سوننەکانی تاران ناڕەزاییان لێ بەرزبوەوە، چی لەمزگەوتەکەیان روویدا ؟

0
ئاسەواری نوێژخانە رووخاوەکەی سوننەکانی تاران

ئاسەواری نوێژخانە رووخاوەکەی سوننەکانی تاران

تاران،تەنها پایتەختی جیهانە کە سوننەکان مزگەوتیان نییە

نوچەنێت

رۆژی سێ شەممەی رابردوو، لە تارانی پایتەخت شوێنی نوێژخوێندنی ئەهلی سوننەی ئەم وڵاتە رووخێندرا، ئەم شوێنە کە بە نوێژخانەی پوونەک بەناوبانگە، پێشتریش لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەم وڵاتەوە داخرابوو. هەر ئەو کاتیش بە هۆی بەدواداجوون  و پێداگری مەولەوی عەبدولحەمید کەسایەتی ئایینی سوننە وکۆمەڵێک  کەسایەیەتی ناسراوی دیکە، ئەم نوێژخانەیە کرایەوە. لە کاتێکدا کە خەڵکی سوننەی پایتەختی ئێران مافی بوونی مزگەوتێکی تایبەت بە خۆیان نییە، ئەم نوێژخانەیەش تێک رووخێندرا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی سوننە ئۆنلاین، دوای جوونی ژمارەیەک لە هێزە ئەمنیەکان بۆ نوێژخانەی پوونەک و وەرگرتنی مۆبایلی “مولوی عبیداللە موسی زادە”ئیممای جەماعەتی نوێژخانەکە و پشکنینی ناوماڵی ناوبراو، دەیان کەس لە هێزەکانی شارەوانی بەئێکجاری شوێنەکەیان تێک رووخاندووە.

قەدەغەبوونی چێکردنی مزگەوت بۆ سوننەکان لە تارانی پایتەخت، بابەتێکی تازە نییە و بە درێژایی ٣٧ ساڵی رابردوو هیچ ئێعتراز وداواکاری و  بەدوداچوونێک بە ئەنجام نەگەیشتووە.مەولەوی عەبدولحەمید، ئیمام جومعەی ئەهلی سوننەی زاهیدان و یەکێ لە ناسراوترین کەسایەتیە کانی سوننەی ئێران، رۆژێ دوای رووخانی نوێژخانەکە، لە نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامی و هەروەها سەرۆکۆماری ئەم وڵاتە، بە نیسبەت ئەم کارەی هێزە ئەمنییەکان نارەزایەتی خۆی دەربڕیوەو  ونووسیویەتی:لە هەل و مەرجێکدا کە شەپۆلی رادیکاڵیزم، تەکفیر، دووبەرەکی  وتوندوتیژی جیهانی گرتووەتەوە و دونیای ئیسلام پێویستی بە هێمنی  و”سعە صدر”ە، خوشک و برایانی سوننە ئەو چاوەڕوانیەیان نەدەکرد. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە ، دەرفەتێک دەخاتە بەردەم دوژمنانی ئیسلام و توندڕەوەکان کە هەلەکە بقۆزنەوە  وخەڵکی سوننە نائومێد بکەن.

هەر وەها رووی قسەکانی کردووەتە روحانی و نووسیویەتی : تەحەمولنەکردنی نوێژخانەیەک و رووخاندنی لە شارێکدا کە ئەهلی سوننە مافی بوونی مزگەوتێکیان نییە و لە راستیدا داخوازی ٣٧ ساڵەی سوننەیە، تەنها بریندار کردنی هەستی کۆمەڵگای سوننەی ئێران نییە، بەڵکوو هەستی هەموو موسوڵمانانی جیهان بریندار دەکات.

حاسڵ داسە نوێنەری پێشووی پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران، لە وڵامی ئەم پرسیارە کە بۆ چی نوێژخانەکە رووخێندرا و بۆ سوننەکان لە تاران مافی بووونی مزگەوتێکیان نییە، دەڵێ:دەسەڵاتی ئێرانی ئەم بابەتە وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی وڵات چاو لێ دەکات. هەرچەند ئەمە بۆچوونی هەموو دەسەڵاتدارانی ئێرانی نییە. ئەم روانینە دەگەڕێتەوە بۆ بێ متمانەیی بە سوننە  و خەسارێکی گەوەرەشە بۆ وڵاتی ئێران. ناوبراو خوازیاری بە فەرمی ناسینی مافی سروشتی و سەرەتایی سوننەکانی ئێرانە ودەشڵێ: دەستپێشخەریەکە لە دەستی دەوڵەت و حکومەتدایە، ئەوان دەبێ هەنگاوی یەکەم هەڵگرن.ئەگەر بمانەوێ لە کۆمەڵگای ئیسلامدا قسەیەکمان بۆ وتن هەبێ دەبێ ئەم روانینانە ئیسلاح بکەین و مافەکانی سوننە بە فەرمی بناسین.

