مستەفا هیجری: رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ئێران دەست كراوەتر دەكات

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵێت رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ئێران دەست كراوەتر دەكات.

مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ باس لەوە دەکات کە لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، ئەوان پێیان راگەیاندوون کە بە پێی باردۆخی هەر وڵاتیک یارمەتی کوردەکانی ئەو وڵاتە دەدەن و لە بارەیەوە بەڵێنی یارمەتیان وەرگرتووە. ئەو گوتی لە بەرنامەشمان دایە کە پەیوەندیمان هەبێ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و لە پەیوەندی لەگەڵ توركیاش دەڵێ “ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی خۆمان چاوەڕوانیین هێشتا بەرقەرار نەبووە”.

لەبارەی رێككەوتنی چەند رۆژی رابردووی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك كە لە ڤییەنا لەسەر پرسی پڕۆگرامی ناوەكیی ئێران ئیمزا كرا مستەفا هیجری دەڵێت:پرسی گفتوگۆكردن لەسەر مەسەلەی پیتاندانی یۆرانیۆم لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ماوەیەكی زۆرە دەستی پێكردبوو، بۆ ئەوان ئەنجامەكەی لەسەرەتاوە دەركەوتبوو.

هیجری لەو رووەوە دەڵێت “من پێشتر ئاماژەم بۆ كردبوو كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەر ئەوەی لەباری ئابوورییەوە تووشی گیر و گرفتێكی یەكجار زۆر گەورە بووەتەوە، بۆیە ناچارە هەموو مەرجەكانی رۆژئاوا قبوڵ بكات بۆ ئەوەی كە بتوانێت گەمارۆكان لەسەر خۆی لابەرێت،لە كۆتاییدا مەرجەكانی رۆژئاوای قبوڵ كرد، تەسلیم بوو بەوەی كە گەمارۆكان لەسەر خۆی لابەرێت و بتوانێت بارودۆخی ئابووری خۆی ساغ بكاتەوە”.

هیجری زیاتریش دەڵێت “وڵاتانی رۆژئاوا بە هاوپشتی لەگەڵ بەشی زۆری وڵاتانی دنیا پێشیان بە ئێران گرت و ناچاریان كرد بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و ئەمیش بە قەناعەت و دڵخوازی خۆی نەهاتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەوەشی روویدا لە رێككەوتن لەسەر ئەوە نییە كە كۆماری ئیسلای ئێران باوەڕی پێیەتی، بەڵكو پێیوایە دەبێت چەكی ئەتۆمی هەبێت و لە هەر دەرفەتێكدا بۆی هەڵبكەوێت ئەو بەرنامەیە درێژە پێدەدات، واتە ئەو مەسەلەیە لەرووی قەناعەت و باوەڕوە نەبووە”.

سکرتێری گشتی حزبی دیموکرات بەگشتیش پێی وایە کە “ئەو رێككەوتنە كە ئەگەر بەپێی ئەو بەڵێنانەی ئێران داویەتی و بەپێی ئەو مەرجانەی كە رۆژئاوا بۆیان داناوە ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆم رانەگات ئەوا بۆخۆی و سەقامگیری ناوچەكە و دونیا باشە، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران باوەڕی بەو مەسەلەیە نییە و خۆی بە شایستە دەزانێت چەكی ئەتۆمی بەدەست دێنێت، بەڵێنەكانی جێی ئیعتیبار نییە، هەروەك لە رابردوودا بەڵێنی دا و جێبەجێی نەكرد”.

هاوكات لە روویەكی دیكەوە پێی وایە ئێران لە رێگەی ئەو رێككەوتنەوە پارەی زیاتری وەدەست دێت و كاولكاری زیاتر دەقەومێنێت، ئەو دەڵێت “لەلایەكی دیكەوە لاچوونی گەمارۆكان دەبنە هۆی ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 100 ملیار دۆلار كە پارەی خۆیەتی و لە بانكەكانی دنیایە ئازاد ببێت و نەوت دەفرۆشێت و لەرووی ئابوورییەوە دەستی پڕ دەبێت و دەست پڕ بوونیشی واتە یارمەتی زیاتری هاوپەیمانانی خۆی وەكو رژێمی بەشار ئەسەد و شیعەكان لە عێراق و حزبوڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەن دەدات، بەگشتی گرووپەكانی تیرۆریستی لە ناوچەكە ئێران بەهێز دەكات و ئەوەش دەكاتە شەڕ و ئاوارەیی و كوشتاری زیاتر كە ئێران ئەمە لە قازانجی خۆیدا دەبینێت، بۆیە لەمەودوا شەڕ و ئاژاوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ و كوشتار و وێرانی زیاتر دەبێت و ئەوە هۆكارێكە لە دەستی كۆماری ئیسلامی ئێرانە بە یارمەتیدانی ئابووری زیاتر بە هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com