نوچەنێت: تایبەت
وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، یەپەگە هێزێكە رۆژئاوای كوردستان دەپارێزێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ناسراوە، بۆیە بێجگە لەوان رێگە بە هیچ هێزێكی تری كوردی نادەن كە بیانەوێت بچنە رۆژئاوای كوردستان.
دەمهات عەگید وتەبێژی كەجەكە لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت راگەیاند، هەر هێزێكی كوردی بیەوێت بچێتە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان، دەبێت بچێتە ناو ئەو سیستەمەی كە یەپەگە دایناوە و لە ژێر فەرماندەیی ئەواندا بێت، بێجگە لەوەیش رێگە بە هیچ هێزێكی تری كوردی نادرێت بچنە ئەو بەشەی كوردستان.
وتەبێژی كەجەكە وتی: “ئێمە ئەزموونی باشورمان لە بەرچاوە كە دوو هێزی پێشمەرگە و دوو حكومەت و دوو ئاسایش هەن و هەموو دامودەزگاكانی تریش بوون بە دوو بەشەوە، بۆیە ئێمە رێگە نادەین ئەو ئەزموونە لە رۆژئاوای كوردستان دووبارە ببێتەوە”.
وتەبێژی كەجەكە هۆشداری بە پارتی دیموكراتی كوردستان ا و وتی: “پارتی ئەگەر بیەوێت ئەمری واقیع بچەسپێنێت و پێشمەرگە بنێرێتە رۆژئاوای كوردستان، ئەوە دەبێتە هۆی درووستبوونی كێشەی گەورە، چونكە ئەگەر یەپەگە پێویستی بە هێزی پێشمەرگە بێت، بە داوای فەرمی داوا دەكات، بەڵام ئەگەر پێویشتی پێی نەبێت و خۆی داوای هێز نەكات، ئەوا ئێمە رێگە نادەین كە هیچ لایەنێك ئەمری واقیع لە رۆژئاوا بچەسپێنێت”.