نوچەنێت.ههولێر:
نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران رایدەگەێنێت،ئەو شەوەی داعش پەلاماری كوردستان،بە تایبەتی هەولێری دا، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگای فڕۆكەخانەی هەولێرەوە چەك و یارمەتیی سەربازی نارد.
نازم دەباغ،نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران لە بارەی رێككەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 ئەوە ناشارێتەوە كە ترسیش هەیە كورد ببێتەوە قوربانیی رێككەوتن و ململانێی نێودەوڵەتی،ئەو بە (رووداو)ی راگەیاندوە”ترسم هەیە لەوەی ئاشتەوایی ناوچەكە جارێكی دیكە لەسەر حسابی كورد بێتە كایەوە، جاری پێشوو شای ئێران و سەدام حوسێن بوو، لەوانەیە ئەمجارە كەسانێكی دیكە بیكەن، بۆیە دەبێت كورد زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم باردۆخە تازەیەی دوای واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە بكات”.
رۆژی 26/7/2015 حەسەن رووحانی، سەرۆك كۆماری ئێران، سەردانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانی كرد، لەوێ گوتی “ئەگەر ئێران نەبووایە ئێستا هەولێر و بەغدا لە دەستی تیرۆرستاندا بوون”.
سەبارەت بە قسەكەی رووحانی، نازم دەباغ وتی “ئەو شەوەی داعش پەلاماری كوردستان، بە تایبەتی هەولێری دا، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگای فڕۆكەخانەی هەولێرەوە چەك و یارمەتیی سەربازی نارد. نامەكەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ حەسەن رووحانی، بەڵگەی ئەو یارمەتییە گرنگەی ئێران بوو، چونكە لەگەڵ خولەكەكانی یەكەمی پەیوەندی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە یارمەتی و كۆمەكی سەربازی گەیشت و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە”.
نازم دەباغ ئەو قسانە رەتدەكاتەوە كە ئێران بە ناڕاستەوخۆ سیاسەتی شكاندنی بارزانی هەبێت و دەڵێ “ئەو قسانە دوورن لە راستی، لە هیچ بەرپرسێكی ئێرانی دژایەتی جەنابی كاك مەسعودم نەبیستووە، ئەگەر بشزانم سیاسەتێكی وا هەیە، وەكو كوردێك قبووڵی ناكەم”.
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران كە هاوكات یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی یەكێتی و كەسێكی متمانەپێكراوی تاڵەبانی بووە دەڵێ “ئەو خێرو بێرەی یەكێتی لە ئێران هەیبووە پارتیش هەیبووە، بەڵام بە حوكمی جوگرافیاو بوونی سنوورێكی بەرفراوانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لەگەڵ ئێران ئەوە زیاتر رەنگی دابێتەوە ئەگەرنا یارمەتییە سەربازییەكانی ئێران لە بەرەكانی گوڵاڵە و سەعدیە و تاوەكو شنگال و كەركووك و زوممار بووە”.