سكرتێری پەڕلەمانی كوردستان: ئەگەر پارتی بەشداری كۆبوونەوەكان نەكات، قەیرانێكی تر لە كوردستان درووست دەبێت.
نوچەنێت: تایبەت
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، سبەی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان و ەرۆكی فراكسیۆنەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم سازدەكرێت، بەڵام وەك ئەو وتی: “ئەگەر فراكسیۆنی پارتی بەشداری نەكەن، ئەوا قەیرانێكی تر لە هەرێمی كوردستان درووست دەبێت و قەیرانەكەیش دەگوازرێتەوە بۆ پەڕلەمان”.
فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت، رایگەیاند، رۆژی دوو شەممە رێككەوتی (27/7/2015) كاتژمێر (11:00)ی پێش نیوەڕۆ، سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان و سەرۆكی سەرجەم فراكسیۆنەكان و ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەڕلەمان كۆ دەبنەوە، بۆ گفتوگۆ كردن لە بارەی چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، وتیشی: “پێشتر چوار پرۆژە یاسا خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە، پێویستە پارتیش بێتە سەر خەت و لە نزیكەوە قسەی یاسایی خۆی بكات، چونكە چوار پارتی سیاسی نەخشە رێگەی خۆیان ناردووە، بۆیە پێویستە پارتیش لە رێی فراكسیۆنەكەیەوە، قسەی خۆی و نەخشە رێی خۆی بنێرێت”.
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە هەركاتێك سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داوای كۆبوونەوەی كردبێت، فراكسیۆنەكان ئامادەبوون، لە بارەی ئەگەری بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی كە رۆژی وو شەمەیش وتی: “پێویستە فراكسیۆنەكانی پەڕلەمان رێز لە سەرۆكایەتی پەڕلەمانەكەی خۆیان بگرن، ئەگەر پارتی ئامادە نەبێت بەشداری كۆبوونەوەكەی ئێمە بكات، ئەوە قەیرانێكی تر درووست دەبێت لە هەرێمی كوردستان و قەیرانەكە دەهێننە ناو پەڕلەمانی كوردستان، كە ئومێد دەكەم شت وەها نەبێت، چونكە ئەم پرسە بە بایكۆت كردن و دابڕان و قسەی خۆ سەپاندن چارەسەر نابێت، بۆیە هیوادارم لەسەر پرسێكی ئاوا پەرلەمانتارانی كوردستان تەواوكاری یەكتبر بن، چونكە ناكرێت لەسەر كێشەیەك لێك داببڕێین و هەر یەكەمان بچینە دۆڵێك”.