نوچەنێت.ههولێر:
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی كوتلە كوردستانیەكان تەئكید لەوە دەكەنەوە لەگەڵ كوتلەكانی تری پەرلەمان گفتوگۆ بكەن سەبارەت بەو پرۆژە یاسایانەی ئامادەكراون بۆ خوێندنەوەی یەكەم تا رەچاوی پاراستنی مافەكانی كوردیان تێدا بكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (28-7-2015) ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی كوتلە كوردییەكان كۆبونەوە سەبارەت بەو پرۆژە یاسایانەی لە پەرلەمان ئامادەكراون بۆ خوێندنەوەی یەكەم و هەندێكیان پەیوەندیان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە بەتایبەت پرۆژە یاسای (دادگای فیدراڵی و پاسەوانی نیشتمانی).
لە كۆبونەوەكەدا ئەوە خرایەڕو، سەبارەت بەو دو پرۆژە یاسایانە لەگەڵ كوتلەكانی تری ناو ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ بكرێت بە مەبەستی زەمانەتكردنی مافەكانی كورد تێیاندا.
هاوكات جەخت لە داڕشتنەوەی ئەو پرۆژە یاسایانە كرایەوە لەناو لیژنەكاندا كە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراون بۆئەوەی لەماوەی دو هەفتەدا ئەو ناكۆكیانەی لەسەریان دروست دەبێت چارەسەر بكرێن.
تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە تایبەت بو بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداو لەو چوارچێوەیەشدا پێشنیاری ئەوە كرا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی كوتلە كوردییەكان سەردانی سەركردایەتی لایەنەكان بكەن لە هەرێمی كوردستان و پێكەوە تاوتوێی دوا پەرەسەندنەكانی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكەن.