نوچەنێت
گەرەنتی و گومانەکانی سەر رێکەوتنی ناوکی لە دوتوێی دیمانەی تایبەتی سەنتەری دێموکراسی، لە گەڵ د.سادق زیباکەلام مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە ئێران.
پاش دوازدە ساڵ موناقشە وکێشمەکێش، بێزاربوون و گەمارۆی ئابووری، گوشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و بە فیڕۆچوونی سامانی نەتەوەیی وڵاتی ئێران، کە تێچووەکەی لە سەرشانی خەڵکەکەی بوو، سەرئەنجام و بە رواڵەت بە ئەنجامیکی دڵخۆشکەر کۆتایی پێهات. بە جۆری کە هەندیک لە چاودێرانی سیاسی جەواد زەریفیان بە ئەمیرکەبیر و د.موسەدیق شوبهاند. سەرکۆڵان و شەقامەکان شایی و خۆشی خەلکی لە ئامێز گرت.
د.سادق زیباکەلام، کە بۆ ساڵانیکی دوورودرێژ یەک لەو کەسایەتیە ئاکادیمیانەی چالاک لە گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە، کە پێی وابوو درێژەدان بە پرۆژەی ناوکی هەڵەیەکی کوشندەیە، ئێستاکە پێی وایە کە سەرباری سەرجەم سیاسەتی چەوت و هەڵەی سیاسیەکانی ئێران، نابێ لە پاش رێکەوتن بە دوای تاوانباردا بگەڕێین، چون لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەم رێکەوتنە داهاتوویەکی گەش بۆ خەڵکانی ئێران مسۆگەر دەکات.
زیباکەلام لە وڵامی ئەم پرسیارە کە ئایا ئەمە رێکەوتنیکی تەواوە، یان تەنها رووداوێکی ئەرێنی یە؟ دەڵێ: ئێمە دەبێ بە رۆژان دانیشین و بیر لەوە بکەینەوە، کە پرۆژە و سیاسەتی ناوەکی چ قازانج و بەهایەکی بۆ ئەم وڵاتە هەبووە. ئیدی ئێستاکە دوژمنێک لە گۆرێدا نییەو دەکرێ زۆر واقعبینانە گەنگەشەیەکی ئەم رابردووە بکەین. دەستکەوتەکانی ئەم پرۆژەیە چ بوون؟ تێچوو و هەزینەی ئەم پرۆژەیە لە سەر کێ ساغ بووەوە؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیاری بنەڕەتین، کە تینووی وڵامن.
زیباکەلام، لە وڵامی پرسیاریکی دیکەی سەنتەری دیموکراسی، سەبارەت بە بەئەنجام گەیشتن و کردەیی بوونی وادەو بەڵێنەکانی روحانی دەڵێ: ئیستا دەوڵەت بیهەوێ یان نا، دەستی ئاوەڵاترە، بە تایبەتی کە ئێستا خەڵکی ئێران بە گشتیی وچینو و توێژی کەم داهات و خوێندەوار رووی لە زیاد بوونە. خواست و ویستی کۆمەڵگای مەدەنی بە نیسبەت کرانەوەی کەش وفەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی دیتە کایەوە.
بە نیسبەت دوارۆژی هەلومەرجی سیاسی وئەگەرەکانی بەردەم دۆخی ناوخۆی ئێران، زیباکەلام بەدڵنیاییەوە پێی وایە، کە دۆخی ناوخۆ ئاراستەیەکی خراپتر بە خۆوە ناگرێ، بە تایبەتی ئەگەر لە گەڵ فەزای سیاسی سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکۆماریی خولی پێشوو و بزووتنەوەی سەوز بەراورد بکرێت. کەش وهەوای سیاسی بە ئاراستەیەکی ئیجابی رێ دەکات، ئازادی چاپەمەنی دێتە ئاراوە، بەم پێیە ئێمە چاوەڕوانی رۆژانێکی باشتر و گەشتر دەکەین.
دەربارەی رادەی گەشبینی خۆی بەم رێکەوتنە و جێگیر بوون و بەردەوام بوونی بەم شێوەیە راو و بۆچوونی خۆی دەخاتە روو: پێم وابێ دوو لایەن بە مەبەستی گەرەنتی کردنی دەوام و قەوامی رێکەوتنەکە، کۆمەڵێک قەید و بەندی زۆریان داناوە. بە تایبەتی کە لایەنی رۆژئاوایی لە بەرامبەر پابەندنەبوونی ئێران بە خاڵەکانی رێکەوتننامەکە، قەید و مەرجی خۆی هەیە، هیچ روون نییە، رەنگە دوو ساڵی دیکە نەخایەنێت کە دەوڵەتێکی ئوسوڵگەرای توندڕەو بێتە دەسەڵاتەوە، هەر لەم رووەوە رۆژئاواییەکان بە شێوەیەک رێککەوتوون کە پێشیان بە هەموو رێگاکانی خۆدزینەوە لە ژێر ئیلتزاماتی رێکەوتنەکەیان گرتووە. جگە لە ئەمریکیەکان، پێنج وڵاتی دیکەش لە رێکەوتنەکە هاوبەشن. واتە شانبەشانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رۆڵی چاودێری خۆیان دەگێڕن.هەرچەند ئەمریکیەکان پێیان ناخۆش نابێت کە جگە لە کەیسی ناوکی، بپرژێنە سەر کۆمەڵێک کەیسی دیکە و لەم بارەوە بێ مەیل نین. بەڵام ئێستا لەوانەیە هەلومەرجەکە بۆ ئەم جۆرە لە تەعامولە لەبار نەبێ.
دەربارەی شوێندانەری ئەم رێکەوتنە و ئەودەلاقەی کە بەرەو رووی ئێران کراوەتەوە و سێبەری مەترسی هیرشی دەرەکی بۆ سەر ئەم وڵاتە کەم بۆتەوە، زیباکەلام رای وایە کە ئیستا دوای زیاتر لە سێ دەیە دژایەتی و ململانێی دوو لایەن، دەرفەتێکیش بۆ بەشێک لە حاکمیەتی ئەمریکا رەخساوە کە متمانە بە ئئێران بکەن و دەستی دۆستایەتی بۆ لای ئێران درێژ بکەنەوە. واتە هەمان ئەو رووداوەی کە سی وشەش ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەلجەزیرە رووی دا و لەودا ئەمریکیەکان لە سەردەمی ئیدارەی جیمی کارتێر دەستی دۆستایەتیان بەرەو ئێران درێژکردەوە، کە چی ئێران قبووڵی نەکرد و بە پێچەوانەوە باڵوێزخانەی ئەمریکایان لە تاران داگیر کرد وبەردی بناغە و ژێرخانی دژایەتیکردنی ئەمریکیەکانیان دانا.
زیباکەلام لە کۆتاییدا دەڵێ : لە سەر ئەو باوەڕەم کە بە پێچەوانەی ئەو ساڵانە، ئیستا ئیدی هیچ زەروورەتێک بۆ دژایەتی ئەمریکا و دروشمی مەرگ و نەمان بۆ ئەمریکا نابینمەوە. زۆرینەی خەڵکی ئێران و بەشێک لە لایەن و گرووپە سیاسیەکانیش ئیتر بیر لەو بابەتە ناکەنەوە، لە راستیدا ریکەوتنی ڤییەن دەتوانێ سەرەتایەک بیت، بۆ کۆتایی هێنان بە مەرگ و نەمان بۆ ئەمریکا.