یەکێتی داوای چی دەکات ؟
دوێنێ و ئەمرۆ کامیان راستن ؟
رزگار رەزا چوچانی
سەعدی پیرە: یەکێتی دەیەوێ لەمەلەفی سیاسەتی هەرێمی کوردستان هەم شەریک بێ هەم ئاگادار بێت.
راستییەکان : یەکێتی خاوەن بڕیاری یەکەمە لەسلێمانیدا، خاوەنی پەیوەندییەکی ئیقلیمی بەهێزە کەدەرگای تەداخول و هاوئاهەنگی دەکاتەوە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەت و پەڕلەمان، ئەوە هەم لەگۆڕەپانی دیپلۆماتی و هەمیش سەربازی بەئاشکرا هەستپێکراوە، جگە لەوەش لەسەردانەکەیدا بۆ دەرەوەی وڵات و بەتایبەت بۆ ئەمریکا سەرۆکی هەرێم نەک لەشاندەکەیدا نوێنەری یەکێتی بەشداریپێ کردبوو، بەڵکو نوێنەری باڵەکانی ناو یەکێتیشی بەشداریپێکردبوو.
سەعدی پیرە : یەکێتی دەیەوێ لە مەلەفی ئابووری هەرێمی کوردستان هەم ئاگادار بێت و هەمیش شەریک بێت.
قوباد تاڵەبانی : هەموو بڕیارەکان لەو بارەیەوە، ئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز دەیدات، من جگری سەرۆکی ئەو ئەنجومەنەم و یەکێتیم، سکرتێری ئەو ئەنجومەنەش کادرێکی پێشکەوتووی یەکێتییە، هیچ لایەنێک بڕیاری خۆی ناسەپێنێ، ئەگەر ئاگاداری بڕیارەکان نەبم کەمتەرخەمی خۆمە.
سەعدی پیرە : یەکێتی دەیەوێ لەمەلەفی ئەمنی هەرێمی کوردستان هەم ئاگادار بێت هەم شەریک بێت.
راستییەکان: مەلەفی ئەمنی لەئێستادا پەیوەندی بەدەزگا ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە هەیە، دەزگا ئەمنییەکان هەتا ئەمرۆش لەگەڵ هەبوونی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێک دێن لە ئاژانسی پاراستی پارتی، و دەزگای زانیاری یەکێتی، دەزگای زانیاری یەکێتی هەموو بڕیارەکانی لای خودی یەکێتی یەو خاوەنی هێزی دژە تیرۆری خۆیەتی، خاوەنی دەزگاکانی ئاسایشە، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش هەتا ئەمرۆ لەنێوان یەکێتی پارتیدا وەک پێویست تێکەڵ نەکراوە، پێش دامەزاندنی حکومەتیش سەرکردایەتیەکی یەکێتی بەئاشکرا وتی، پێشمەرگەی یەکێتی نادەن بەحکومەتی کوردستان.
عیماد ئەحمەد : کاک قوباد بەقەد جارانی من دەسەڵاتی نییە.
قوباد تاڵەبانی : ئەسڵ و ئەساسی نییە، من وەکو جێگری سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی خۆمم هەیە.
مەلا بەختیار ساڵی ٢٠١٣ : یەکێتی کارێکی گەورەی کرد لەخزمەتی کوردستاندا کەماوەی سەرۆکایەتی بارزانی درێژکردەوە، بارزانی خۆی ئەوەی نەدەویست، دەبێ زۆر سوپاسی بکەین کە ئەو داخوازیەی ئێمەی قبوڵکرد.
مەلا بەختیار چەند رۆژێک لەمەوبەر : یەکێتی کارێکی هەڵەی کرد، کەماوەی سەرۆکایەتی درێژکردەوە، هەڵەی وا ناکەینەوە.
