نوچەنێت.ههولێر:
وتەبێژی حكومەتی هەرێم، دانیشتوانى هەولێرو تەواوى هەرێمى کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە هیچ جۆرە مەترسیەکیان لەسەر نییە.
رۆژی هەینى 31/7/2015 کونسوڵگەرى گشتی ئەمریکا لە هەولێر لە ئاگادارکردنەوەیەکدا بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکی لە هەولێر، داوای لێکردوون بۆ ماوەی دوو رۆژ واتە هەینى و شەممە خۆیان لە شوێنە گشتیەکانی هەولێر بەدووربگرن بەهۆی بوونی هەڕەشەوە. داواشی لە هاووڵاتیانی کردووە لە هەموو جووڵە و گەشتەکانیاندا ئاگادارى خۆیان بن.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە كە لەم بارەیەوە سەفین دزەیى وتەبێژى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاندوە:کە ئەوان بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیان بە کونسوڵگەرى ئەمەریکا کردووەو داواى روونکردنەوەى زیاتریان لێکردوون، لە بەرامبەردا کونسوڵگەرى ئەمەریکا رایگەیاندووە کە ئەم جۆرە هۆشداریانە ناوە ناوە لە رێگەى باڵیۆزخانەو کونسوڵگەریەکانمان دەدەینە هاوڵاتیانمان بۆ ئەوەى ئاگادارى خۆیان بن و تەنها رێکارێکى رۆتینیە.
دزەیى رایگەیاند:کە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دڵنیادەکەینەوە هیچ جۆرە هەڕەشەو مەترسیەک لەسەر ژیانى ئەوان نییەو دەزگاکانى پۆلیس و ئاسایش بەوپەڕى چاوکراوەیى لەخزمەت ئارامى و سەقامگیرى هەولێرو تەواوى هەرێمى کوردستانن.
وتیشی:ئەو هۆشداریەى کونسوڵگەرى ئەمەریکا تەنها پەیوەستە بە هاوڵاتیانى خۆیان و بۆ ماوەى دوو رۆژ بووە. ئەمەش پابەندبوونى خۆیانە بە وەزارەتى دەرەوەو لەسەرتاسەرى دونیا ناوە ناوە ئەم جۆرە هۆشداریە دەدەن.