نوچەنێت.ههولێر:
بۆ پرسی ئاین لەدەستور تائێستا لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان نەگەیشتوینەتە ڕێكەوتن،یاریدەدەری ئەمینداری یەكگرتووش رایدەگەیەنێت بەكەمتر لەمادەی شەشی ڕەشنوسەكەی پێشوو ڕازی نابین.
نزیكەی دوو مانگە لیژنەیەك لەپەڕلەمانی كوردستان سەرقاڵی نوسینەوەی دەستوری كوردستانن و تائێستا نزیكەی 50 مادەیان لەو دەستورە نوسیوەتەوە،بەڵام لەسەر پرسی ئاین لەناو دەستورەكە نەگەیشتونەتە هیچ جۆرە ڕێكەوتنێك.
د.محمد ئەحمەد، یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەسایتی فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاندوە: پرسی ئاین لەدەستوری كوردستان پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەییەو موڵكی تەنیا لایەنە ئیسلامیەكان نیەو خەڵكی كوردستان داوا دەكات ئاینەكەیان پێگەیەكی بەرزی هەبێت لە دەستورەكەیان.
وتیشی”ئێمە بەكەمتر لەمادەی شەشی ڕەشنوسەكەی پێشوو ڕازی نابین و لەوە نەرمتر بین خەڵكی كوردستان لێمان قبوڵ ناكات”.
د.محمد ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:ئەوەی جێگە سەر سوڕمانە حزبە سیاسیەكان بەوە ڕازین كە بنەماكانی شەریعەت سەرچاوەی یاسادانان بێت، بەڵام ئەندامەكانیان لە لیژنەی نوسینەوەی دەستور بۆچونیان جیاوازە و بەجۆرێكی ترە ئەمەش جێگەی قبوڵ نیە.