نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆکی پەرلەمان، لە كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدێكی یەكێتی رایگەیاند،لەم خولەدا فراکسیۆنەکان گەیشتوونەتە سازان و ئەو یاسایانەیان پەسەندکردوە، سەبارەت بە پرسە گەرمەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانیش فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەتوانن بگەنە سازان.
ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ دوو شەممە، ٢٧-٧-٢٠١٥ د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، پێشوازی کرد لە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لەکۆبوونەوەیەکەدا، کە بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئامادەبوو، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی دەستخۆشی لەهەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد لەسەر پرسە جیاوازەکان و هیوای خواست هەمو فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان پێکەوە ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنن، چونکە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و دەروبەرمان ئەوەمان لێدەخوازێت پێکەوە بین و هەوڵی لێکنزیکبوونەوەی زیاتر بدەین و جیاوازییە حیزبییەکانمان وەلا بنێین“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە” یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندوە:فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام لە گفتوگۆ و دیالۆگدا لەسەر پرسە جیاوازەکانی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، پێشتریش چەندین پرسی جیاواز هەبووە کە لە خولەکانی پێشوودا نەتوانراوە یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام لەم خولەدا فراکسیۆنەکان گەیشتوونەتە سازان و ئەو یاسایانەیان پەسەندکردوە، سەبارەت بە پرسە گەرمەکانی ئێستای هەرێمی کوردستانیش فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەتوانن بگەنە سازان“.