كێتی پاڵپشتی هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، كه هی نه‌ته‌وه‌ی كورد بێت و له دژی داگیركه‌ره‌كان بێت، وتیشی: “هه‌ر وڵاتێكیش سنووری هه‌رێمی كوردستان ببه‌زێنێت و بۆردومانی بكات، له دژی ده‌وه‌ستینه‌وه”.
لایه‌نه‌كانی تر چی ده‌ڵێن؟
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه حیزبێكی دیاری هه‌رێمی كوردستانه، له بۆچوونی لایه‌نگرانییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه هاوسۆزه له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، به جۆرێك كه هه‌ندێكیان له به‌رانبه‌ر ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆرییه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستخۆشی له پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌كه‌ن.
ئیسماعیل گه‌ڵاڵی گه‌ڵاڵی ئه‌ندامی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌ڕله‌مانی كوردستان، له پۆستێكدا له ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، ده‌ستخۆشی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆرییه نه‌وتییه‌كانی كرد، هه‌روه‌ها دكتۆر رێباز فه‌تاحیش كه به هه‌مانشێوه ئه‌ندامی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان بوو له په‌ڕله‌مانی كوردستان، له پۆستێكدا له ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نووسیویه‌تی: “ئه‌گه‌ر بورییه نه‌وتییه‌كان، تێركردنی سكی پارچه‌یه‌كی كوردستان بێت، له‌سه‌ر حسابی به‌رده‌وامی دان به زوڵم له‌سه‌ر كاتێكدا به‌دیل بوونی هه‌یه، ته‌قاندنه‌وه‌ی باشتره”.
نوچه‌نێت له باره‌ی ئه‌و سه‌رنجانه‌وه په‌یوه‌ندی به هه‌ندێك هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه كرد، به‌ڵام هیچ لێدوانێكیان نه‌دا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رۆكی فراكسی‌ونی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له په‌ڕله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، ئیدانه‌ی تۆپبارانه‌كانی كرد، وتیشی: “فراكسیۆنه‌كه‌مان له رابردوودا سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌ی كردووه كه له‌لایه‌ن فرۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیاوه بۆردومان كراون، له داهاتوویشدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌یش بكه‌ین، كه سوپای ئێران بۆردومانی كردوون”.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كگرتوو وتیشی: “ئێمه دژی هه‌ر پێشێلكارییه‌كی سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمین، له‌لایه‌ن هه‌ر وڵاتێكه‌وه بێت”.