هیوا رەمەزان : مەگەر تۆ منی ؟

0

هیوا رەمەزان : مەگەر تۆ منی ؟

مرۆڤەکان بە دوای خۆیاندا دەگەرێن من بە دوای تۆ بۆ مەگەر تۆ منی ؟
ئەترسم
ئەترسم تەمەنم بەشی چاوەروانیت نەکا
ئەترسم لە ژێر بارانی خەیالت بە قەترەیەکیش تەرم نەکەی دە قەینا ببە بە بارانی بەهار کە نازانرێ کەی و تا کەی دەبارێ ئەگەرهەر نا ببە بە بۆنی پێش باران من ئیدی ئەگەر ئەویشم بەرکەوێ تەر کراوم تەر
ئەترسم لەوەی کە هەموو شەوێک تۆ ئەخوێنمەوە نەگەم بە ناوەراستی تۆش
کەس هێندەی تۆ لە من نزیک نیە کەچی لە هەر هەمووان دورتری
وەرە فیکەیەک لە کۆلانی تەنهای شەوی پر حەسرەتم لێبدە با هوشیار ببمەوە چونکە بێ تۆ من من نیم بۆ مەگەر تۆ منی ؟
تۆ .. تۆ وەک دەفتەری مەشقی مندالیم پری لە خەت خەتی سەیر
وەک شعرەکانی جەمال پری لە هێما
وەک سەرکردە پری لە دەستهەلات
وەک من پر پری لە خۆت
مەگەر تۆ منی لەگەل هەر هەنگاوێکی دەست لە گیرفانی ئێوارانم دەنگی تەقە تەقی قۆندرەی تۆ دێت
ئاهێک …ئا‌ه کەی ئەو تەقە تەقانە لەگەل ئۆکێسترای هاتنت ئاوازی روحم دەژەنن
قەینا تۆ مێ بەلام بە بەندە مەلێ نیشتیمان بەسەر مەکەرەوە
بیرم دێ
بیرم دێ کوختیم نەدەناسی بەیانیەک لەبەر پەنجەرە داماوەکەم بینیم تۆ بە کۆلاندا تێئەپەری کوختیش بۆی ئەخوێندی ئێستاش هەم دەنگی کوختی هەم پەنجەرەکام خۆشدەوێ هاورێمن هاورێ
بیرم دێ پایز چەند رۆژانێکی کەم بوون بۆ فراندنی کۆلارە دراوەکەی مندالیم ئێستاش سەرتاپای سال پایزە و دلم فراندۆتە ئاسمانی تۆ
خۆ نالێم خۆزگەم بە مندالی دەلێم خۆزگەم بە خۆم واتە تۆ
بێلە بتکەم بە دوو پێک هەلیان دەم یێکیان بە خۆشی تۆ ئەویتریان بە خۆشی خۆم واتا تۆ
وەک جەمال غەمبار لە تەواوی نوسینەکانم ناوم نەهێناوی تۆ دزێکی بە تاوانی بێ ئەوەی خۆت بتەوێ دلت دزیم دە ئەها ناوم نەهێناوی
نازانم ئەوە تۆ منی ؟ یا من خۆم نیم ؟
بەلام خۆمم بوم دە خۆمم بدەرەوە واتا خۆتم پێبدە
بێلە ببم بە گولەبەرۆژە فرۆشی جاران کە بە کۆلانەکان دەسورایەوە ئەو بۆ نانی سک و من بۆ نیگات هەر نەبێ جارێک لێم بکری تەنها جارێک بۆ ئەوەی بە نیگایەکی نزیکت روحم ئاو بدەی ئاخر وشکە سالی خۆشەویستیت قر و قاتی بۆ هێناوم دە ببەوە باران دەلێن باران رەحمەتە دە ببەوە بە رەحمەت
زیاتر لە خۆم لە خەوەکانی پر لە خەیالاویم تەشریف داری. . . بۆ مەگەر تۆ منی ؟
ناوی تۆ دەهێنن من ئاور دەدەمەوە … بۆ مەگەر تۆ منی؟
خۆزگە من مێژوو بام تا تۆ بنوسمەوە
تا تۆ بکەمە پالەوانی ئەو جەنگەی منی تێکەوتم
من کوێری چاوەروانی تۆم کەچی ئاوێنەت بۆ کردووم بە دیاری
دەی قەینا بە کوێریش لە ئاوێنە تۆ دەبینم . . . بۆ مەگەر تۆ منی ؟
بەدوای خۆم دا دەگەرێم تۆ ئەدۆزمەوە …مەگەر تۆ منی؟؟؟؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com