نوچه‌نێت: تایبه‌ت
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی رایگه‌یاند، باشترین نه‌رمی نوندنیان ئه‌وه‌یه، كه رێ بده‌ن خه‌ڵك خۆیان سه‌رۆكی خۆیان هه‌ڵبژێرن، وتیشی: “مه‌رج نییه گۆڕان له هه‌ر شوێنێك زۆرینه‌یه‌كی پێكهێنا، ئیتر یاساكانی وڵات به زه‌وقی ئه‌وان ده‌ربچن”.
عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، باشترین نه‌رمی نواندن كه لایه‌نه‌كان له به‌رانبه‌ر گه‌لی كوردستان بینوێنن ئه‌وه‌یه، كه رێ به خه‌ڵك بده‌ن، خۆیان سه‌رۆكی خۆیان هه‌ڵبژێن، وتیشی: “جاری پێشووتر سه‌رۆك بارزانی له په‌ڕله‌مان دانرا, گۆڕان و ئه‌و حیزبانه‌ی تر ده‌یان تیۆریان ده‌هێنا و له رێی ئه‌و خه‌ڵكانه‌یانه‌وه كه خۆیان پێ فه‌یله‌سوفه, ده‌هاتنه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و خوێندنه‌وه‌یان بۆ ده‌كرد، چۆن ده‌بێت سه‌رۆك كه ره‌هه‌ندێكی نیشتیمانی هه‌یه و گرێدراوه به‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌وه، به مه‌بده‌ئی زۆرینه كه یه‌كێتی و پارتی زۆرینه‌ی په‌ڕله‌مانن سه‌رۆك دیاری بكه‌ن، له كاتێكدا سه‌رۆك گرێدراوی ژیانی هه‌موو خه‌ڵكه، ده‌بێت خه‌ڵك هه‌ڵیبژێرێت”.
ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ی پارتی وه‌ڵامی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا, كه پێداگیری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له په‌ڕله‌مان ده‌كه‌ن، وتی: “خۆ قه‌ول نیه گۆڕان له هه‌ر جێیه‌ك به قوه‌ت بوو داوای ئه‌و شوێنه بكات بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، جاران كه گۆران له په‌ڕله‌مان نه‌بوو، خه‌ڵك وایان ده‌زانی كه كه‌مال میراوده‌لی ده‌رده‌چێت، ئێستا كه ده‌زانن ناتوانن له هه‌ڵبژاردن ده‌ری بچێنن ده‌ڵێن با بێته په‌ڕله‌مان، بۆیه قه‌ول نیه له هه‌ر جێیه‌ك ئه‌كسه‌رییه‌تێكیان پێكهێنا ئیتر یاساكانی ئه‌م وڵاته به زه‌وقی ئه‌وان به‌ڕێوه بچێت”.
ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی، لێدوانه‌كه‌ی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ردی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، كه وتبووی ئه‌وان په‌له‌یان نییه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، به نیشانه‌ی خۆ به به‌رپرس نه‌زانین ناو برد، چونكه وه‌ك ئه‌و وتی: “ده‌بێت پارتیش و یه‌كێتیش و هه‌موو لایه‌نه‌كان په‌له‌یان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌تانه، ده‌بێت كێشه‌كانی خۆمان له كاتی خۆیدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی گرفتاری تر نه‌بین”.
وتیشی: “به‌ڵام باشترین نه‌رمی نواندن كه پارتیش و حیزبه‌كان له به‌رانبه‌ر گه‌لی كوردستان بینوێنن ئه‌وه‌یه، كه ماف به گه‌لی كوردستان بده‌ن خۆیان سه‌رۆكی خۆیان هه‌ڵبژێرن، ئیتر گه‌ل ئازاد بێت كه بارزانی یان كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی كه فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت هه‌ڵیده‌بژێرن، ئه‌وه خه‌ڵكه بڕیار ده‌دات”.