نوچەنێت.هەولێر:
جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی پەیامێکی لە بارەی بۆردومانەكانی تورکیاوە بۆ سەربارەگاكانی پەكەكە بڵاوكردوەتەوەو رایگەیاندوە،پێویستە گەلانی کورد و تورک و عەرەب و ئیران ھاوکار بن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مرۆڤکوژانی داعش.
د.بەرھەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک،پەیامێکی لە بارەی بۆردومانەكانی تورکیاوە بۆ سەربارەگاكانی پەكەكە بڵاوكردوەتەوەو رایگەیاندووە: لە کاتێکدا پێویستە ئەم ھێرشانەی تورکیا ڕابگیرێت، ھیوادارین (پکک) بە پشووی شۆرشگیرانەوە دانبەخۆیدا بگرێت، و ھەروەھا (ئاکپارتی) و (ھەدەپ) برەو بدەن بە پرۆسەی ئاشتی و بوارنەدەن شەڕەنگێزان ناوچەکە بەرەو کارەسات و وێرانی بەرن.
دەقی پەیامەکەی بەرھەم ساڵح:
لێدانی بنکەکانی (پەکەکە) مایەی نیگەرانیە و کارێکی ناڕەوایە و پێچەوانەی بەرنامەی ئاشتی و چارەسەری دیمکراسیە. کێشەی ڕەوای گەلی کوردستان بە سەلماندنی ماف و بە ڕێگەی ئاشتی چارەسەر دەکرێت. ھەرگیزاوھەرگیز چەک و زەبروزەنگ ئیرادەی ئازادیخوازی گەلی کوردستانی پێ لەناونابرێت. ئەمڕۆ، لە بری ئەم شەڕ و تەنگژەیە، پێویستە گەلانی کورد و تورک و عەرەب و ئیران ھاوکار بن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مرۆڤکوژانی داعش.
لە کاتێکدا پێویستە ئەم ھێرشانەی تورکیا ڕابگیرێت، ھیوادارین (پکک) بە پشووی شۆرشگیرانەوە دانبەخۆیدا بگرێت، و ھەروەھا (ئاکپارتی) و (ھەدەپ) برەو بدەن بە پرۆسەی ئاشتی و بوارنەدەن شەڕەنگێزان ناوچەکە بەرەو کارەسات و وێرانی بەرن.
لەم سەردەمە ئاڵۆزە، لە دووڕیانی گۆڕانکاریەکانی ڕۆژھەڵات و ڕیزبەندی نوێی ھێزەکان، بۆ ڕێگری لە پیلانی دووبارەکردنەوەی مێژووی چەوسانەوە و نەھامەتیمان، پێویستمان بە بەکریزی گەلی کوردستان، و ھاوکاری گەلانی ناوچەکەیە، بۆ ڕووبەرووبونەوەی شەڕەنگێزی و بۆ پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیمکراسی و دابینکردنی مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کوردستان.
ئەم ڕووداوانە زەنگە بۆ ئەگەر و مەترسیەکانی ئێستا و داھاتوومان، ئاماژەیە بۆ ھەوڵی بەربەستکردنی ھەڵکشانی بزاڤی دیمکراسی و ئازادیخوازی کورد. لە ڕووی ئەم پیلان و ھەڕەشانە، بە دۆخی ئالۆزکاوی سیاسی و ناکۆکیەکانی ناوخۆمانەوە، بەم بارگرانی قەیرانی ئابووریەوە، ئەرکەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان و پشتیوانی نەتەوەیی سەخت و دژوارترە. بۆیە پێویستە قەیرانی ئەمڕۆی حوکمڕانی کوردستان چارەسەر بکەین بە چاکسازی و ڕێکخستەوەی نێو ماڵی خۆمان و بە چەسپاندنی دیمکراسی و دادپەروەری، و بە یەکخستنی ھەڵویست و تواناکان لە ڕووی ھەڕەشەکانی ئەمنی قەومی کوردستان.