بۆچی داوای سیستەمێکی شکستخواردوو دەکەن ؟

0

نوچەنێت

زۆربەى لايەنەكانى كوردستان جگە لەپارتى، ئێستا بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن کەسيستەمى حوكمڕانى لەكوردستان دەبێت پەڕلەمانى بێت، بۆ ئەو داواکارییەش جگە لەهۆکارێکی سەرەکی کەدژایەتیکردنی پارتییە، لایەنە سیاسییەکان چەند پاساوێک دەخەنەڕوو، لەوانە:

  • سیستەمی پەڕلەمانی فریادڕەسێک دەبێ بۆ رێگری لەدروستبوونی دیکتاتۆریەت لەکوردستان.
  • عێراق سيستەمى دەسەلاَتەكەى پەڕلەمانييەو ئێمەش مادام سەر بەعێراقيين، دەبێت هاوشێوەى ئەوان بين، ئەگينا لەڕووى دەستوورييەوە تەناقوزێك روودەدات.

لێرەدا قسەکردن لەسەر ئەوەی، کەهۆکارە سەرەکییەکە دژ وەستانەوەی پارتییە جێ دەهێڵێن بۆ خودی ئەو حزبە قسەی لەسەر بکات، بۆیە قسە لەسەر ئەو پاساوانە دەکەین، کەلایەنە سیاسییەکانی دیکەی دەرەوەی پارتی بۆ پێداگرییان لەسەر سیستەمی پەڕلەمانی دەیخەنەڕوو، خوێندنەوەیەک بۆ ئەو دۆخە دەکەین کەسیستەمی پەڕلەمانی لەو وڵاتانەدا دروستیکردووە، و ئەوان دەیانەوێ وەک نمونەیەک کوردستان کەڵکیان لێ ببێنێ.

وەک لایەنە سیاسییەکان دەڵێن سیستەمی عێراق سیستەمێکی پەڕلەمانییە، و دەبێ کوردستانیش چاو لەو بکات، بەڵام خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی عێراق ئەو پاساوە بێ مانا دەکات و پێمان دەڵێت، کە خودی ئەو لایەنانەش تەنها بۆ رێگری لە سیستەمی سەرۆکایەتی، کە ئەوان بەویستی پارتی دەزانن، باسی عێراق دەکەن و دەیانەوێ بەبەستنەوەی عێراق بەکوردستانەوە لەڕووی قانونییەوە رێگە لەو ویستە بگرن کەدەیەوێ لەکوردستان سیستەمێکی نیمچە سەرۆکایەتی بوونی هەبێ، ئەگەرنا خودی خۆشیان لایان ڕوونە ئەو سیستەمە پەڕلەمانییەی عێراق کەئەوان دەیکەنە نمونە بۆ کوردستان، نەک رێگەی لەدروستبوونی دیکتاتۆر نەگرتووە، بەڵکو چەندین دیکتاتۆری هێناوەتە سەر عەرشی سیاسی عێراق.

مالیکی دیارترین بەرهەمی سیستەمی پەڕلەمانی عێراق بوو، کە بێ گوێدانە هیچ یاساو بەندێکی دەستوری، کۆنترۆڵی نەوت و سوپاس و حکومی عێراقی کردبوو، هەمووشمان بینیمان لەبەکارهێنانی هەریەک لەو دەسەڵاتانەدا بۆ هیچ بەندێکی یاسایی نەدەگەڕایەوە، هەر کێشەو رێگرییەکیش بۆ هەنگاوەکانی دروست بوایە، زۆرینەی پەڕلەمانیی بەکار دەهێناو لەپەڕلەمان بەربەستەکانی بەردەم خۆی، یان هەوڵەکانی رێگری لەسیاستەکانی شکست پێ دەهێنا، لەدواجاریشدا بەتەدەخولی گەورەی ئێران و ئەمریکا و وێرانتربوونی عێراق لەکورسیەکەی بەشێوەیەکی شکڵی دوورکەوتۆتەوە، تائێستاش لەودیووی پەردەوە زۆربەی بڕیارەکان هەر لای خۆیەتی.

ئەوە جگە لەوەش کەهەتا ئێستا ئەو سیستەمی پەڕلەمانییەی عێراق کەهەوڵ دەدرێت بکرێتە نمونە بۆ کوردستان، لەدەرەوەی تەوافقاتی سیاسی نەیتوانیووە بچوکترین کەیس یەکلایی بکاتەوە و بۆ هەموو پرسەکان پەنای بردۆتەوە بەر بارەگای سیاسی حزبە سیاسییەکان، بۆ تەوافقاتی سیاسی.

