ئیمارات بۆ بارزانی:لە هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند،ولاته‌كه‌ی لە هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/7/2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە حەسەن ئەحمەد ئەلشحی باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارێكدا باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و سەرسامیی خۆیشی بەرامبەر پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لەی هەموو بوارەكاندا و بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا سەربارەی ئەو گرفتانەی دروست بوون، بەڵام هەرێمی كوردستان بە سیاسەت و سەركردایەتیی حەكیمانەی خۆی توانیویەتی سەركەوتنی باش لە هەموو بوارەكاندا بەدەست بهێنێت. باسی لەوەش كرد كە ئیمارات بایەخێكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و زیاتر بەهێزكردنیان دەدات و سەرمایەدارانی ئیماراتی هان دەدەن بۆئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن“.

ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”باڵیۆزی نوێی ئیمارات هەروەها دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرباری ئەو بارە قورسە داراییەی لەسەر شانیەتی، توانیویانە باوەش بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران لە هەموو پێكهاتەكان بكەن و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكەن و ئامادەییی وڵاتەكەشی بۆ كەمكردنەوەی ئەو بارە قورسەی سەر شانی حكوومەتی هەرێم بە ناردنی بەردەوامی هاوكاری، پیشان دا“.

لەبەرانبەریشدا” نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی و هەڵوێستی باڵیۆز و حكوومەت و خەڵكی ئیماراتی كرد كە توانیویانە پەیوەندییەكی باش لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست بكەن و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ بەهاناوەچوونی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. جەختی لەوەش كردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتی ئیمارات دەكات و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ پێشوازیكردن لە سەرمایەدارانی ئیمارات و پێشكەشكردنی كارئاسانی، دەربڕی“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”نێچیرڤان بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێز باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق لە كارەكانی خواست و خوازیاری ئەوەش بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیمارات لە هەموو بوارەكاندا زیاتر تۆكمە و بەهێز بكرێن. هەروەك سوپاسی بەڕێز كونسڵی ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كرد كە لە ماوەی دەسبەكاربوونی توانیویەتی پەیوەندییەكی باش و تۆكمە لەگەڵ دەامودەزگا حكوومییەكان و كۆمەڵگەی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی دروست بكات و پردێكی بەهێزی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئیمارات بێت“.

ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”باسكردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەوڵێر و بەغدا لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەمبارەیەشەوە باڵیۆزی ئیمارات لە عێراق هیوای خواست كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com