نوچەنێت.ههولێر:
وەزیرى دەرەوەى کڕواتیا رایدهگهێنێت،بەردەوام دەبن لەسەر هاوکارى سەربازى هێزەکانى پێشمەرگە کە ئەمەش تەنها هاوکارى کردنى هەرێمى کوردستان نیە بەڵکو هاوکارى هەموو جیهانە.
ماڵپەڕی پەیوەندیەکانى دەرەوهی حكومهتی ههرێم بڵاوی کردەوە”فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە لە سەر بانگهێشتى خاتوو ڤێزنا پوسیچ جیگرى یەکەمى سەرۆک وەزیران و وەزیرى دەرەوە و کاروبارى ئەوروپا سەردانى ووڵاتى کڕواتیاى کرد و لە کاتى گەیشتنى بۆ فڕۆکەخانەى زاگریب لەلایەن ڤتیز سکراچیج بەرپرسى بەشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقیا لە وەزارەتى دەرەوە و یەرکۆ ڤۆکاس باڵیۆزى ئۆکرانیا لە عێراق پێشوازیان لێکرا“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”دواى گەیشتنى بەرپرسى پەیوەندیەکانى سەردانى وەزارەتى دەرەوەى کرد لەلایەن خاتوو ڤێزنا پوسیچ جیگرى یەکەمى سەرۆک وەزیران و وەزیرى دەرەوە و کاروبارى ئەورپا پێشوازى لێکرا و لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەى پەیوەندیە دووقۆڵیەکان و بارودۆخى سیاسى و سەربازى و شەڕ دژى تیرۆریستانى داعش و هاوکارى ئاوارە و پەنابەران“.
ماڵپەڕی پەیوەندیەکان ئەوەی خستۆتەڕوو کە”وەزیرى دەرەوەى کڕواتیا سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆپێشوازى کردن لە ژمارەى زۆرەى ئاوارە و پەنابەران و پشتگیرى کڕواتیاى دووپات کردەوە لە ڕووى هاوکارى مرۆیى بۆ هەرێمى کوردستان“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”وەزیرى دەرەوەى کڕواتیا ئاماژەیکرد کە بەردەوام دەبن لەسەر هاوکارى سەربازى هێزەکانى پێشمەرگە کە ئەمەش تەنها هاوکارى کردنى هەرێمى کوردستان نیە بەڵکو هاوکارى هەموو جیهانە لەبەرئەوەى پێشمەرگە بەنوێنەرایەتى جیهان شەڕ دەکات“.
لەبەرانبەریشدا”بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى وەزیرى دەرەوە کڕواتیاى کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و بەناوى حکومەت و گەلى کوردستان سوپاسى حکومەتى کڕواتیاى کرد بۆ پشتگیرى لە هێزەکانى پێشمەرگە و هاوکارى مرۆیى بۆ ئاوارە پەنابەران. هاوکات ئامانجى سەردانەکەى خستەڕوو کە بۆ زیاتر بەرەوپێش بردنى پەیوەندی دوو قۆڵى نێوان هەرێمى کوردستان و کڕواتیایە لە بوارەکانى سیاسى و ئابورى و پەروەردە و کەلتورى. هەروەها داواى هاوکارى کرد بۆ چارەسەرى بریندارانى هێزەکانى پێشمەرگە و ئەو کەسانەى لەدەست گروپى تیرۆریستى داعش ڕزگاریان بووە و پێویستیان بە چارەسەرى دەروونى هەیە“.
ماڵپەڕی پەیوەندیەکان ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”هەردوولا پشتگیریان لە هەفتەى کەلتورى کوردى کڕواتیا کرد کە ئێستا لە چوارچێوەى ڤیستیڤاڵى نێودەوڵەتى زاگریب لە کڕواتیا بەڕێوەدەچێت کە بۆ ناساندنى کەلتور و زیاتر لەیەک نزیکتر کردنەوەى هەردوو نەتەوەیە“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کارکردن بەیەکەوە بۆ ئامادەکارى بۆ واژووکردنى یاداشتنامەیەکى ڵێک تێگەیشتن لە نێوان هەردوولا کە نەخشەڕێگایەک دەبێت بۆ پتەوکردنى بوارەکانى هاوکارى و هەماهەنگى نێوان کڕواتیا و هەرێمى کوردستان و هەروەها ئەنجامدانى کۆڕبەندى ئابورى و بازرگانى بۆ زیاتر لەیەکتر نزیک کردنەوەى کۆمپانیاکان و پەرەپێدانى پەیوەندیە ئابورى و بازرگانیەکان“.