نوچه‌نێت: تایبه‌ت
وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له په‌ڕله‌مانی كوردستان، له باره‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆرییه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا، رایگه‌یاند، ئه‌و كاره خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه و نه‌ته‌وه‌یی بوونی په‌كه‌كه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، په‌رله‌مانتارێكی تری پارتیش رایگه‌یاند، په‌كه‌كه كار بۆ لێدان له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
دكتۆر محه‌مه‌د عه‌لی یاسین، وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان تاقه پێگه‌ی باوه‌ڕپێكراوی نێوده‌وڵه‌تییه و ئێستا گه‌یشتووته ئاستێك كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، وتیشی: “ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆرییه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، كه به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی بخاته ئه‌ستۆی خۆی، نه‌ته‌وه‌یی بوونی ئه‌و حیزبه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه”.
وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیواخواز بوو كه ئه‌وه دواین كاری له‌و جۆره بێت، كه پارتی كرێكارانی كوردستان په‌نای بۆ ببات، چونكه وه‌ك ئه‌و وتی: “ئه‌م كاره خیانه‌تێكی گه‌وره‌یه”.
له لایه‌كی تره‌وه فه‌رحان جه‌وهه‌ر ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له په‌ڕله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆرییه نه‌وتییه‌كانی مه‌حكوم كرد، چونكه وه‌ك ئه‌و وتی: “ئه‌وه لێدانه له به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌م بۆریه نه‌وته تاكه سه‌رچاوه‌یه بۆ دابین كردنی داهاتی خه‌ڵكی كوردستانه و ئەم كاره‌ی پەكە‌كه‌ش ده‌بێته هۆی ناوزراندنی خۆیان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی”.
ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ی پارتی وتیشی: “په‌كه‌كه كار بۆ لێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، هه‌ر بونیان له‌م سنورانه هۆكاری راكیشانی سوپای توركیا بوو بۆ ناوخاكی هه‌رێمی كوردستان و بۆردومان كردنیان، كه به‌هۆیه‌وه هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان توشی زیان بوون، ئه‌مڕۆش ده‌ستیان بۆ كارێكی زۆر مه‌ترسیدار برد، ئه‌ویش ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆرییه نه‌وته بوو كه ئێمه به‌سه‌رچاوه‌ی داهاتی هه‌رێمی ده‌زانین”.