لەم ناوچەیەدا ئەوە تەنها عێراق نییە کە سیستەمە پەڕلەمانییەکەی جگە لەماندوێتی بۆ میللەت و ئاڵۆزی سیاسی هیچی تری بۆ وڵات پێ نەبووە، بەڵکو وڵاتانی تریش هەن، کەپەنایان بۆ هەمان سیستەم بردووە و وڵاتەکەیان بەهۆیەوە ئاڵۆزتر بووە و خوندنەوەش بۆیان وەک کورد ناچارمان دەکات، بەرانبەر بەئایندەی وڵاتەکەمان و ئەو سیستەمەی تێیدا دەمانەوێ پەیڕەو بکرێت هەڵوەستە بکەین.

بۆ نمونە لەوڵاتی لوبنانیش سيستەمى پەڕلەمانيی پەیڕەو دەکرێت، ئەنجومەنى نوێنەران لەو وڵاتەدا لە ١٢٨ ئەندام پێك دێت و ئەندامانى راستەوخۆ لەلايەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن، سەرۆكيش هەر لەپەڕلەمان هەڵدەبژيردرێت، دەکرێت بۆ کوردستان و ئایندەی ئەم وڵاتە سەیری ئەزمونی لوبنان بکەین، لەوێوە ئایندەی وڵاتەکەمان لەئەنجامی ئەو سیستەمەدا ببینین، کەئێستا ویستی لایەنە سیاسییەکانی بۆ کوردستانە.

لەنێوان لوبنان و کوردستاندا، چەند خاڵێکی هاوبەش هەیە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کەپەرلەمانەكەی دواى شەڕى ناوخۆ دروست بووە، واتە دواى رێكەوتنە بەناوبانگەكەى تايف. كوردستانيش بەهەمان شێوە. لەدواى رێكەوتنى واشنتۆنەوە پرۆسەى سياسى تێدە بەڕێوە دەچێت و ئاسايى بۆتەوە. ئەمەيان خاڵێكى گرنگە دەبێت لەبەرچاوى بگرين و چونکە ئەو بارە نا ئاساییەی پەڕلەمانی تێیدا دروست بوو، تا ئێستاش کاریگەری بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەوە هەیەو خەڵکیش کاریگەرییان بەسەر پەڕلەمانەکەیانەوە هەیە، بۆیە حەساسیەتی حزبی و تائیفی لەو وڵاتەدا تا ئاستێکی زۆر پەڕلەمانی لوبنانی ئیفلیج کردووە لەئیدارەدانی ئەرکەکانی، ئەوەشی سەلماندووە کەسیستەمی پەڕلەمانی بۆ وڵاتێکی وەک لوبنان نەگونجاوەو لەبەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا نییە.

دواین بەڵگە بۆ نەگونجاوی سیستەمی پەڕلەمانی لەو وڵاتە، کە دەکرێ وەک فەشەلی سیستەمی پەڕلەمانی لەوێندەر سەیر بکرێت، هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆکی لوبنانە، پەڕلەمانی لوبنان، رۆژى چوارشەممەى رابردوو (٢٦)ە مين دانیشتنی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک بەڕێوەبرد، بەڵام هێشتاش نەیتوانی سەرۆكێك بۆ ئەو وڵاتە هەڵبژێرێت. ئەو دۆخەی سیاسیەی لوبنانیش کەسیستەمی پەڕلەمانی توانای چارەسەرکردنی نییە، بيرمەندانى سياسى و لێکۆڵەرانی لە وڵاتانى عەرەبى ناچارکردووە، کەجارێكى ديكە، بەنووسين و لێكۆڵينەوە، هەڵسەنگاندن بۆ سيستەمى پەڕلەمانى لەلوبنان بكەن و بگەنە ئەو قەناعەتەى، كە سيستەمى پەڕلەماني كۆمەڵێك كێشەى هەيەو لەوڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، جێبەجێکردنی ئاسان نییەو لەخزمەتیاندا نابێ.

عەبدو سەعەد كە نووسەرێكى عەرەبە، وتارێكى لەبارەى تەنگەژەكەى لوبنان نووسيوە بەناوى” لوبنان لەنێوان تەنگەژەى سيستەمى پەرلەمانى و دەربازەى سيستەمى سەرۆكايەتى” لەرۆژنامەى “ئەخبار” بڵاوى كردۆتەوە، تێیدا بەراوردى نێوان ئەزمونى بەريتانى و لوبنانى دەكات و پێيوايە بەريتانيا لانکەى دروستبوونى سيستەمى پەڕلەمانييە. بەڵام ئەوەى بەريتانيا جيادەكاتەوە لە لوبنان بەبڕواى ئەو، ئەوەیە کە جۆرێك لە” موكڕبوونى حزبى و خودكونتڕۆلى حزبى” لە بەريتانيا هەيە. بەو واتايەى لە بەريتانيا سەركەوتن و دۆڕان لەلايەن حزبەكانەوە قبوڵ دەكرێت، حزبەكانيش لەهەڵسوكەوتى سياسى خۆياندا بتەون. بەڵام لەلوبنان وانييە هەرحزبێك دەيەوێ تۆڵە لەويتر بكاتەوە، ئەمەش سەخترين ئاستەنگى بەردەم سيستەمى پەڕلەمانييە بەبڕواى ئەو نووسەرە.

