کۆشیار کوردستانی : مەملەکەتی کۆتا
لەسەردەمانی دوای مردن
زیندووبوونەوەی خۆمم بەدی ئەکرد
تاوێ خەمی پەرشیمانیم ئەنۆشی و
ئەمویست تەنها تاوێ
خۆم بگێرمەوە پێش ناشتنم
پێش کۆکردنەوەی جانتای دڵ
پێش ماڵئاوایی
پێش دەردی دابران و جودایی
ئەمێستا لەم گۆڕە تاریکەدا
لەم کۆشکی ترس و
بێ تۆییەدا
حەزەکەم جارێکی تر بەپێنوسەکەم
تەنیاییم بنوسمەوە
لەکۆڕیکی مەراقی پەرشیمانی
شیعرە ئەویندایەکان بخوێنمەوە
ئەمێستا زانیومە
تەنها گەڵای وەریو قەدری بەهار ئەزانێ
بەس ئەمجارە بگەرێمەوە
ئاوێتەی تۆ ببمەوە
نەک هەر بەهار
چوار وەرزە سەمات بۆ ئەکەم
ئەمێستا لێرە
جگە لە ئاوازی ترس
ئاوازێک نیە تۆم بیربخاتەوە
گۆرانییەک نیە بۆتی بڵێم
لێرە گڕ ئەگرم و
سوتانی خۆم ئەبینم
کەچی بیری یادگارییەکانیش
وەک دارنەشمیلەکانی بەهەشت
شنەی ئیشقتم بۆ دێنن
ئێستا لێرە
عەوداڵی هەواڵێکی تۆم
لەم جەنگەڵستانی ترسەدا
لەمەرگی خۆم
لەیادی تۆم …. لەیادی تۆم