وەلید غەمبار : خودا ئاگادارم بێت
ئالەم ڕۆژگارە ڕەش و تاڵە کە
قەت خۆری لێ هەڵنایە
بۆ کام هەواری ئومێد هەنگاو بنێم ؟
بۆ لای کام خۆشبەختی باڵ بگرم
لام هەرێمی مەرگو ژیانە
چۆن بتوانم دڵم بە دۆزەخ خۆش بێت !؟
دوور ڕێم گرتووە
زۆر دوور ئەڕۆم ، نایەمەوە
بێ گومانم لێرە
قەت خۆری یەکسانی هەڵنایە
دوور ئەڕۆم
بۆ شارێ دوور بێ
لە سیاسەتمەداری کورد !
دوور ئەڕۆم
بۆ ئەو شوێنەی
هیچی درۆ نازانن درشتو ورد !
دوور ڕێم گرتوە
ئالەم ڕۆژگارە تاڵەی ئێرە
بەهای ئینسان نەماوە
ئیتر نایەمەوە
ئەچم وەک مرۆڤ ئەژیم
پێم مەڵێن
چۆن ئەتوانی نیشتمان جێبێڵی
لێرە نیشتمانیان
لەبەر چاو ڕەش کردم
وەک ڕووی خۆیان
دوور ئەڕۆم نایەمەوە
خودا ئاگادارم بێت ، نایەمەوە !