بیلال سلێمان ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی هۆشداری دەداتە دەسەڵات
“تەنها بەفوويەك ئاگرەكە دەرئەكەوێتەوە”
هەڵپەساردنی دانیشتەنەکان جۆرێكه لەخۆپیشاندان
نوچەنێت/ تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بە نوچەنێتی راگەیاند، هەڵپەساردنی کۆبونەوەکان ئەگەرچی درەنگ وەخت بوو، بەڵام لەجێی خۆیدا بوو و هۆشداریش دەداتە دەسەڵات، کە هەوڵی کوژاندنەوەی پشکۆکانی ژێر خۆڵەمێشەکە بدات، نەک شاردنەوەیان.
بیلال سلێمان ئەندامی سەرکردایەتی و پەڕلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەڕلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت لەبارەی کۆبونەوە پێنج قۆڵییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن وتی”من پێم وایه هەڵپەساردنی دانیشتنەكان زۆر لەشوێنی خۆی بوو، ئەگەرچی هەندێ درەنگ وەخت بوو، چونكه دەبوو داواكاری خۆپیشاندەران بەتایبەت داواكارییە هەنوكەییەكان، هەر دوای دانیشتنی یەكەمی پێنج قۆڵی جێبەجێ بكرانایه، نەك مماتەله كردن به دانیشتنەكان بکرێت و بەردەوام پێشێلكاری یاسایی بکرێت لەلایەن حكومەتەوە، به تایبەت فشار خستەنسەرو گرتنی ئەوانەی بەشداریانكردوه لەخۆپیشاندان، یا خود پشتیوانی خۆپیشاندانەكانیان كردووە، هەروەها بەشێوەی جیاجیا كەسانی دەمامكدراو و نەناسراو هەوڵی هەڵكوتانە سەر چالاكوانان و هەوڵی تیرۆركردنیان دەدەن، ئەوەش دوای دانیشتنەكانی ئۆپۆزسیۆن و لایەنی حوكمڕان”.
لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی خەڵک و ئۆپۆزسیۆن ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت”من پێم باش نیە لەئێستادا خۆپیشاندان دەست پێبكاتەوە، چونكه خۆپیشاندان هۆكارە نەك ئامانج
كەواتە پێویستە خۆپیشاندان وەك هۆكار هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت، ئەوەش دروستە بۆ ئەوانەی خۆپیشاندان ئەكەن و ئەوانەش خۆیان بەمقابل خۆپیشاندان ئەزانن یاخود خۆپیشاندانیان لە دژ ئەكرێت”.
هەڵپەساردنی دانیشتنەکانیشی وا ناوبرد کە ئەویش”جۆرێكه لەخۆپیشاندان، بەو مانایەی ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بەدەسەڵات بڵێت من ناڕازیم و مماگەلە بەسه. وەدیارە هۆكاری دواخستنی چاكسازیەكانیش ئەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵات، چونكە ئەوە دەسەڵاتە دەبێت چاكسازی بكات”.
لەبارەی ئەگەرەکانی گرژبونەوەی دۆخی کوردستانیش بیلال سلێمان هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت”ئەو وەزعە وەك ئەوە وایە مەجەڵێك پڕ لە ئاو خرابێتە سەرئاگر بەڵام دیارە لەگەڵ رویشتنی كات، مەنجەڵەكە زیاتر ئەكوڵێت و یا وەك ئەو پولوانەی “پشکۆ” لێدێت كەخۆڵەمێش سەری داپۆشیوەو تەنها بەفوویەك ئاگرەكە دەرئەكەوێتەوە، دواجاریش نازانین كەچۆن ئاگرەكە خامۆش بكەین، ئەگەر بتوانین خامۆشیشی بكەین لەوانەیە دوای زیانێكی زۆر بێت بۆیە هیوادارم دەسەڵات هەوڵ بدات بەخامۆشكردنی پولوەكان”پشکۆکان” نەك شاردنەوەی لەهاوڵاتیان
ئەوەش بەوەئەكرێت كەچاكسازی خێراو بەپەلە ئەنجام بدەن و خۆیان بەخاوەنی هەموو هاونیشتیمانیان بزانن”.
