نوچەنێت-دۆیچەڤیللە
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەركۆنەی ئەو هەموو سزای لەسێدارەدانە دەكات كە لە ئێران جێبەجێدەكرێن، هەروەك هێرشدەكاتە سەر دادگاكانی ئێران كە بە بیانووی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەكانەوە بڕیاری كوشتنی خەڵكیی دەدەن بێئەوەی ئەو بڕیارانەیان هیچ لەو بازرگانییانە كەمبكاتەوە.
رێكخراوەكە دەڵێت شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ زۆربوونێكی بێوێنەی بەخۆوە دیوە لە ژمارەی حاڵەتەكانی لەسێدارەدان، بەجۆرێك ناوەڕاستی مانگی یەك تا ناوەڕاستی تەمموز 694 هاوڵاتی لەسێدارە دراون. واتە رۆژانە سێ كەس لە ئێران لەسێدارە دەدرێن.
لێبوردنی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات تاوەكوو كۆتایی ئەمساڵ ژمارەی ئەو كەسانەی لەسێدارەدراون لە هەزار كەس تێپەڕ ببن.
رێكخراوەكە فەرمانەكانی دادگای ئێران بە شەرمهاوەر و بێسەروبەر ناودەبات و دەڵێت ساڵانێكە بە بیانووی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەكان فەرمانی لەسێدارەدانی خەڵكی ئێران دەردەكات، كەچی هێندەی گەردە تۆزێك كاری نەكردۆتە سەر رەوتی ئەو بازرگانییە.
رێكخراوەكە دەڵێت ئێران تەنیا دان بە یەك لە سێی حاڵەتەكانی لەسێدارەدان ەنێ، بۆ نموونە ساڵی پار 743 كەسی لەدارداوە، كەچی نێوەندە فەرمییەكانی ئێران دەڵێن ژمارەكە 289 كەسە.