نوچەنێت.ههولێر:
وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لەكۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی كوردستان و یارمەتیدانی پێشمەرگە و دابینكردنی چەك و پێداویستییە سەربازییەكان دووپاتكردەوە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی 24ـی 7ـی 2015 لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئاشتن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سوپا و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا وەزیری بەگریی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ بارزانی نیشاندا و سوپاسی ئەو هەماهەنگی و كارە هاوبەشەی كرد كە لە نێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەدا هەیە و بە كارێكی نموونەیی و سەركەوتووی وەسف كرد و هەروەها سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بە ئازایەتی و لێهاتوویی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردنی ئەم شەڕە. وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریكردنی كوردستان و یارمەتیدانی پێشمەرگە و دابینكردنی چەك و پێداویستییە سەربازییەكان دووپاتكردەوە و هاوپەیمانێتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكای بە هاوبەشییەكی مەزن بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە ناوچەكە لەقەڵەم دا“.
لەبەرانبەریشدا”بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بوونە و ئەوەی خستەڕوو كە بە كاری هاوبەش توانیمان سەركەوتنی مەزن بەدەست بهێنین، هەروەها ڕەزامەندیی خۆیشی لە ئاستی هەماهەنگیی نێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە نیشاندا كە زۆر دەقیق و ورد بووە بە جۆرێك كە تا ئێستا هیچ زیانێك بە خەڵكی سڤیل نەگەییشتووە. لە درێژەی قسەكانیدا بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر شەڕی تیرۆریستان و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ئێمە جێگەی شانازییە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی جیهان شەڕی تیرۆر دەكات و لەگەڵ ئەوەیش ئەو شەڕە تەنیا شەڕی لایەنێك نییە لەگەڵ تیرۆر، بەڵكو شەڕی هەموو لایەكە. بۆیە بەكاری هاوبەش و پێكەوەیی دەكرێ ئەنجام و سەركەوتنی زۆر باش بەدەست بهێنرێت“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چۆنییەتی بەرزكردنەوەی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە كرا و پلانی ئازادكردنی شاری موسڵ و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ. پەیوەست بە پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ بارزانی ئاماژەی بە قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ دا و ئەوەی دووپاتكردەوە كە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دیموگرافی موسڵ پێویستە دڵنیاییەكی تەواو بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی موسڵ بدرێت كە چیتر تووشی كارەسات و نەهامەتی نابنەوە و ماف و داواكارییەكانیان مسۆگەر دەكرێن. لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە سووریا بارزانی هێمای بەوەدا كە لە دژایەتیكردنی تیرۆردا بارودۆخی عێراق و سووریا بەیەكەوە بەستراوە و پێویستە لە هەر دوو شوێن تیرۆریستان تێكبشكێندرێن و لەناو ببردرێن. لە ئاستی ناوچەییشدا سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان باسكرد كە نابێ هیچ لایەك تیرۆر وەك كارتی سیاسی لەدژی لایەنەكانی دی بەكار بەهێنێت چونكە دواجار ئاگر و زیانەكانی تیرۆر بەر خۆی دەكەوێتەوە“.
لەم دیدارەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزراەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەكە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لە دەفتەری پڕۆتۆكۆڵی سەرۆكایەتیی هەرێم یادداشتێكی نووسی كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بۆ سەرۆك بارزانی و هاوكارەكانی
لەگەڵ شانازییەكی گەورە بۆ لێهاتوویی و ئازایەتیی پێشمەرگە و حیكمەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، دۆستایەتیی لەگەڵ ئەمەریكا.
ئێمە بەهیوای بەردەوامبوونی ئەو هاوبەشییەمانین لە ئاییندەدا.
ئاشتن كارتەر
وەزیری بەرگریی ئەمەریكا