ڕابەر ژیلوان : هێندەی دووریت دڵم تەنگە
دڵم هێندەی دووریت تەنگە
چۆن پێو بێژم تا بڕواکەی.؟
برینی قوڵی سەر جەستەم
بە هەر حاڵێ ،
ئەمما گرێی سەر ئەم دڵەم
بۆچ بەدیدارێ ـ وا ـ نــاکەی.؟
دووریت جۆرە مردنێکە
هاکا لە زارم هاتە دەر
بە هــاوارەو پێو بێژم:
مردن گەلێ لام خۆشترە
لە دووری و ئێش و دەردی سەر
من لە دووریت شەڕ بە خەڵک و
دارد و دیواریش ئەفرۆشم.
تەنانەت بە خودی خۆشم.
جارێ وەرەو خۆت ببینە و
بزانە من
بە نیگایەکی سەرپێیش
چەن دڵخۆشم.
ئەگەر بینیت ئەو دڵخۆشی و
جۆش و خرۆشی ئەم دڵەم
بڕوا ناکەم بۆجارێ تر
ڕێگە بەخۆو بدەی ژینم
بدەیتە دەست قەدەرێ تر