نوچەنێت-ئاژانسەكان
دوای شەڕێكی دیبلۆماسیی درێژخایەن، توركیا نەیتوانی پشتیوانیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بەدەستبێنێ بۆ درووستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەناو سوریادا، بەڵام وا دیارە ئیدی توركیا هەنگاوە كردەییەكانی بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئامانجە دەستپێكرد بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ناوچە ئارامەكەی ئەمجارە دوای داگیرساندنی گڵۆپی سەوزی ئەمریكی دێت، دوای ئەوەی توركیا بنكەی ئەنچەرلیكی خستە خزمەتی فڕۆكە ئەمریكییەكان.
وەك لە نەخشەكەدا دیارە ناوچەكە دەكەوێتە نێوان هەردوو كانتۆنی عەفرین و كۆبانی. درێژییەكەی 90 كیلۆمەتر و پانییەكەی 50 كیلۆمەترە. لە رۆژهەڵاتەوە شاری جەرابلوس و لە رۆژئاواوە شاری مارع لەخۆدەگرێ.
توركیا بە درووستكردنی ئەم ناوچە ئارامە چەند ئامانجێك دەپێكێت:
1-بەشێوەیەكی نیمچە یاسایی خۆی دەخزێنێتە نێو ململانێكانی سوریا، كە توركیا بە چارەنوسسازی دەبینێ بۆ ئاییندەی خۆی.
2-دەتوانێت ئاوارە سورییەكان لەنێو خاكی توركیاوە بۆ ئەو ناوچەیە بگوازێتەوە و بەوەش مەترسییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆكانی ئەو ئاوارانە لەخۆی دووربخاتەوە.
3-رێگە دەگرێت لەوەی كانتۆنی كۆبانی و عەفرین یەكبگرن و پەكەكە هەرێمێكی یەكگرتووی بەهێز پێكبێنێت. ئەوەبوو بە كۆنترۆڵكردنی ناوچەی گرێسپی پەكەكە توانی كانتۆنی جەزیرە و كۆبانی پێكەوە ببەستێتەوە و پلانی هەبوو لە هەنگاوی داهاتوودا بە كۆنترۆڵكردنی جەرابلوس و مارع هەردوو كانتۆنی كۆبانی و عەفرینیش پێكەوە ببەستێتەوە بەوەش هەر سێ كانتۆنەكە پێكەوە ببەستێتەوە.
4- پاراستنی ناوچە سنوورییەكانی توركیا، چونكە ئەگەر رۆژێك توركیا رووبەڕووی شەڕ ببێتەوە لەگەڵ لایەنەكانی سوریا، ئەوا شەڕەكە لەناو خاكی سوریا دەبێت و ئاسان ناگاتە نێو توركیا.
5-رێگاگرتن لە فڕۆكە سورییەكان لەوەی بیانەوێ ئاسمانی توركیا ببەزێنن.
6-پاراستنی سوپای سوریای ئازاد و جێگیركردنی ناوچەیەكی گەرانتیكراو بۆیان، توركیا لە زیاتر لە روویەكەوە دەتوانێت لە گفتوگۆكانی دوای روخانی ئەسەد ئەو ناوچە ئارامە وەك كارت بەكاربهێنێت.
