سەلیم جەمال : چرا
ژوور تاریک
پەردەم هەڵدایەوە
شەقام تاریک
تەنانەت مانگیش
ئاسۆی خۆی ون کردبو
ئەوشەو لە ئاسمان
چرایەکم بینی
چرای ماڵی هاوسێمان
داڵغەم لێی دابو
بە داڵغەییش مامەوە
“فینچ”ی نێو لانەکەیشم
خۆی بە سەرنجم هەڵواسیبو
لە نێو سەرنجو داڵغەدا
منی بە ئاگا هێنایەوە
کچ، كچی هاوسێمانم بینی
ئەویش لە دوا ئێستگەی خەیاڵی
بە چڕی ڕوخساری منی ئەنۆڕی!
داڵغەی لێداو
بە داڵغەییش مایەوە
بۆم بو بە ئەستێرەی شەوانە
ژوورەکەمی ڕوناک ئەکردەوە
ئیتر ئەم سەرنجو داڵغانەمان
یەکیان گرتو پێکەوە لکان
بون بە پردێک
بۆ گوزەرگەمان!
كچ، کچی هاوسێمان..