نوچەنێت.ههولێر:
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ وەزیری دارایی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد تاتوێدەكات و هەردولا تەئكید لە پێویستی چارەسەركردنی كێشەكان دەكەنەوە،بڕیارە بەمزوانەش وەفدێكی باڵای هەرێم بگاتە بەغداد.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی ئارام شێخ محمەد لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (نوچەنێت) نێردراوە ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ،29/7/2015 جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری بەغدا پێشوازیكرد لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق.
لەدیدارێكدا، كێشەكانی هەولێر و بەغداو قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان خرایە بەرباس، لەوبارەیەوە، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند: مانگی ڕابردوو هەرێمی كوردستان 4 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی لە سۆمۆوە ڕەوانەكردووە، لەبەرامبەردا بەغدا 166 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێم كردووە، وتیشی: هەوڵێك هەبوو بەغدا هیچ بڕە پارەیەك نەنێرێت، بۆیە گرنگە هەرێم بەردەوامبێت لەڕەوانەكردنی نەوت لەڕێی سۆمۆوە، باسی لەوەشكرد، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان 579 هەزار بەرمیل نەوتی لەڕێی سۆمۆوە ڕەوانەكردووە، كە ئەوە هەنگاوێكی باشە.
لای خۆیەوە، ئارام شێخ محەمەد، ڕایگەیاند: گرنگە ئەمجارە كەوەفدی هەرێم دێتەوە بەغدا، بەرچاوی ڕونبێت و بۆ ئەوە بێت كۆتایی بەكێشەكانی خەڵكی كوردستان بێنێت، وتیشی: ئێمە پێمانوایە، گەر ئیرادە هەبێت بۆ گەیشتنە ڕێكەوتن، ئەوا دەكرێت ڕێكەوتنەكەی پێشوو هەموار بكرێتەوە، یاخود ڕێكەوتنێكی تازە و بەپەلە ئەنجامبدرێت، هەر لەو دیدارەدا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرسیاری پارەی گەنمی جوتیارانی لەوەزیری دارایی عێراق كردوو و داوای لێكرد هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ ناردنی پارەی جوتیاران كە ئێستا بەشێكی زۆریان پارەی گەنمی ساڵی پاریان وەرنەگرتووە و گەنمی ئەمساڵیشیان تەسلیمكردووە.