نوچەنێت:
باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لەعیراق ئاشكرای كرد،یەكێتی ئەوروپا بڕی 90 ملیۆن یۆرۆی تەرخانكردوە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان لەعیراقداو لەو بڕە 25% ی بۆ ئاوارەكانی كەركوك دیاری كراوە.
ئەمڕۆ د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك پێشوازیكرد لەهەریەك لە كریستوس ستایلیانیدس راسپێردراوی ئەوروپی بۆ هاوكارییە مرۆییەكان و ئیدارەی قەیرانەكان و خاتوو یانا هیباشكوفا باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق و وەفدی یاوەریان.
لە كۆبونەوەكەدا پارێزگاری كەركوك تیشكی خستەسەر دۆسیەی ئاوارەكان و رایگەیاند: شاری كەركوك پێشوازیكردوە لە زیاتر لە 500 هەزار ئاوارەو هەموو خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابینكردون وێڕای ئەوەی خوێندنگاكان و پەیمانگاكانی كەركوكیش 60 هەزار خوێندكاری ئاوارەیان لە خۆ گرتوە بۆ تەواوكردنی خوێندنیان و توانی لقی زانكۆكانی موسڵ و تكریت لەكەركوك بكاتەوە بۆ خوێندكارە ئاوارەكان سەرەڕای كەمی هاوكاری حكومەتی ئیتیتحادی لەم دۆسییەداو سەرفنەكردنی شایستە داراییەكانی شاری كەركوك و نەبوونی پلانێكی گونجاو بۆ گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازاد كراوەكانیان.
وتیشی:ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان فشاری خستۆتە سەر خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان لە شارەكەداو سەرەڕای ئەوەش خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەبا لە شاری كەركوكدا زۆر باشترە بە بەراورد لەگەڵ شارەكانی تردا.
لای خۆیەوە كریستوس ستایلیانیدس راسپێردراوی ئەوروپی بۆ هاوكارییە مرۆییەكان و ئیدارەی قەیرانەكان بەڵێنیدا لەڕێگای یەكێتی ئەوروپاوە ئەو فشارە كەمبكەنەوە كە كەوتۆتە سەر ئیدارەی شاری كەركوك و لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی كار بكەن لەپێناو دانانی میكانیزمێك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان كە ئازاد كراون.
هەروەها یانا هیباشكوفا باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لەعیراق رونیكردەوە: یەكێتی ئەوروپا بڕی 90 ملیۆن یۆرۆی تەرخانكردوە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان لەعیراقداو لەو بڕە 25% ی بۆ ئاوارەكانی كەركوك دیاری كراوە.