بارزانی داوا لە ئەڵمانیا دەكات یارمەتی هەرێم بدات لە دروستكردنی ژێرخانی پیشەسازیی و كشتوكاڵ

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی لەگەڵ كۆنسوڵی ئەڵمانیا داوایی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و ئەڵمانیا یارمەتی هەرێم بدات لە دروستكردنی ژێرخانی پیشەسازیی و كشتوكاڵ.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی7ـی 2015 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دیتەر لاملێ كۆنسوڵی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر كرد“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا كە كۆنسوڵی ئەڵمانیا بە بۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و ماڵئاوایی سەردانی بارزانی كردبوو جەختی لە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی ئەڵمانیا و گەلی كوردستان كردەوە و باسی ئەو پڕۆژە و وەبەرهێنان و چالاكییانە كرد كە كۆمپانییاكانی وڵاتەكەی لە بواری ئابووری و پزیشكی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان داوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی لەتەك هاوكارییە سەربازی و مرۆڤییەكان ئامادەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرە بە پەیوەندییەكانی بدات لە بواری جۆراوجۆردا“.

لەبەرانبەریشدا”بارزانی تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیا و ئەو پەیوەندییانەی بە دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی كاریگەریان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”بارزانی داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و ئەڵمانیا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات لە دروستكردنی ژێرخانی پیشەسازیی و كشتوكاڵ“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”بارزانی هاوخەمیی خۆی بۆ گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا ڕاگەیاند بەبۆنەی كۆچی دوایی فیلیپ میسفێلدەر سیاسەتمەداری گەنجی ئەڵمانیا و دۆستی نزیكی گەلی كوردستان. سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنیشی بۆ دیتەر لاملێ خواست لە كار و ئەركەكانی لە داهاتوو“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com