…
دانیشتنەکەی رۆژی 23/6/2015 ی پەرلەمانی کوردستان، بۆ خوێندنەوەی یەکەمى ئەو پرۆژە یاسایانەی بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی کوردستان پێشکەش کرابوون، رووداوێک بوو، گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی هەژاند، ئەوەی وایکرد پێشکەشکردنی پرۆژە یاسا بە پەڕلەمان و خوێندنەوەى یەکەم بۆی، وەک رووداو ببینرێ، دەرچوون بوو لە تەوافق، لەو تەوافقەی کە ئەگەر نەمێنێ، خودی ئەو پەڕلەمانەش کەئەو رووداوەی خولقاند، هەڵدەوەشێتەوە و هیچ شەرعیەتێکی کارکردنی نامێنێ، چونکە بۆخۆشی هەر لەسەرەتاوە بەتەوافق دروست بووە.
نزیکبونەوە لەدوا وادەی درێژکراوە بۆ سەرۆکی هەرێم و ویستی پارتی بۆ مانەوەی بارزانی لەسەرۆکایەتی کوردستاندا، کە بەلای منیشەوە زەرورەتێکی گەورەیە، مەیدانی موزایەدە و بازاڕێکی سیاسی وەهای دروستکردووە، کە هەرچی سەروەریی و پیرۆزی وڵات هەیە، بخرێتە بازاڕەوە بۆ مامەڵە لەسەرکردن، بەشێوەیەک کەیەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستانیش، بکرێتە کاڵا بۆ ئەو بازاڕە سیاسییە، بەداخەوە لەبەرانبەر درستکردنی ئەم بازاڕە سیاسییەش بۆ هەڕاجکردنی هەرچی پرسی نیشتیمانی هەیە لەلایەن حزبەکانەوە، نوسەرو رۆشنبیرانی کورد بێ دەنگ و بێهەڵوێست و تەماشاکارن، یان ئەگەر دەنگیشیان هەبێ، بونەتە بەشێک لەفەوزاو بڵندگۆی هەڕاجکردنەکە، لێ ئێمە لێرەوە لەنوچەنێت، زنجیرە وتارێک لەسەر ئەو پرسەو هەڵوێستی لایەنەکان(هەر جارەو لایەنێک) دەخەینە بەردیدی خوێنەر، بێ گوێدانە ئەوەی بەهۆیەوە چ ناسنامەیەکمان پێ دەدەن.
وەک بەرپرسانی پارتی دەڵێن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەو هێزەیە، کە زیاتر لە سەنگی دەنگەکانی خۆی، لەحکومەتدا پشکی پێدراوە، زیاتر لەوەش بەڕێککەوتن لەگەڵ پارتیدا سەرۆکایەتی کۆماری وەرگرتووە، هێشتاش لەسەروبەندی باسکردن لەپرسی سەرۆکایەتی هەرێم، کە رێککەوتنی پێشوەختەی هەیە لەگەڵ پارتی، پرۆژەیەکی بۆ موزایەدە خستۆتە بازاڕی سیاسییەوە، رەنگە پارتی لەوە تێبگات کە خستنەڕووی مەرجەکانی یەکێتی، بۆ راکێشانی دەنگی خەڵک و بچوککردنەوەی مەیدانی جەماوەریی بزوتنەوەی گۆڕان بێ لەلایەن یەکێتییەوە، بۆیە لەبەرانبەریدا بێ دەنگە، تەنانەت باسی ئەوەش ناکات کە یەکێتی سەرۆک کۆماری لەبەرانبەر سەرۆکایەتی هەرێمدا وەرگرتووە و لەو بارەوە مافی قسەکردنی نییە، بۆیە ئێمە ئەم زنیجرە بابەتە لەو حزبەوە دەستپێدەکەین، خۆمان دەپارێزین لەقسەکردن لەسەر ئەو رێککەوتنەی کەمافی قسەکردنی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی لەیەکێتی سەندۆتەوە، تەنها ئەو پارادۆکسانە دەخەینەڕوو، کە لەقسەو هەڵوێستی سەرکردەکانی یەکێتیدا دەبینرێت و پێمان دەڵێن، ئەوەی سەرکردەکانی یەکێتی دەیکەن و دەیڵێن گەمەی سیاسییە بۆ بۆ دەستکەوتی حزبی نەک هەوڵی مەبدەئی، هەوڵە بۆ دەستکەوتی حزبی، نەک خەم لەپرسی سەرۆکایەتی کوردستان.
