نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێكى مەکتەبى سیاسى یەکێتى دەڵێت،حیزبەكەی لەماوەیەکى نزیکدا لەبارەى هێرشى تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانى پاراستنى میدیا کۆبوونەویەک ئەنجام دەدات و هەڵوێستێکى روون نیشان دەدات.
سەعدى ئەحمەد پیرە ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى لەبارەى هێرشى فرۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانى پاراستنى میدیا بەرۆژنیوزى راگەیاندوە”بەهەر هۆکارێک بێت،ئەم هێرشانە ناڕەوان و پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت. ئەو هێرشانە بەواتاى خۆدزینەوەیە لە پرۆسەى ئاشتى.ئەو هێرشانە کێشە سیاسی و ئابوورییەکانى تورکیا چارەسەر ناکات، کێشەى کوردیش چارەسەر ناکات. ئێمە هەموو ئەو هێرشە سەربازیانە شەرمەزار دەکەین”.
وتیشی”ئەوە پەشیمان بوونەوەیە لەوەى رێگەیان دا کورد وەک لیستێک بەشدارى هەڵبژاردن بکات،لەجیاتى ئەوەى هێرش بکەنە سەر قەندیل و بارەگاکانى پەکەکە،دەبێت دەست بە دیالۆگ بکەن و لەدژى داعش هێرش دەستپێبکەن”.
هەروەها دەربارەى هەڵویستى پارت و لایەنە سیاسییەکانى کوردستانیش ، سەعدى ئەحمەد پیرە وتى”دەبێت هەموویان لەبەرامبەرى بوەستنەوە. دەبێت هەموو ناکۆکییەکانى خۆیان بەلاوە بنێنن و ئەو هێرشانە شەرمەزار بکەن.”
سەعدى ئەحمەد پیرە لەبارەی هەڵویستى فەرمى یەکێتى وتى”ئێمە لەسەر ئەو مژارە لەماوەیەکى نزیکدا کۆدەبینەوە و راوەستەى لەسەر دەکەین، مەکتەبى سیاسى یەکێتى لەسەر ئەو مەسەلەیە کۆدەبێتەوە و هەڵوێستێکى روون نیشان دەدات. بەڵام ئێمە هەموو جۆرە هێرشێک لەدژى کێشە سیاسییەکان شەرمەزار دەکەین”.
ئەندامەكەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى تەئکیدى کردەوە کە دەبێت تورکیا کۆتایی بە هێرشەکانى لەدژى خاکى باشوورى کوردستان بهێنێت.