نوچەنێت.ههولێر:
لەمەودوا بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامە لەدوای دامەزراندن لەناو سلکی وەزارەتی ناوخۆ پێویستی بەڕەزامەندی وەزارەت ھەیە، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لەپەرلەمانی کوردستانیش دهڵێ: ئەگەر ئەو رەزامەندییە نەبێت، بڕوانامەکە بۆ ھیچ مەبەستێک ئەژمار ناکرێت.
ئەیوب عەبدوڵڵا ئیسماعیل سەرۆکی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لەپەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکدا بە SNNی رایگەیاندوه:سکاڵای چەندین پۆلیس و ئەفسەری ھێزەکانی ناوخۆمان سەبارەت بەیەکسانەکردنی بڕوانامەی دوای دامەزراندن گەیاندۆتە وەزارەتی ناوخۆ.
وتیشی”لێپرسراوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەو پۆلیس و ئەفسەرانەی لەکاتی دەوامی خۆیانداو بەبێ ئەوەی مۆڵەتی خۆێندنیان وەرگرتبێت بڕوانامەیان بەدەستھێنا بێت، یەکسانکردنی بڕوانامەیان بۆ ناکرێت”.
ئەیوب عەبدوڵڵا روونکردنەوەی زیاتری داو وتی:”ھەندێک لەپۆلیس و ئەفسەرەکان بەبێ بوونی ھیچ مۆڵەتێکی رەسمی، بەڕێوەبەرەکانیان بەدەر لەڕێنمایی و رێگەیان پێداون بخوێنن، بۆیە وەزارەت بەھیچ شێوەیەک ئامادەنییە یەکسانکردنی بڕوانامە بۆ ئەو کەسانە بکات بەمەبەستی گۆڕینی ناونیشانی وەزیفی و بەرزکردنەوەی پلەکانیان”.
پەیوەندیدار بەو پرسە، سەرکەوت حەسەن بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری سەربازی بهههمان سایتی راگەیاندوه: ئەگەر خوێندنەکەی لەھەر ئاستێکدا بێت، رەزامەندی وەزارەتی لەسەر نەبێت، یەکسانکردنی بڕوانامەی بۆ ناکرێت.
دەشڵێت:”ئەگەر ئەو کەسە دەوامی ئاسایی خۆی بکات و لەھەمان کاتیشدا بەبێ رەزامەندی وەزارەت بخوێنێت بۆئەوەی بڕوانامەی بەرزتر بەدەستبھێنێت، ئەوکاتە بڕوانامەکەی ئەژمار ناکرێت بۆ ھیچ مەبەستێک، بەڵام ئەگەر رەزامەندی وەزارەتی ھەبێت، یەکسانکردنی بۆ دەکرێت”.