قسەو هەڵوێستە دژ بەیەکەکانی سەرکردەکانی یەکێتی
لەدوای دانیشتنەکەی پەڕلەمان بۆ خوێندنەوەی یەکەمى ئەو پرۆژانەى کە بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی کوردستان پێشکەش کرابوون، پارتی شاندێکی باڵای پێکهێنا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا، بەر لە گەیشتنی شاندی پارتی، یان بەر لەوەی ئەو لایەنانە وەڵامی داخوازییەکانی شاندی پارتی بدەنەوە، یەکێتی کۆمەڵە قسەیەکی خستە بازاڕی راگەیاندنەوە، کەتەنها بەراوردکردنی پێمان دەڵێت، ئەو هێزە لەدۆخێکی سیاسی هێندە ئاڵۆزدایە، کەبیری چۆتەوە خودی سەرکردەکانی خۆی دوێنێ چییان وتووە.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە(تۆری میدیایی رووداو)ی وتبوو”ئێمەهەندێک پرسمان هەیە لەگەڵ پارتی کە پەیوەندی بەشێوەی سیاسەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پەیوەندی بە مەلەفی ئابووری هەرێمی کوردستانەوە هەیە و هەروەها پەیوەندی بە مەلەفی ئەمنی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، یەکێتی دەیەوێت لەم سێ مەلەفە هەم لە وردەکارییەکانی ئاگاداربێت و هەم شەریکیش بێت”. گوتبویشی”ئەگەر ئەمە جێبەجێ بێت ئەوانەی دیکە چارەسەرکردنیان ئاسان دەبێت”. واتە ئەگەر پارتی ئەوانە قبوڵ بکات پرسەکانی تر بەپرسی سەرۆکایەتیشەوە ئاسانە.
لەدوای گەشتنی شاندی پارتیش بەمەکتەبی سیاسی یەکێتی و دانیشتنی لەگەڵ ئەو حزبەدا، عیماد ئەحمەد وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هەر بۆ ڕووداو وتی، ئەوکات یەکێتی گلەیی لەحکومەت هەبوو کە من جێگری سەرۆکی حکومەت بووم، بێگومان ئێستا گلەییەکان زیاتریش بوون، چونکە بەقسەی ئەو ئێستا قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتی نییە.
ئەو لێدوانانەو وتەیەکی مەلابەختیاریش لەسەر هەمان پرس، بەدواین هەڵوێستەکانی یەکێتی هەژمارن، بەڵام کاتێک بەدوایاندا دەچیت، دەزانی جگە لەقسە خستنەبازاڕ ئەوەی ئەو سەرکردانەی یەکێتی وتویانە هیچ بنەمایەکی نییە.
بۆ نمونە سەعدی پیرە دەڵێت، یەکێتی دەیەوێ لەمەلەفی ئەمنی ئاگادار بێت، ئەگەر ئەو مەبەستی مەلەفی زانیاری و پاراستن و ئاسایش بێت، خۆ هەموو کورد ئاگای لەوە هەیە، کەهەتا ئەمرۆش لەگەڵ ئەوەی دەوترێ حکومەتێکی یەکگرتوو لەکوردستاندا دەستبەکارە، هێشتاش دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان یەکیان نەگرۆتەوە، لەبەرانبەر دەزگای پاراستنی پارتیدا، یەکێتی دەزگای زانیاریی هەیە، لەسنوری ئیدارەی جارانی سلێمانیدا پارتی دەسەڵاتی دامەزراندنی یەک پۆلیس و ئاسایشی نییە، خودی راگەیاندنەکانی خۆشیان وتیان کەدەزگای زانیاری بێ گەڕانەوە بۆ هیچ دامەزراوەیەک هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان کردووە بۆ ناردنی چەک بۆ کۆبانێ، مەگەر مۆری سەر بڕێک لەهاوکارییە سەربازییەکان بۆ کۆبانێ مۆری دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی لەسەر نەبوو؟
ئەی ئەگەر دەزگایەک بەم قورسیەتەوە بوونی هەبێ کەیەکێتی خۆی دەڵێت، چۆن سەعدی پیرە هێشتاش داوای بەشی زیاتر لەدەزگا ئەمنییەکاندا دەکات، ئەگەر قسەی بێ بنەماو موزایەدەو مانشێت بەخشین بەراگەیاندن نەبێت، خۆ ئەگەر مەبەستیشی هێزی پێشمەرگە بێت، ئەوە هەموو کەس دەزانێ کە یەکەکانی حەفتاو هەشتا هێزی پارتی و یەکێتین، بۆ پێدانی چەک و تەقەمەنیش، وەزیرێکی کۆنە یەکێتی و تازە گۆڕان بەرپرسە، کەخۆی لەدیدارێکی رۆژنامەوانیدا وتی، هێزەکانی یەکێتی بەشی خۆیان وەرگرتووە.