شکستی سیستەمی پەڕلەمانی لەعێراق و لەلوبنان و خوێندنەوە بۆ دۆخی ئەو ناوچەیە پێمان دەڵێت، کە واقیع ئەو رێگەیەمان پێ نادات، کاتێک باسی سیستەمی پەڕلەمانی دەکەین، نموونە سەرکەتووەکانى رۆژئاوا وەربگرين و وەک نمونە بۆ لایاسایی کردنەوە بەکاری بهێنین، ناشکرێ كاتێك دەمانەوێ نموونەى سەركەوتوويى سيستەمى سەرۆكايەتى بهێنينەوە، خۆمان بە ئەمريكا بشوبهێنين و بڵێين لەوێ سەركەوتووە و لێرەش سەرکەوتوو دەبێت، چونكە واقيعى سياسی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پێكهاتە كۆمەڵايەتيەكەى زۆر جياوازە لەوەى ئەوروپا  و ئەمريكا، ئەو جیاوازییەشە وای کردووە، تاقیکردنەوەی هەر سیستەمێکی پەڕلەمانی یان سەرۆکایەتی لەم ناوچەیەدا کارەساتی هێناوە بۆ میللەت و وڵات،  بۆیە چاودێرانی سیاسی و ئەوانەی کە خەڵک و پێهاتەی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیای سیاسی ئەم ناوچەیە دەناسن، ئیستا لەسەر ئەوە کۆکن کە لەنێوان ئەو دوو سیستەمەدا، دەبێت لەم ناوچەیەدا سیستەمێکی تایبەت وەک چارەسەر پەیڕەو بکرێت، کە ئەویش سیستەمی تێکەڵە، هەمان ئەو سیستەمەی کە پارتی دیموکراستی کوردستانیش، بۆ وڵاتەکەی خوازیاریەتی و تائاستێک لەسەر ئاستی فەرمی ویستی خۆی بۆ دروستکردنی سیستەمێکی لەو شێوەیە لەکوردستان خستۆتەڕوو.

هەر لەو بارەیەوە دكتۆر سامى عەباس كەتوێژەرێكى بوارى دەستوورە، توێژينەوەيەكى لەسەر سيستەمى پەڕلەمانى و سەرۆكايەتى كردووە و دەيەوێ وەڵامى ئەو پرسيارە بداتەوە كە كامەيان بۆ وڵاتانى عەرەبى باشە، لە كۆتايى دەگاتە ئەو ئەنجامەى بڵێ”  گونجاوترين شێوازى حوكمڕانى بۆ وڵاتانى ناوچەکە شێوازى تێكەڵە، واتە نيمچە سەرۆكايەتی”. کە بەڕای ئەو ئەم سیستەمە”زۆر لايەنی باشى هەيە، لەوانە سەرۆك راستەوخۆ لەلايەن خەڵكەو هەڵدەبژێردرێت، هەردوو سيستەمى سەرۆكايەتى و پەڕلەمانى كۆدەكاتەوە، ئەمە سەرەراى ئەوەى پەڕلەمان رۆڵى چاودێكردنى حكومەت و ياسادانانيش دەبينێ”.

بەم پێیە کە نزیکی تەواو لەنێوان لایەنی کۆمەڵایەتی وڵاتانی عەرەبی و کوردستاندا هەیە، دەبێ سیاسییەکانی کوردستان لەئێستادا پەنا بۆ سیستەمێکی تاقیکراوە لەناوچەکەدا نەبەن کەئەنجامەکەی شکست و کارەسات بووە، بەڵکو باشترین رێگا بۆ رزگارکردنی کوردستان لەقەیرانەکان و بۆ رێگری لەدروستبوونی دیکتاتۆرو رزگارکردنی پرسە هەستیارەکان لەململانێی حزبی، پەنابردنە بۆ سیستەمێکی تێکەڵاو لەپەڕلەمانی و سەرۆکایەتی، بەشێوەیەک کەدەسەڵاتەکان لەناوەندێکدا چەق نەکاتەوەو بەشێوەیەکی پارسەنگ دابەشیان بکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com