نوچەنیت- ئەلجەزیرە
ناوەندە فەرمییەكانی ئیسرائیل هەرەشەی ئەوە لە واشنتن دەكەن كە دەبێت ئەمریكا دان بە باڵادەستی ئیسرائیلدا بنێت لە جۆلان ، لە بەرامبەر ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ ئێران ئەنجامیداوە و ئیسرائیلی نیگەرانكردووە.
ناوەندە فەرمی و نافەرمییەكان لە ئیسرائیل داوای گرێبەستیكی ستراتیژی دەكەن لەگەڵ ئەمریكا بۆ قەرەبوو كردنەوەی رێكەوتننامەكەی لەگەڵ ئێران بەجۆرێك لەو گرێبەستەدا دەبێت ئەمریكا دان بە باڵادەستی ئیسرائیلدا بنێت لە جۆلان و وەك بەشێك لە ئیسرائیل دانی پێدابنێت.
گەلعاد ئەردان ، وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل بەدووری نازانێت ئەمریكا رازی بێت بەو داواكارییەی ئیسرائیل وەك بەشێك لە قەرەبوو كردنەوەی لە بەرامبەر رێككەوتنامەی ئەمریكا لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
ئەردان دەڵێت :” ئیسرائیل بە قەرەبوو كردنەوەی تاكتیكی رازی نابێت وەك فرۆكە و هەلیكۆپتەر ، بەڵكو داوای قەرەبوو كردنەوەی ستراتیژی دەكات كە لە ئاستی ئەو هەڕەشانەدا بێت كە لەم رێككەوتنامەیەوە بەرهەم دین”.
ئەو پێی وایە كە دانوستانەكانی قەرەبوو كردنەوە لەگەڵ واشنتن پێویستە لەبارەی بابەتی گرنگی وەك بەرزاییەكانی جۆلانەوە بن نەك هاوكاری سەربازی ، بە سەرنجدان لەو پەرەسەندنانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن.
دكتۆر جای بخوری رۆژهەڵاتناس لە نووسینێكدا لە رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی دەڵێت جۆلان بەربەستێكی بەهێزە لە بەرامبەر هێرشی گروپە ئیسلامییەكانی سوریا ، هەروەها دەڵێت ئەگەر پێشووتر ئیسرائیل وازی لە جۆلان بهێنایە، ئێستا چۆن سنورەكانی خۆی لە بەرامبەر هێزە توندڕەوەكان بپاراستایە.
بخور دەشڵێت بە شەرعی كردنی داگیر كردنی جۆلان گرنگە لە ململانێكانی ئیسرائیلدا لەگەڵ ئێران ، لەبەر ئەوەی ئێران بەردەوام هەژموونی لە ناوچەكەدا زیاد دەبێت بە تایبەتی لە هیلالی شیعیدا كە لە عێراق و سوریا و لوبنان پێكهاتوە ، ئەمەش مانای زیاد بوونی ململانێكانی ئێرانە لە بەرامبەر ئیسرائیل.
بەڵام شیكەرەوەیەكی سەربازی ئەمریكی روونیدەكاتەوە كە ” رێككەوتنی قەرەبوو كردنەوە” ی ئیسرائیل لە بەرامبەر رێككەوتنی ئەمریكا-ئێران هاوكاری سەربازی دەگرێتەوە كە نرخەكەی یەك ملیار دۆلارە.
رون بن یشای شیكەرەوەی سەربازی ئەمریكی دەڵێت ” گرێبەستەكە پێكدیت لە بۆمب و موشەكی زیرەك و چەكی پێشكەوتووی تر ، تەنها ئەوە ماوە كۆنگرێس پەسەندی بكات”.