لەمەلەفی سیاسەتی کوردستانیشدا، کە سەعدی ئەحمەد پیرە باسی کردووە، خۆ هەتا ئەمرۆش سنوری سلێمانی خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆیەتی، پەیوەندی ئیقلیمی سەربەخۆی هەیە و سەربەخۆیانەش داوای هاوکاری دەکات لەوڵاتانی دەوروبەر، سەربەخۆیانەش تەدەخولی کاروباری وڵاتانی دەوروبەری کوردستان دەکات و لەهەڵبژاردنەکانی ئەواندا ئاڵا بەرز دەکاتەوەو بێ رەچاوکردنی پەیوەندی حکومەتی کوردستان و حزبی دەسەڵات بەدەستی تورکیا، لەناو خاکی تورکیادا هوتاف دژ بەو حزبە دەدات.
سەعدی پیرە باسی مەلەفی ئابوریشی کردووە، داوا دەکات یەکێتی شەریک بێ تێیدا، لەهەمانکاتدا وتەبێژی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، لەقسەکانی بۆ رووداو کە یەکیان نەدەگرتەوە، زۆر دژ بەیەک بوون، باسی دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکات و دەڵی بەهێندەی ئەو دەسەڵاتی نییە کەپێشتر جێگری سەرۆکی حکومەت بووە، ئەو دوو سەرکردەی یەکێتیش ئەو قسانە وەک مەلەفێک بۆ مامەڵەی یەکێتی لەگەڵ پارتی دەخەنەڕوو، ئەوەیان لەبیرکردووە کە خودی قوباد تاڵەبانی بۆ ڕای گشتی پێشتر هەموو قسەکانی ئەوانی رەتکردۆتەوە و بێ بنەمای کردوون، پێیان وایە خەڵکیش لەبیریکردووە پێشتر چی وتراوە، تاڵەبانی لەبارەی مەلەفی ئابورییەوە لەدیدارێکی تەلەفۆزیۆنیدا دەڵێت” هەر بڕیارێک لەسەر پرسی نەوت و غاز ئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز دەیدات، منیش جێگری ئەو ئەنجومەنەم، ئەگەر ئاگاداری بڕیارەکانی ئەو ئەنجومەنەش نەبم خۆم کەمتەرخەمم نەک کەسێک بڕیار بدات، ئەگەرنا ئەنجومەن بڕیار دەرە، منیش بەشێکم لەو بڕیارانەی کە لەئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز دەدرێت”.
قوتاد تاڵەبانی ئەوەش رەتدەکاتەوە کە بەتەنها پارتی لەبەرژەوەندی خۆی بڕیار لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز بدات و دەڵێت”لەو ئەنجومەنە بریار دەدرێت، کە ئەنجومەنێکە وەزیری بەڕێزی چەند لایەکی تێدایە، سەرۆکی ئەنجومەنی تێدایە، بەندەی موخلیسى تێدایە، وەزیری دارایی تێدایە، کە کادرێکی چالاکی بزوتنەوەی گۆڕانە، د. عەلی سندی تێدایە، کە وەزیری پلاندانانە پارتییە، د. ئامانج سکرتێری ئەنجومەنی نەوت و غاز کادرێکی پێشکەوتووی یەکێتییە. وەزیری سامانە سروشتییەکانی تێدایە، کە لەسەر لیستی پارتی حسابە، بەڵام کەسێکی حزبی نییە، ئێمە لەم ئەنجومەنە بڕیار دەدەین، ئەوە ئەنجومەنە، کەسیاسەتی نەوت دادەڕێژێ، ئەنجومەکەش ئەنجومەنێکە کە پێکهاتووە لە هەموو لایەنە سیاسییەکان، بۆیە ئێمە هەموومان بەرپرسین، ئێمە هەموومان بڕیار دەرین”.
