سەرۆک کۆماری کڕواتیا: بەردەوام دەبین لە پشتگیری کردنی هەرێمی کوردستان

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆک کۆماری کڕواتیا رایدەگەێنێت كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیری کردنی هەرێمی کوردستان لە شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش.

ماڵپەڕی پەیوەندیەکانى دەرەوه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”بەر لە گەڕانەوەی لە ڤیەننا بۆهەرێمی کوردستان لە دوایین وێستگەی سەردانەکەیان بۆ کڕواتیا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت چاوی کەوت بە خاتوو کۆلیندا گاربەر کیتراوۆڤیچ سەرۆک کۆماری کڕواتیا“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا فەلاح مستەفا سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ ئەو دەرفەتە و سڵاو وڕێزی سەرۆکی هەرێم و سەرکردایەتی سیاسی کوردستانی پێ ڕاگەیاندن و سوپاسی کۆماری کڕواتیای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش پشتگیری لە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە لە ڕووی ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی“.

ماڵپەڕی پەیوەندیەکان ئەوەی خستۆتەڕوو کە”دواتر بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە پوختەیەکی دەربارەی مێژوو و قۆناغەکانی پەرەسەندنی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی سیاسی و سەربازی و مرۆیی ئەمڕۆی پێشکەش بە بەڕێزیان کرد کە ئێستا لە بەرەکانی شەڕ دژی تیرۆریستان بە درێژای 1050 کم و نزیکەی 1,8 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین و پێویستیان بە هاوکاری زیاتر هەیە“.

لەبەرانبەریشدا”خاتوو کۆلیندا گاربەر کیتراوۆڤیچ سەرۆک کۆماری کڕواتیا ئەوەی خستەڕوو کە کڕواتیا تێگەیشتنی هەیە بۆ ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە و پابەندبوونی بەردەوامی ووڵاتەکەی دووپات کردەوە لە پشتگیری کردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەی ڕەوشی ئێستای عێراق و ناوچەکە. هەروەها هەردوولا کۆک بوون لەسەر پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کڕواتیا و هاوکاری و هەماهەنگی لەو بوارانەی کە جێگەی بایەخی نێوان هەردوولایە“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com