نوچەنێت-نیقاش
ناوچه‌ی پان و به‌رینی گه‌رمیان که شاری که‌لار ناوه‌نده‌که‌یه‌تی (باشووری رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی)، ئۆتۆمبێلی (UAZ-469) که له‌ناو خه‌ڵکدا به جێبه روسه‌کان یا ” جێبه روبعه” ناو ده‌برێ، بوو بووه خهسڵهتو تایبه‌تمه‌ندییه‌کی به‌رچاوی ئه‌و ناوچه‌یه. بێجگه له‌وه‌ی ئوتۆمبیلێکی له‌بارو گونجاوه بۆ دهشتو جه‌وه‌ڵه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه، خه‌ڵکی گه‌رمیان خولیایه‌کی زۆریشیان بۆ ئه‌و “سه‌یاره بهقوهتو قایمه” هه‌بووه بۆیه دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه هێشتا کۆتای‌یان پێ نه‌هاتووه.
ئێستا ئیتر جێبه روبعه بۆته یادگاریی به‌شی هه‌ره زۆری دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه که ساڵانێکی زۆر ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی گواستنه‌وه‌و کاروباری ناو ئاواییه‌کان بووه. شایی‌و زه‌ماوه‌ندی به‌شێکی زۆری ژن‌و مێرده‌کانی ئێستا، به‌م ئوتۆمبیله به‌ته‌مه‌نه به‌ڕێوه‌چووه بۆیه ئه‌لبوومی یادگارییه‌کانیان پڕیه‌تی له‌وێنه‌ی جێبه روبعه.
ئوتۆمبیلی شایی‌و شیوه‌ن
ئاراز فایه‌ق پیاوێکی ته‌مه‌ن 43 ساڵانی خه‌ڵکی که‌لاره، زۆر به‌حه‌سره‌ته‌وه باسی رۆژانی منداڵیی‌و گه‌نجی خۆی ده‌کات که چۆن جه‌ژنان به‌و جێبانه له‌گه‌ڵ هاوڕێو هاوته‌مه‌نه‌کانی خۆی گه‌ڕاون، یان بۆ کاروکاسبی هه‌ر به‌و جێبانه هاتوچۆیان کردووه. ئاراز ئێستا مامۆستایه له‌شاره‌که‌ی خۆی به‌مجۆره بیره‌وه‌ریی له‌گه‌ڵ ئوتۆمبیله روسییه‌کان بۆ (نیقاش) ده‌گێڕێته‌وه: ” لەسەرەتای هەشتاکانەوە ئیتر هاتوچۆم بەجێب دەکرد، لەبیرم دێت لەکاتی جەژنەکاندا لەگەل چەند منداڵی گەڕەکو هاوته‌مه‌نی خۆم کۆدەبووینەوەو پێکەوە جێبێکمان بەکرێ دەگرت تا نیوەرۆ بەناو شار‌و کۆلانەکاندا دەگهڕاین. ئێمەش بەگۆرانیو چەپلەو هاوارکردن سه‌رمان ده‌رده‌هێنا لهجێبهکهوه یان خۆمان پێدا هه‌ڵده‌واسی.”
ئاراز به‌رده‌وام ده‌بێ له‌سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کانی”کە خوێندکاربووین هه‌ر بەجێب هاتوچۆمان دەکرد، لەبیرم دێت لە وەرزی زستاندا دڵمان زۆر خۆش‌بوو که سواری ئۆتۆمبیل بووین، به‌ڵام تا دەگەشتینە قوتابخانەکە هەموو گیانمان تەڕ دەبوو وەک ئەوەی هەر لەدەرەوە بین
یان لەوەرزی گەرمادا ئەوەندە ئارەقەمان دەکرد ئەوە هەر باسی مەکە! له‌زه‌ماوه‌ندی ژنگواستهوهکهیشم دیسان جێبێکی زۆری تێدابوو.”
په‌یوه‌ندی سیاسی‌و ئابووریی نێوان روسیا‌و عێراق له‌کۆتایی ساڵی 1958 ده‌ستیپێکردو تاساڵی 1991 هه‌ر به‌به‌هێزی مایه‌وه. بازاڕ‌و که‌رتی پیشه‌سازیی نه‌وتی عێراق، نزیکه‌ی هه‌مووی له‌ژێر هه‌ژموونی کۆمپانیا روسیهکاندابوو. بهرههمو کاڵا روسییه‌کان له‌هه‌موو ماڵێکی عێراقدا ده‌بینرا، به‌ڵام دوای شه‌ڕی دووه‌می که‌نداو ئیتر به‌رهه‌می کۆمپانیا روسه‌کان پاشه‌کشه‌ی کرد‌و ئێستا له‌نزمترین ئاستیدایه به‌تایبه‌ت له‌هه‌رێمی کوردستان.