لەبارەی ئەو دەسەڵاتانەش کە عیماد ئەحمەد بەکەمی دەزانێت، و وەک رەخنەیەک لەپارتی دەڵێت، قوباد تاڵەبانی هەمان ئەو دەسەڵاتانەی نییە، کە ئەو کاتێک جێگری سەرۆکی حکومەت هەیبووە، تاڵەبانی بۆخۆی دەڵێت”حکومەت بەیاسا تەنزیم کراوە ئەنجومەنی وەزیران بەپەیڕەو رێکخراوە، شێوازی بڕیاردان ڕوونە بۆ ئەوانەی کە لەناو حکومەتن، ئەنجومەنی وەزیران باڵاترین دەسەڵاتە لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز سەرۆکی حکومەت سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە، بەندەی موخلیستان جێگری سەرۆکی ئەنجونەکەیە، ئێمە وەکو ئەنجومەن بڕیار دەدەین، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی خۆی هەیە، من وەکو جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستان دەسەڵاتی خۆمم هەیە”.دەشڵێت”من دەسەڵاتم لێ نەسێنراوە، ئەمە زۆر بەغەلەتی تەفسیری بۆ کراو خرایە قاڵبی موئامەرەیەکی سیاسی، کە گوایە من ئاگام لێی نەبووە و غەدرێکە لە یەکێتی کراوە. ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە، لە بیدایەتی دەستبەکاربونمان من و بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کاک نێچیرڤان، دوو قۆڵی دانیشتین، باسی شێوازی کارکردنی خۆمانمان کرد، لەو دانیشتنەدا ئێمە لەسەر مەبدەئێک رێککەوتین، کاک نێچیرڤان رەئیس وزاریە، ئەبێ سەرۆکی حکومەتی هەموو کوردستان بێت، لە زاخۆوە تاکو کفری و کەلار، منیش وەکو جێگری سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەتم لەزاخۆوە تاکو کفری و کەلار، بەمەبەستی ئەوەی ئەمە ببێ بەیەکەم هەنگاو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەمی دوو ئیدارییە، ئەگەر من دەسەڵاتی رەئیس وزەرام هەبێ، ئەی رەئیس وزەرام بۆچییە ؟ چۆن وڵاتێک، یان هەرێمێک، دوو رەئیس وزەرای ئەبێت؟”.
بۆ خوێندنەوە یان بیستنی قسەکانی قوباد تاڵەبانی کلیک بکە…
کەوایە ئەنجام بەراوردکردنی قسەکانی سەعدی ئەحمەد پیرە و عیماد ئەحمەد بە قسەکانی قوباد تاڵەبانی و بەواقیع، پێمان دەڵێ یەکێتی مەرجێکی نییە بۆ حیوار، کێشەیەکیشی نییە بۆ مانەوەی بارزانی وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، تەنها خەریکی دووبارەکردنەوەی گەمەکانی گۆڕانە بۆ راگرتنی دڵی دەنگدەرانی سلێمانی، بەدوای کۆمەڵێ دەستکەوتی سیاسی و ئیداری زیاترەوەیە و خەریکی مامەڵەکردنە بۆ ئەو دەستکەوتانە، چونکە پیرە بۆخۆی دەڵێت ئەو داخوازیانەی یەکێتی چارەسەر بکرێن ئەوانی تر ئاسانە، بەراوردەکەش پێمان دەڵێ داخوازییەکانی یەکێتی بێ بنەمان و پێشتر هەموو ئەوانەیان پێدراوە کەئێستا داوای دەکەن.
یەکێتی لەمنەتبارییەوە بۆ منەتکردن بەسەر پارتیدا
مەلا بەختیار سەرکردەیەکە کەهەمیشە رێزی تایبەتی هەبووە لای من، جیاواز لەهەموو سەرکردەکانی تری کوردستان بینیومە کەراستگۆیانە، کاری بۆ بڕوای خۆی بەعەلمانیەت کردووە و ئاشکراتر قسەی بۆ دروستکردنی سیستەمێکی دوور لەکاریگەری دین هەبووە لەکوردستاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەهەڵوێستە سیاسییەکانیدا، هەندێ جار هەست بەپارادۆکس دەکرێت، رەنگە هۆکاری ئەوەش زۆر پەلەکردنی بێ لەدەربڕین، یان بیرچونەوەی ئەوە بێت، کەدوێنێ وتویەتی.
