نوچەنێت.ههولێر:
لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات هەرێمی كوردستان سێ پاڵاوگەی نەوتی لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم دادەمەزرێنێت كە هەریەكەیان رۆژانە توانای پاڵاوتنی بڕی 50 هەزار بەرمیلیان هەیە و بەدروستكردنی ئەو سێ پاڵاوگەیەش 10 هەزار كەس دەكەونە سەر كار.
بڕیاردەری لێژنەی پێشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان رۆزا مەحموود لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پلانێكی لەبەردەستدایە بۆ دروستكردنی سێ پاڵاوگەی نەوت لە هەرێمی كوردستان كە لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم دادەمەزرێن و مەبەست لێی كەمكردنەوەی قەیرانی سووتەمەنییە بە پلەی یەكەم.
رۆزا مەحموود وتی”ئەو سێ پاڵاوگەیە لە هەریەك لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دادەمەزرێنرێن و توانای پاڵاوتنی هەریەكێكیان رۆژانە 50 هەزار بەرمیل دەبێت لەسەرەتا و دواتر ئەو بڕە بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە، پاڵاوگەكانیش بەپێی رێنمایی نوێ دادەمەزرێن”.
ئاماژەی بۆ ئەوە دامەزراندنی ئەو پاڵاوگانە قەیرانی سووتەمەنی كەم دەكاتەوە و وێڕای ئەوەش ئیدی حكوومەتی هەرێم بڕی 17 دۆلار بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلە نەوتێك بە كۆمپانیاكان نادات بەوەش ساڵانە ملیۆنەها دۆلار بۆ گەنجینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە.
سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی د.غالب محەمەد عەلی كە دكتۆرای لە شیكاری وزە هەیە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی دروستكردنی ئەو پاڵاوگانەوە وتی”دروستكردنی پاڵاوگە لەم كاتەدا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر پێویستە بەهۆی ئەوەی بۆ سەربەخۆیی ئابووری گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت، جگە لەوەش كێشە و قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە بەتەواوەتی و رەنگە نەشیهێڵت، ئەوە سەرباری ئەوەی ئەو پاڵاوگانە نزیكەی 10 هەزار كەس دەخاتە گەڕ و دەیانخاتە سەر ئیش”.