رۆژی 17ی ئایاری ئه‌مساڵ، کۆمپانیای زه‌به‌لاحی (گازپرۆم) له‌شاری هه‌ولێر، رێوڕه‌سمێکی گه‌وره‌ی به‌ڕێوه برد بۆ پێشکه‌شکردنی کتێبێک که به‌رهه‌می گه‌ڕیده‌و نووسه‌رانی کۆنی روسیایه‌و سه‌باره‌ت به‌فه‌رهه‌نگ‌و مێژووی کورد ئاماده کرابوو به‌ناوی (نیشتمانی داستان) له‌و رێوڕه‌سمه‌دا که زۆربه‌ی به‌رپرسانی کورد‌و نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆک پۆتینیش تێیدا به‌شداربوون. قۆناغێکی دیکه له‌په‌یوه‌ندی ئابووریی‌و فه‌رهه‌نگی مۆسکۆو هه‌ولێر راگه‌یه‌نرا.
له‌وتارێکدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم وتی: “ئەم دەرفەتە نیشانەی ئەوەیە کەوا ڕوسیا‌و هەرێمی كوردستان مەبەستیانە لەپەیوەندی دوولایەنە بەردەوام بن‌و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی نێوانیان بەهێزتر بکەن. پەیوەندییه مێژوویەکانی نێوان ڕوسیا‌و هەرێمی كوردستان بەگرنگ دەزانینو دەیانپارێزین چ لەڕووی سیاسی‌و ئابووریی یان له‌ڕووی کەلتورییەوە بەهێزتریان دەکەین.”
ره‌نگه ئه‌و کاته‌ی روسه‌کان له‌هه‌ولێر خۆشحاڵ بووبێتن به‌و رێوڕه‌سمه، هه‌ر له‌خه‌یاڵیاندا نه‌مابێ که له‌به‌شێکی دووری ئه‌م هه‌رێمه‌دا هێشتا به‌رهه‌می شه‌ست یان حه‌فتا ساڵ له‌مه‌وبه‌ری وڵاته‌که‌یان مابێته‌وه‌و خه‌ڵک به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری نابن.
ماکیاجی پیره‌کان
جێبه‌کان هه‌رچه‌نده زۆر کۆن بوون‌و مێژووی دروستکردنیان بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو دەگەرێتەوە، به‌ڵام هه‌ندێ لەشۆفێرهکانیان به‌گۆڕینی گێڕو مه‌کینه‌و چه‌ندین که‌ره‌سته‌ی دیکه، یان رازاندنه‌وه‌و زیادکردنی که‌ره‌سته‌ی تر وه‌کو: کۆنترۆڵی ده‌رگاو جام، ته‌بریدو ته‌سجیلی تازه، ره‌ونه‌قێکی باشیانداوه پێیان‌و هێشتا له‌بازاڕدا به‌نرخێکی گران ده‌یانفرۆشنه‌وه.
نرخ‌و به‌های ئه‌و جێبانه له‌شاری که‌لار جیاوازه، به‌رزرترین نرخ که بۆ یه‌کێک له‌و جێبانه دانراوه 10 هه‌زار دۆلاره (ده‌فته‌رێک) ئه‌مه‌ش بۆ مۆدێل‌و پێکهاته‌کانی ئوتۆمبیلێكی ئاوا، نرخێکی زۆره. هه‌رچه‌نده پۆلیسی هاتوچۆ ده‌ڵێ ئاماری ته‌واومان لا نییه سه‌باره‌ت بهجێبه کۆنه‌کان، به‌ڵام به‌گوێره‌ی قسه‌ی فرۆشیارانی ئوتۆمبیل له‌که‌لار، ده‌یان جێبی مۆدێل کۆن ماون‌و هه‌روا کڕین‌و فرۆشتنیان پێوه ده‌کرێ.
گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و به‌غدا
خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه له‌سێ ئاڵوگۆڕی سیاسی‌و سه‌ربازیی گه‌وره‌دا له‌عێراق (شه‌ڕی دووه‌می که‌نداو 1991- شه‌ڕی ئازادکردنی عێراق 2003- که‌وتنی سوپای عێراق له‌موسڵ 2014) به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و ئوتۆمبیله سه‌ربازییانه‌ی که لای سوپای عێراق بوون‌و به‌رهه‌می روسیان. به‌لێشاو براونه‌ته که‌لار و له‌وێوه هه‌م لێیان هێڵراوهته له‌ناو شاره‌که‌دا هه‌م به‌شی زۆریان فرۆشراون به‌شاره‌کانی دیکه‌ی خواروو ناوه‌ڕاستی عێراق.
که‌لارییه‌کان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاقهتو حه‌وسه‌ڵه‌یه‌کی زۆریان هه‌یه له‌گه‌ڵ جێبی روسی، به‌خێرایی دهیکڕنو ده‌توانن بازاڕێکی باشی بۆ په‌یدا بکه‌ن. ئێستا به‌شی زۆری ئه‌و جێبه روسییانهی له‌سوپای عێراق به‌جێماون لای کهلارییهکاننو له‌وێوه ده‌یفرۆشنه‌وه به‌شاره‌کانی دیکه‌ی عێراق.
