توركیا: بە گرنگییەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكەین

0

وچەنێت.هه‌ولێر:

جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لەكۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم رایگەیاند،كە وڵاتەكەی بە گرنگییەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و بە فاكتەری سەقامگیری و بووژانەوە و پێشكەوتنی ناوچەكەی دەزانێت و بەردەوامیش دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵی.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”ئەمرۆ چوارشەممە 29ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەریدوون سینێرلی جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دواپێشهاتە سیاسییەكان و هەورەها شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ و تێیدا وەزیری دەرەوەی توركیا وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی هەستیاری ناوچەكە باسی لە بڕیاری دەوڵەتی توركیا و ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئەمەریكا كرد بۆ بەشداربوون لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و بارزانیی لە وردەكارییەكانی ئەم ڕێككەوتنە ئاگادار كردەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەیشی بەوەدا كە ئامانجی توركیا لەم بڕیارە شكاندنی تیرۆریستانی داعش و گەڕاندنەوەی خەڵكی ئاوارە بۆ ناوچەكانیان و گەیاندنی هاوكاریی مرۆییە بۆ ئاوارەكان“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لەدرێژەی قسەكانیدا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕایگەیاند كە توركیا بە گرنگییەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و بە فاكتەری سەقامگیری و بووژانەوە و پێشكەوتنی ناوچەكەی دەزانێت و بەردەوامیش دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”فەریدوون سینێرلی لەبارەی بارگرژییەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكەیش ئەوەی بە بارزانی ڕاگەیاند كە لە توركیا بوار بۆ هەموو لایەك كراوەیە بۆ ئەوەی بەشداری پڕۆسەی سیاسی بن ئەویش لەسەر بنەما و پێوەرە دیموكراتییەكان و دوور لە مەنتقی چەك و، ئەوەیان مەرجی سەرەكی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتییە و وڵاتەكەی پابەندی ئەم بنەمایەیە“.

لەبەرانبەریشدا”بارزانی تیشكی خستە سەر مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش كە هەڕەشەن بۆ سەر هەموو لایەك و ئەركی هەموو لایەكە بەشدار بن لە شەڕكردن لەدژی تیرۆریستانی داعش و ئەو شەڕەش دەبێ هەمەلایەنە بێت و تەنیا شەڕی سەربازی نەبێت بەڵكو پێویستە شەڕی فكری و ئابووریی داعشیش بكرێت. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بە بڕیاری دەوڵەتی توركیا بۆ بەشداربوون لە شەڕی دژی داعش كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر یەكلاییبوونەوەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەبێت. پەیوەست بە بارگرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە،بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان شەڕ و توندوتیژی بە ڕێگەیەكی گونجاو نازانێ و هانی هەر دوولا دەدات كە بگەڕێنەوە سەر بنەماكانی پڕۆسەی ئاشتی و دانوساندن و، سوود لە كرانەوە و پڕۆسەی سیاسی وەربگرن“.

لەم دیدارەدا د.فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com