نوچه‌نێت: سلێمانی
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموكرات رایگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر تا 19ی ئاب حیزبه‌كان نه‌گه‌نه رێكه‌وتن، ئه‌وا حكومه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر درووست ده‌كرێت، رایشیگه‌یاندووه، ئه‌وان له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نین.
له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتوویه‌تی: “ئه‌و لایه‌نانه تا پێش 19ی ئاب نه‌گه‌نه چاره‌سه‌ر، ئه‌وكات ده‌بێت حكومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه و حكومه‌تی ئینتیقالی پێكبهێنرێت و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت، به‌ڵام گه‌ر گه‌یشتنه چاره‌سه‌ر، ئه‌وا ده‌بێت به‌یاسایه‌ك بكرێـت و ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم درێژ بكرێته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌م خوله له ساڵی 2017 كۆتایی پێدێت، ئه‌وكات ده‌بێت سه‌رۆكی هه‌رێم له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی گشتییه‌وه ئه‌نجام بدرێت و تیایدا گه‌ل ده‌نگ به سه‌رۆك بدات نه‌ك په‌رله‌مان”.
هه‌رله‌و دیمانه‌یدا ئاماژه‌ی به‌و سازانه داوه، كه لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان باسی لێوه ده‌كه‌ن و ره‌تی كردۆته‌وه، چونكه وه‌ك ئه‌و وتوویه‌تی: “ئێستا باس له سازان ده‌كرێت، به‌ڵام سازان ته‌نها له‌نێوان پێنج حزبه سه‌ره‌كییه‌كه ده‌كرێت، ئێمه له حزبی سۆسیالیست دیموكرات ئه‌وه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه ته‌نها ئه‌و پێنج حزبه پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌بێت هه‌موو گه‌لی كورد و حزبه‌كان له په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌شداربن له‌و چاره‌سه‌ره، بۆیه ده‌بێت به سازانی گشتی چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه پرۆسه‌ی سیاسی له ته‌واوی عیراق به‌سازان بووه”.
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی ره‌تكردۆته‌وه و وتوویه‌تی: “له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا نین، سه‌رۆكێكی پرۆتۆكۆلیشمان ناوێت، ده‌بێت سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت و بڕیاری هه‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی گه‌لی كوردستان”، وتوویشیه‌تی: “ئێستا كاتێكی گونجاو نییه بۆ ورووژاندنی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، چونكه هه‌رێم قه‌یرانی ئابووری هه‌یه، له جه‌نگدایه له‌گه‌ڵ داعش خێزانه كوردستانییه‌كان رۆژانه قوربانی ده‌ده‌ن، بۆیه پێویست بوو په‌رله‌مان كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك دابینكردنی چه‌ك بۆ پێشمه‌رگه و چاككردنی گوزه‌رانی ژیانیان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ هاوڵاتیان چاره‌سه‌ر بكردایه، ده‌بێت لایه‌نه سیاسییه‌كان رووبكه‌نه به‌ره‌كانی جه‌نگ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه چۆن قوربانی ده‌ده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی جیاوازی هه‌بێت له‌نێوان ئه‌م حزب و ئه‌و حزب”.