فواد که‌ریم شۆفێری یه‌کێک له‌و جێبانهیه و بۆ خۆی ده‌ڵێ زیاتر له 15 ساڵه کاری کڕین‌و فرۆشتنیان پێوه ده‌کات بۆ (نیقاش) وتی: “ئێستا جێبهکانی که‌لار بازاڕ‌و مشته‌رییان که‌مبۆته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌غدا کاسبی پێده‌کرێت، مشته‌ریی زۆرمان له‌و شاره‌وه دێن‌و ده‌یکڕن. به‌مه‌یش ئه‌گه‌ری نه‌مان یان که‌مبوونه‌وه‌ی جێب له‌که‌لار زۆر زیاتر ده‌کات.”
فواد که ئێستا جێبێکی پێیه ده‌ڵێ: “خه‌ڵکی که‌لار بۆیه واز له‌م جێبانه ناهێنن، بێجگه له‌وه‌ی یادگارییان هه‌یه له‌گه‌ڵی، ئوتۆمبیلێکی زۆر باشه بۆ دهشتودهرو ئاواییه‌کان. خه‌ڵکێکی زۆر هه‌یه ده‌یکڕن ته‌نیا بۆ راوکردن لهدهشتدا، چونکه توانایه‌کی باشیان هه‌یه بۆ ئه‌م ناوچه‌یه”.
به‌ڵام به‌رپرسانی پۆلیسی هاتوچۆ له‌که‌لار ده‌ڵێن ئیتر ئه‌و جێبانه که‌ڵکی ئه‌وه‌یان نه‌ماوه تا له‌ناو شاردا به‌کار بهێنرێن، چونکه مه‌رجی سهلامهتیو خۆپارێزییان تێدا نه‌ماوه.
نه‌قیب کارزان مه‌جید، وته‌بێژی هاتوچۆی گه‌رمیان بۆ (نیقاش) وتی: ” کاتی خۆی ئه‌و جێبانه بۆ کاروباری سهربازییو ناوچه‌ی شاخاوی دروستکراون، به‌ڵام هێشتا دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه که تێیاندایه مۆدێلی 1965 هه‌ر بهکاردههێنرێو کاروباری گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیانیان پێده‌کرێ. به‌گوێره‌ی بڕیار‌و یاساکانی هاتوچۆ ده‌بێ ئیتر رێ به‌و جێبانه نه‌درێ به‌کاربهێنرێن هه‌ر بۆیه چه‌ندجار به‌ره‌سمی داوامان له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان کردووه. به‌بڕیارێک به‌ته‌واوی له‌ناویان ببهنو قه‌ره‌بووی خاوه‌نه‌کانیان بکرێته‌وه هه‌روه‌کو چۆن لهههولێرو سلێمانی‌و دهۆک لابران.”
کارزان روونی ده‌کاته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌رجی سهلامهتیو خۆپارێزییان تێدا نییه، نابێ ئه‌و جێبانه به‌کار بهێنرێن بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌فه‌رات. ئه‌وجا کاتی خۆی که بۆ ناوچه‌ی شاخاوییو کاروباری سه‌ربازیی دروستکراون، یه‌کپارچه ئاسن‌و پلێتی ئه‌ستووره‌و له‌رووداوه‌کانی هاتوچۆدا کاره‌ساتی گه‌وره ده‌خولقێنن.
په‌یکه‌ری یادگاریی
به‌ڵام شاره‌وانی که‌لار نایه‌وێ هه‌روا به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری جێبه روبعه ببن، چونکه ئه‌وانیش هه‌ستیان به‌وه کردووه تازه ئه‌و ئوتۆمبیله بووه‌ته به‌شێک له‌یاده‌وه‌ریی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی کهلارییانهی پێدراوه. بۆیه له‌به‌رنامه‌یاندا هه‌یه شه‌قامێکی تازه به‌ناوی (جێب)ه‌وه بکه‌نه‌وه له‌ناوچه‌یه‌کی گهشتیارییو تێیدا بیچمی جێبێک وه‌کو په‌یکه‌ر له‌وێدا دابنێن.
عه‌تا محه‌مه‌د سه‌رۆکی شاره‌وانی که‌لار بۆ (نیقاش) وتی: “به‌رنامه‌مان هه‌یه له‌ناوچه‌یه‌کی گه‌شتیاریی، شه‌قامێک به‌ناوی جێب بکه‌ینه‌وه. به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی له‌هه‌رێمی کوردستان به‌گشتی پرۆژه گه‌شتیارییه‌که راگیراوه.”
رۆژنامەنووس كاوه شێخ عه‌بدوڵا ئەم راپۆرتەی بۆ ماڵپەڕی نیقاش كردووە