داسە وێڕای ئاماژە دان بە سەفەرەکەی  ئەم دواییانەی روحانی بۆ پارێزگای سنە، دەشڵێ:روحانی کە سەردانی سنەی کردبوو لەوێ پرسیاری ئەوەی لێکرا کە نوێنەری سوننەمان نییە، لە وڵامدا وتی هەمانە، بەڵام ئێمەی سوننە دڵنیایین کە نیمانە و ئەمەش هۆکاری ئێعتراز و نارەزایی سوننەیە، ئەگەر ئەم روانینە درێژەی هەبێ بێ گومان ئایندەیەکی روون بەدی ناکرێ، و دەبێ ئەم روانینە بگۆڕدرێ.

د.جەلال جەلالیزادەش نوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئێران، لەو بارەوە رای وایە کە: ئەمە بابەتێکی ناخۆش و ئاڵۆزە، خەڵکی ئێران بە هەر باوەر  وئایینێکەوە لە کوێ بن، دەبێ بە بێ جیاوازی مافی یەکسانیان هەبێ. بۆ دەبێ ئەهلی سوننە مزگەوتێکی تایبەت بە خۆیان نەبێ؟ نە دژ بە یاسایە نە دژ بە بەرژەوەندی گشتییە.

جەلالیزادە لە درێژەدا دەڵێ : ئەو هەمووە ئیدەعای وەحدەت  ویەکگرتووی دەکرێ، دروشمی یەکگرتووی سەردەدەن، ئیدەعای بەرگری لە مەزڵوومان  ومافی موسوڵمانان لە هەموو شوینێکی ئەم جیهانە دەکرێ، بەڵام سەرەتاییترین مافەکان بە ئەهلی سوننەی ئێران رەوا نابیندرێ. بەرپرسان دەبێ بە خۆیاندا بێنەوە و بە نیسبەت نوێژکردنی سوننەکان حەساسیەت لە خۆیان نیشان نەدەن. بە هیچ شێوەیەک ئەم حەساسیەتە پاساو هەڵناگرێ، ئێمە کە ئیدەعا دەکەین ئایینی ئیسلام پێشکەوتووترین، دێموکراکترین وکامڵترین ئایینی جیهانە، دەبی مافی سوننە، جوولەکە، مەسێحی و زەردەشتییەکان لە بەرچاو بگرین. سوننەکان لە ١٥ پارێزگای ئەم وڵاتە نیشتەجێن، لەهەندێکیاندا زۆرینەن، لە هەندێکیاندا نیوە بە نیوەن، هەر ئێرانییەک دەبێ وەکوو مرۆڤ، وەک هاووڵاتی و وەک هاونیشتمانییەک مافی بێ ئەم لاو و ئەولای خۆی هەبێ، خۆ لە وڵاتانی دیکەوە نەهاتوون.

بە وتەی جەلالیزادە، تاران تەنها پایتەختە لە جیهاندا کە خەلکی سوننە مزگەوتیان نییە. خەڵکی سوننەی ئەم وڵاتە هیچ ئیدەعایەکی نییە، تەنها دەیانەوی لەم وڵاتە بەشدار بن، لەم وڵاتە خەڵکانی وا دەبیندرێن کە بۆ ئەم ئاو و خاکە شەهیدیان داوە، کە چی پەڕیوەی هەندەرانن، چون لە ئێراندا هیچ مافێکیان پێ رەوا نەبینراوە. لە ئایندەدا مێژوو لە سەر ئەم وڵاتە قەزاوەت دەکات، وڵاتێک کە لە پایتەختەکەیدا، خەڵکە سوننەکەی مافی مزگەوتێکیان نییە. بە راستی لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، بوونی مزگەوتێکی سوننە چ مەترسییەک بۆ سەر ئارامی ئەم وڵاتە دێنێتە ئاراوە؟ لێرە ئیدەعا دەکرێ کە دینی ئیسلام هەناردەی هەموو جیهان دەکەن کە چی  سوننەکان ئیزنی ئەوەمان نییە کە لە تاران پێکەوە نوێژ بکەین.

جەلالیزادە لە  وڵامی ئەم پرسیارە کە تا وەکوو ئێستا ئەنجامی داواکاری و بەدواداچوونەکانتان بە کوێ گەیشتووە؟ دەڵێ: هیچ وڵام  و دەرەبنجامێکی بە دواوە نەبووە. تەنها کەسێک کە وڵامی داوینەتەوە ئایەتوڵڵا مونتەزیری بووە. مخابن لە وڵاتێکدا کە ئیدەعای”ام القری”بوون دەکات موسوڵمانێکی سوننە ناتوانێ لە پایتەختەکەیدا نوێژی تێدا بکات. سوننەکان ناتوانن بە پێی بیروباوەڕی خۆیان هەڵسوکەوت  وتەعامول بکەن. کەناڵی تەلەفزیۆنی پارێزگای سنە کە پارێزگایەکی سوننەیە، بانگی شیعەکان بڵاو دەکاتەوە واتە دوو شێوە بانگی تێدا دەدرێ، چۆن دەبێ چاوەڕێ بین کە لە تاران مزگەوتێکمان هەبێت؟ من لە جیاتی حکومەت شەرمەزارم، خەجاڵەتی دەکێشم کە بۆ دەبێ وابێ؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com