نوچەنێت.ههولێر:
پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بۆردومانەكانی ئەمڕۆی توركیا بۆ سەر گوندی زارگەڵی راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەێنێت،ئەم ڕووداوە بە توندی ئیدانە دەکەین و هیچ پاساوێک بۆ ئەم بۆردومانانە بە ڕەوا نابینین، هیوادارین لەبری پەنابردن بۆ زمانی چەک و توندوتیژیی، حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکاران پەنا بەرنە بەر زمانی گفتوگۆو درێژەدان بە پڕۆسەی ئاشتی.
دەقی راگەیەنراوەكە
بەداخەوە شەوی ڕابردوو،بۆ جارێکی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی زارگەلی (بناری قەندیل)یان بۆردومان کردەوە، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەشدا چەندین هاووڵاتی شەهید و برینداربوون. ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان ئەم ڕووداوە بە توندی ئیدانە دەکەین و هیچ پاساوێک بۆ ئەم بۆردومانانە بە ڕەوا نابینین، هیوادارین لەبری پەنابردن بۆ زمانی چەک و توندوتیژیی، حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکاران پەنا بەرنە بەر زمانی گفتوگۆو درێژەدان بە پڕۆسەی ئاشتی.
لەلایەکی تریشەوە ئیدانەی تەقاندنەوەی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لەناوچەی شڕناخ دەکەین، هیوادارین هیچ لایەنێک لەکاتی ململانێ سیاسی و سەربازییەکاندا پەنا نەباتە بەر زیانگەیاندن بە هۆکارەکانی بژێویی و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی دژواردا تێپەردەبێ، کە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی عیراقەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر بژێوی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی ئابوریی رەنگی داوەتەوە، تاکە هۆکاری دابینکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتە لەو ڕێگەیەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان.
دوبارە بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داوە لە پارتی کرێکارانی کوردستان و حکومەتی تورکیا دەکەین، درێژە بە پڕۆسەی ئاشتی بدەن و هەوڵی لێکگەیشتن و چارەسەری گرفتەکانیان بدەن، نەک پەنا بەرنە بەر زمانی توندوتیژیی و چارەسەری سەربازیی.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
1-8-2015