لەسەرو بەندی قسەکردن لەسەر گرفتی سەرۆکایەتی کوردستان، لەم ماوەیەدا و لەناو چاودێرانی سیاسی و خەڵکی هۆشیاری کوردستاندا، ئەوەی لەموزایەدەکانی کاک عیماد و کاک سەعدی ئەحمەد پیرە زۆر خراپتر کاریگەری بەسەر یەکێتی یەوە هەبوو، پارادۆکسەکانی کاک مەلا بەختیار بوو.
مەلا بەختیار بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە خەڵک قسەکانی دوێنێی ئەوی لەبیرە، کەشانازی بەدرێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانییەوە دەکات و ئاشکرای دەکات، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی وەک خاترانە بۆ رزگارکردنی یەکێتی کراوە، و بەخزمەتی کوردستانیش ناوی دەبات، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی تر لەو پرسە ئەدوێت و تەواو پێچەوانەی ئەو شانازییە قسە دەکات.
مەلا بەختیار لەدیدارێکی رۆژنامەوانیدا، لەگەڵ کەناڵی کوردساتی حزبەکەی رۆژی3/7/2013 زۆر بەشانازییەوە باسی درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات دەڵێت”ئەو بڕیارانەی کە رێککەوتن لە نێوان یەکێتی و پارتی لەسەری مۆرکرا، بریتی بوو لەوەی لەپەڕلەمان سازانی نیشتیمانی بۆ هەموارکردنی دەستور بکرێت و دوو ساڵ ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان درێژ بکرێتەوە، بە ئامادەبوونی من و هەموو هەڤاڵانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە ٢٠/٥/٢٠١٣ دا بڕیارمان لەسەر داوە”.
درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی ش، بەخزمەتی دۆخی ئەوکاتی کوردستان دەزانێت، پێی وایە ئۆپۆزسیۆنیش هیچ پرۆژەیەکی بەدیلی نەبووە، و دەڵێت”نە هێزەکانی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان، لەماوەی رابردوودا هەتا رۆژێک پێش تەواوبوونی وادەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک، نەیانتوانی رێککەون لەسەر ئەوەی کە یەک کەس لەناوخۆیاندا بکەن بە کاندید، گۆڕان بە کۆمەڵ رازی نەبوو، کۆمەڵ بە یەکگرتوو رازی نەبوو، یەکگرتوو بە هەردوولایان رازی نەبوو، سەرئەنجام بەهیچ هاتنە دەرەوە، یانی ئەگەر پەڕلەمان وادەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی دوو ساڵیش زیاد نەکردایە، ئەوان نەیاندەتوانی کاندیدێک دیاری بکەن”.
زیاتر لەوەش پێی وایە “نە یەکێتی حەقە منەت بەسەر پارتییەوە بکات، وە نەپارتیش منەت بەسەر یەکێتییەوە بکات”.
هەر لەو دیدارەی کەناڵی کوردسات، مەلا بەختیار ئەوە ئاشکرا دەکات، کەدرێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی کوردستان، پێچەوانەی ویستی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و تەنانەت سوپاسیشی دەکات کە قبوڵی کردووە ماوەی سەرۆکایەتی بۆ ئەو درێژبکرێتەوە، چونکە وەک ئەو دەڵێت”سەرۆکی هەرێم لە ٢٦ ی گوڵاندا، خیتابەکەی وازح بوو، ئەم جۆرە تەرحانە نەبوو کە ئێستا هەبوو، ئەبێ ئیستا سوپاسی بکەین کە تەرحەکانی ئێمەی قبوڵکرد، وە سەر ئەنجام نامەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناردەوە بۆ پەڕلەمان و پەڕلەمان چی قەرارێکی دا، قبوڵیکرد”.
