نوچەنێت.ههولێر:
فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بۆردومانەكانی ئەمڕۆی توركیا بۆ سەر گوندی زارگەڵی بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەێنێت،وێڕای ئیدانە و مەحكومكردنی ئەو هێرشانە بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی مەدەنی،داوای ڕاگرتنی دەست بەجێی هێرشەكان دەكەین.
دەقی بەیاننامەكە:
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئەمڕۆ شەممە جارێكی تر گوێبیستی ڕوداوێكی تری دڵتەزێن بووین دژی جەستەی ماندووی گەلەكەمان لە هەرێمی كوردستان كە بریتیە لە ڕوداوی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی گوندی زارگەلی بناری قەندیل لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكەكانی سوپای توركیا.
ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێڕای ئیدانە و مەحكومكردنی ئەو هێرشانە بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەمە جگە لە زیانە زۆر و زەبەندە مادیەكانی ئەو هێرشانەی بەر ناوچەكە دەكەوێت، جارێكی تر داوای ڕاگرتنی دەست بەجێی هێرشەكان دەكەین، ئێمە خوازیاربووین پرۆسەكانی ئاشتی لە باكوری كوردستان كۆتایی هاتنی نەهامەتیەكانی گەلەكەمان و چارەسەركردنی پرسی كورد بێت لەو وڵاتەدا، كە بەداخەوە خەریكە كێشەكان دەگەڕێنەوە بۆ خاڵی دەستپێك و هیچ بوارێك بۆ ئاشتی نامێنێتەوە كە تاكە ڕێگەی چارەسەری پرسی كوردە لە باكوری كوردستان، خوازیارین هەرێمی كوردستان سەرباری كێشە و قەیرانە جۆراوجۆرەكانی ڕوی تێكردووە، جارێكی تر قەیرانێكی تر بەرۆكی نەگرێت وهەموو لایەنەكانی ڕەچاوی دۆخی تایبەتی ئم هەرێمە بكەن كە لە چەندین لاوە ڕوبەڕوی بوەتەوە، بۆیە دەبێت سەرجەم لایەنەكان بەو وریایەوە مامەڵە بكەن .
دوعای بەهەشتی بەرین بۆ شەهیدەكان و هیوای زوو چاك بونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
1/8/2015