نوچەنێت.ههولێر:
یەکێتی و گۆڕان پڕۆژەیەکی نوێ لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە ئامادەدەکەن و ڕەوانەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرکردایەتی گۆڕانی دەکەن، بەرپرسێکی گۆڕانیش دەڵێت،چاوەڕوانی یەکێتین.
لەبارەی ئەو پڕۆژە نوێیەوە نزار مەحمود باژێڕوانی مەکۆی ھەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان به SNN ڕایگەیاندوه: لەگەڵ یەکێتیی پڕۆژەیەکی نوێیان لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاو پۆستەکانی ھەڵەبجەوە ئامادەکردووەو ھەردوولاشیان لەسەری کۆکبوون، دواتر ڕەوانەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی و سەرکردایەتی گۆڕانیان کرد.
وتیشی:”ئاگاداری یەکێتیی نیم وەڵامیان داوەتەوە یان نا، بەڵام من لەلایەن سەرووی خۆمەوە بانگکرام و بەوردی گفتوگۆمان لەسەر ئەو پڕۆژەیە کردووە، بەڵام چەند تێبینییەکیان لەسەر پڕۆژەکە ھەبوو، بۆیە دەبێت جارێکی تر لەگەڵ یەکێتی دابنیشین بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەو تێبینییانە بکەین”.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشەوە وتی:”لەو پڕۆژە نوێیەدا ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە ھەر ٢٥ کورسییەکەیە،بەڵام پێویستە بەگوێرەی ڕێژەی دەنگ دابەشبکرێن و چۆنێتی دابەشکردنی پۆستی بەڕێوەبەرایەتییەکانیش دیاریکراوە”.
لەلایەکی تریشەوە ئەحمەد قەدەفەری جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی بهههمان سایتی راگهیاندوه”بەھۆی پشووی ڕۆژانی جەژنەوە،تائێستا لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە وەڵامی پڕۆژەکەمان نەدراوەتەوە، بەڵام چاوەڕواندەکەین ئەمڕۆو سبەی وەڵاممان بدرێتەوەو جارێکی تر لەگەڵ گۆڕان دابنیشین”.