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکیتی ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی لەرابردوودا، هەوڵێک بووە بۆ رزگارکردنی یەکێتی لەدۆخێکی ئاڵۆز کەتێی کەتووە، بۆیە مەمنونی پارتین، چونکە” یەکێتی کە بەلیستی سەربەخۆ دا ئەبەزێ، پێچەوانەی بڕگەیەکی رێککەوتننامەی ستراتیژییە، کە ئەڵێ یەکێتی و پارتی ئەبێ بەلیستی هاوبەش دابەزن، کەواتە ئەبێ ئەو بڕگانەی کە پێچەوانەی ئەم هەڵوێستەی یەکێتییە دەسکاری بکرێت، ئێمە لەڕێگای چەندین پسپۆڕەوە پرۆژەیەکمان پێشکەش بە هەڤاڵانی پارتی کردووە وە هەڤاڵانی پارتیش پرۆژەیەکیان بۆ گەشەپێدانی هاوپەیمانی ستراتیژی بە ئێمە داوە، ئەوان رازین ئەو بڕگانەی ناکۆکە لەگەڵ ئەم هەم هەڵوێستانەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ مێژوو ئەیڵێم ئەوان رازین دەسکاری بکرێت، هەتا ئەوان دەرکی ئەوەشیان کرد، ئێمە بەلیستی سەربەخۆ دابەزین چۆن ئەتوانین پڕوپاگەندە بۆ سەرۆکی هەرێم بکەین، پێشیان وتین، ئێمەش مەمنونیان بووین، بەڕاستی ئێمە نەماندەتوانی پڕوپاگەندە بۆ لیستی سەربەخۆ بکەین، لەپارتیشی ببەینەوە، پارتیش پروپاگەندە بۆ خۆی بکات و لەئێمەشی بباتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا یەکێتی و پارتی پروپاگەندە بۆ هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی هەرێم بکەن، ئەمە نەدەکرا، بۆیە ئەم سازانی نیشتیمانییە، وە ئەم دەرباز بونەوە کە پەڕلەمان دەربازی کردو دوو ساڵی بۆ سەرۆکی هەرێم زیاد کرد، ئێمەش سەرۆکی کۆماری عێراقمان بەرکەوتووە، ئەم دەرباز بوونە یان ئەم مەخرەجەمان دۆزیوەتەوە کە ئێستا هەیە”.
بۆ خوێندنەوە یان بیستنی قسەکانی ئەوکاتی مەلا بەختیار کلیک بکە………
لەوکاتەدا مەلا بەختیار لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەم سوپاسی بارزانی دەکات کەقبوڵی کردووە، هەمیش منەتباری خۆی رادەگەیەنێت بۆ پارتی و بە دەق دەڵێت، ئێمەمەمنونیان بووین، بەڵام لە ئەمرۆدا ئەو قسانەی خۆی لەبیر دەکات و وەک منەت کردن بەسەر پارتیدا دەڵێت” 30 ی حوزەیران دووبارە ناکەینەوە”.
بەپێی هەواڵێکی سایتی چاودێر کە مەلا بەختیار خاوەنیەتی، رۆژی 8 یتەمموزی 2015، مەلا بەختیار لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ جۆزیف پینینگتۆن، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەکوردستان، لەبارەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە وتویەتی “هەر کاتێک زانیمان دوا بڕیاری هێز و لایەنە سیاسییەکان، سەبارەت بە سازان، رەزامەندی گەلەکەمانی لەسەرە، ئەوکاتە سەرکردایەتی یەکێتیی بۆ دوابڕیار کۆدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوەشەوە بوو، ئەوا بێگومان یەکێتیی جارێکیتر ئامادە نییە، لەپێناو پەیوەندی دوو قۆڵی، لەبەشێکی بەرچاوی جەماوەرەکەی و رایگشتی دووربکەوینەوە، بەدووقۆڵی 30 ی حوزەیران، دووبارە ناکەینەوە”.
