نوچەنێت.ههولێر:
بەرێوەبەری پەیوەندیەكان لەوەزارەتی ئەوقاف رایدەگەێنێت،لەسایەی لاوازی و بێدەنگی حكومەتی عێراق،بەغدا بۆتە مەترسیدارترن شوێن بۆ مەسیحی و كەمایەتیە ئاینیەكان،دەشڵێت،كوردستان تاكە ناوچەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراستە كە ژمارەی مەسیحیەكان تێیدا زیادی كردوە.
مەریوان نەقشبەندی،بەرێوەبەری پەیوەندیەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لەوەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی پۆستێكی بڵاوكردوتەوەو نوسیویەتی”لەسایەی لاوازی و بێدەنگی حكومەتی عێراق بەغدا بۆتە مەترسیدارترن شوێن بۆ مەسیحی و كەمایەتیە ئاینیەكان“.
دەشڵێت”بەهۆی ئاڵۆزبونی بارودۆخی ئەمنی و زیادبونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و باندە چەكدارەكان لەشاری بەغدا و زۆرناوچەی ژێردەسەڵاتی حكومەتی عیراق “مەسیحیەكان و كەمایەتیە ئاینی و نەتەوەییەكانی ئەم وڵاتە رۆژانە ڕوبەڕوی كوشتن و رفاندن دەبنەوە و ماڵ و موڵكیان داگیر دەكرێت“.
ئاشكراشی كردوە”تەنها لەدوو هەفتەی رابردودا 4 مەسیحی لەشاری بەغدا لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە رفێنراون و دوای وەرگرتنی پارەیەكی زۆر لەكەسوكاریان دوانیان كوژراون و بەپێی بەیاننامەیەكی پەتریاركی بابلی كلدانی كە وێنەیەكی بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مەسیحیەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێردراوە”ئاماژە بۆ ناوی رفێینرا و كوژراوەكانی ئەم دوو هەفتەیەی رابردو كراوە و داوا لەحكومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن ئەم پرۆسەی تاڵانكردن و داگیركردنی موڵكی مەسیحیەكان و كوشتن و رفاندنی خاوەنەكانیان رابگرن“.
نەقشبەندی راشیگەیاندوە”پێش ساڵی 2003 ژمارەی مەسیحیەكان لەعێراق نزیكەی دوو ملیۆن كەس بوە بەڵام ئێستا نزیكەی 75%یان كوژراون یان ئاوارەبوون و دەركراون و بەشێكی زۆریان هاتونەتە هەرێمی كوردستان و هەرێمی كوردستان تاكە ناوچەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراستە كە ژمارەی مەسیحیەكان تێیدا زیادی كردوە“.