نوچەنێت.ههولێر:
حکومەتى هەرێم لیژنەیەکى باڵاى بۆ چۆنێتى وەرگرتنى قەرزى دەرەکى پێکهێناوە،وتەبێژی حكومەتیش دەڵێت، وەڵامى کۆمپانیا و بانکەکان دڵخۆشکەربوون.
سەفین دزەیى وتەبێژى حکومەتى هەرێم بە NRT ڕاگەیاندوە، لە دواین کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمدا، کە پێش جەژن بەڕێوەچوو، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ چۆنێتى وەرگرتنى قەرزى دەرەکى و دواتر تەرخانکردنى پارەکە بۆ بوارە جیاوازەکان.
ڕاشیگەیاند، ئەندامانى لیژنەکە پێکهاتوون لە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەت و قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت و هەردوو وەزیرانى دارایی و سامانە سروشتییەکان.
وتەبێژى حکومەتى هەرێم ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ئەو شاندەی مانگى ڕابردوو سەردانى وڵاتانى ئەوروپایان کرد تایبەت بە مەسەلەى قەرز، بۆ ئەوەچوون سەرنج و بۆچوونى کۆمپانیا و بانکە جیهانییەکان بزانن سەبارەت بە پێدانى قەرز بە هەرێم، هەروها وتی “وەڵامى کۆمپانیا و بانکەکان دڵخۆشکەربوون”.
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتی ڕۆژی دووی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا سەرجەم مادەکانی پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرزی دەرەوەی پەسەند کرد.