ئەگەر لەو قسانەی مەلا بەختیار ورد بیتەوە، کە لەگەڵ کونسوڵی وڵاتێکی بێگانەدا کردویەتی، تەواو پێچەوانەی ئەو شانازییەکانی دوێنێیەتی، دوێنێ مەلا بەختیار مەمنونی حزبەکەی بەوە رادەگەیاند کە بارزانی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی قبوڵکردووە، و ئەوەشی بەخزمەتێک بە کوردستان وەسف دەکرد، بەڵام ئەمرۆ ئەوەی روویدا بەبڕیاری دوو قۆڵی حزبی ناو دەبات لەبەرژەوەندی حزب، وەک هەڵەیەک دەیناسێنێت کە بەسەریاندا تێپەڕییووە، بەڵام ئەگەر کاک مەلا بەختیار پێی وابێ، خەڵک توانای بەراوردی قسەی ئەوی نییە لەدوێنێ و لەئەمرۆدا و لەجیاوازییە گەورەکانیانەوە کەسایەتی و سەنگی سیاسی ئەو و قسەکانی ئەو هەڵناسەنگێنێت، لەهەڵەیەکی گەورەدایە، چونکە ئەوە نەک هەر کاریگەری بەسەر خوێندنەوەی خەڵکەوە هەیە بۆ ئەو، بەڵکو یەکێتی و خودی مەلا بەختیار دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ئێمەش وەک کۆتایی ئەم بابەتە دەپرسین :
– ئاخۆ ئەوکات مەلا بەختیار سیاسیەکی کورت بین بووە، وا درێژکردنەوەی ماوەی بارزانی بەشانازیی و دەستکەوتێکی مەزن بەخەڵک دەفرۆشێتەوە و ئەمرۆ وەکو هەڵەی حزبی ناوی دەبات ؟
– ئەگەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم لەرابردوو، ئەو هەڵە گەورەیە بووە، کە ئێستا یەکێتییەکان باسی دەکەن، بۆچی هەتا ئەمرۆش ئامادەنین دان بەوەدا بنێن، کەلەپێناو رزگارکردنی یەکێتی لەو دۆخەی تێی کەوتبوو، ئەو هەڵە گەورەیان بەرانبەر بەمیللەت کردووە، مەگەر کاک مەلا بەختیار خۆی بەسیاسییەکی راستبێژ نازانێ، کەوایە با ئەو راستییە بڵێ کەبڕوای پێی هەیە.
– ئایا ئەوەی کردیان ئەوکات، تەنها رێککەوتنێکی تاکتکی بوو بۆ رزگارکردنی یەکێتی، ئەگەر ئەوەیە بۆچی ئامادەنین بەپارتی بڵێن دوێنێ بەتاکیکی ئەوەیان کردووە و دۆخێک بەسەریدا سەپاندوون، ئەمرۆ هیچ دۆخێک نییە ناچار بەتاکتیکیان بکات؟
– ئایا کاک مەلا بەختیار سوورە لەسەر ئەوەی یەکێتی هێزێکی پێشەنگ و پێشڕەوە ؟ ئایا بڕوای بەوە هەیە کەهەمیشە لەبۆنەکانی یەکێتیدا دووبارەو چەند بارەی دەکاتەوە؟ ئەگەر بڕوای بەوە هەیە بۆچی هۆکار چییە، لەبەرانبەر کونسوڵی ئەمریکا یەکێتی وەک هێزێکی پاشکۆ دەناسێنێت، کاتێک دەڵێت”هەر کاتێک زانیمان دوابڕیاری هێز و لایەنە سیاسییەکان، سەبارەت بە سازان، رەزامەندی گەلەکەمانی لەسەرە( مەبەستی کۆ دەنگی لایەنەکانە)، ئەوکاتە سەرکردایەتی یەکێتیی بۆ دوابڕیار کۆدەبێتەوە”، ئەی ئەگەر یەکێتی بەو شێوەی کاک بەختیار دەڵێت دوای بڕیاری ئەوانی تر کەوت، سەروەری یەکێتی لەبڕیاردان؟ پێشەنگی یەکێتی لەسیاسەتدا لەکوێدایە؟
..
بابەتەکانی داهاتوو لەسەر ئەم پرسە :
پارتی هێزێکی خۆشخەیاڵ و دەستبەتاڵ
کۆمەڵ بچوکتر لەدەرفەتی گەورە
یەکگرتوو ناوێکی جوان و عەقڵێکی پەرتەوازە
گۆڕان لەدۆڕانێکی حەتمیدا