نوچەنێت-نیقاش
قسه‌یه‌ك هه‌یه زۆرجار موسڵییه‌كان دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه “داعش له‌رێی كورته‌نامه (SMS)ه‌وه موسڵی گرته ده‌ست” ئه‌مه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك بۆ رۆڵی پڕوپاگه‌نده‌و میدیا له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس‌و دڵه‌راوكێ كه به‌هۆیه‌وه سوپا‌و پۆلیس له‌موسڵ هه‌ڵهاتن.
فه‌رمانده‌كانی داعش باش له‌رۆڵی پروپاگه‌نده‌و راگه‌یاندن تێگه‌یشتوون بۆ گه‌یشتن بهئامانجهكانیان، كه‌چی میدیای عێراقی تائێستا ده‌ستبه‌رداری شێوازه كۆنه‌كه‌ی نه‌بووه.
ئێستا دوو كه‌ناڵی دیار هه‌یه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی موسڵه‌وه په‌یامه‌كانیان ئاراسته‌ی ئه‌و شاره ده‌كه‌ن، یه‌كه‌میان ته‌له‌فزیۆنی موسڵه كه سه‌ره‌تای ته‌مموزی 2014 دامه‌زراوه‌و به‌شێكه له‌گروپی كه‌ناڵه‌كانی شه‌رقییه كه سه‌عد به‌زاز بزنسمانی دیاری عێراقی خاوه‌ندارێتییان ده‌كات، دووهه‌میشیان كه‌ناڵی (نه‌ینه‌وا ئه‌لغه‌د)ه كه ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری له‌سه‌ركار لابراوی ئه‌و شاره ناوه‌ڕاستی 2013 كردیه‌وه‌و دوای كه‌وتنی موسڵ گوێزایه‌وه بۆ هه‌ولێر.
هه‌ردو كه‌ناڵه‌كه ئێستا له‌هه‌ولێره‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن كه نزیكه‌ی 70 كیلۆمه‌تر له‌موسڵه‌وه دوورن، ناوه‌ڕۆكی بهرنامهكانیشیان په‌یوه‌سته به‌و تاوانانه‌ی داعش دژی خه‌ڵكی سیڤیلی شاره‌كه دهیانكاتو ئاماده‌سازی ده‌كه‌ن بۆ پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌و قسه له‌سه‌ر گوزه‌رانی ئاواره‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌روونی ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م دوو كه‌ناڵه زۆر سهرهتاییو لاوازن له‌ده‌ستكه‌وتنی زانیاری‌و په‌خشكردنی وێنه.
هه‌رچی میدیا عێراقی‌و بیانییه‌كانی تره زۆر به‌ده‌گمه‌ن زانیاری وردیان له‌باره‌ی موسڵه‌وه ده‌ست دهكهوێتو ئه‌وه‌ی ده‌یگوێزنه‌وه له‌زاری پهیامنێرهكانیانهوه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه نیشته‌جێن، بۆیه زۆركات ته‌نها واتهواتو زانیاری ناڕاست ده‌گوازنه‌وه، به‌تایبه‌تی له‌و كهناڵو رۆژنامه‌و وێبسایتانه‌ی سه‌ر به‌هێزه سیاسییه‌كانن‌و ئه‌جێندای تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه.
جه‌مال به‌درانی كه رۆژنامه‌نووسێكی موسڵییه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه وه‌رگر هیچ متمانه‌ی به‌میدیاكانی ده‌ره‌وه‌ی موسڵ نه‌ماوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دروستیان ده‌ست ناكه‌وێت، له‌و 250 رۆژنامه‌نووسه‌ش كه له‌شاره‌كه‌دا هه‌بوون نزیكه‌ی 150 رۆژنامه‌نووسیان ئێستا موسڵیان جێهێشتووه‌و ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه یان كوژراون، یان لای داعش ده‌ستگیركراون، یاخود بێكار ماونه‌ته‌وه.
به‌درانی كه ئێستا خۆی له‌هه‌ولێر نیشته‌جێیه روونیده‌كاته‌وه به‌هۆی ئه‌و حاڵه‌تانه‌وه ئێستا خه‌ڵك زیاتر پشت به‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك فه‌یسبووك‌و تویته‌ر ده‌به‌ستن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی رۆژنامه‌نووسان له‌ناو موسڵه‌وه به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن، به‌بڕوای به‌درانی ئه‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییانه زیاتر له‌میدیاكانی تر جێی باوهڕنو ده‌توانن ركابه‌ری له‌گه‌ڵ میدیای داعشدا بكه‌ن.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بێدهسهڵاتیو لاوازییه‌ی میدیادا، داعش زیاتر له‌جاران گه‌شه‌ی بهپهیامو ناوه‌ڕۆكی میدیای خۆی داوه، یه‌كه‌میان بۆ دروستكردنی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خه‌ڵكی موسڵ‌و بڕواهێنانیان به‌وه‌ی داعش ده‌مێنێته‌وه، دووهه‌میشیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌و میدیایه بۆ جیهانی ده‌ره‌وه جێی سهرنجو كاریگه‌رییه.
له‌وه‌ته‌ی داعش موسڵی گرتووه، ده‌ستی كردووه به‌په‌یڕه‌وكردنی دانانی خاڵی میدیایی، ئه‌ویش بریتییه له‌كۆشكێكی بچووك كه له‌شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌كان دادهنرێتو به‌رهه‌مه‌كانی داعشی لێوه په‌خش ده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ هاتنی ره‌مه‌زانیشدا داعش ژماره‌ی ئه‌و كۆشكانه‌ی زیادكرد‌و به‌تایبه‌تی ئه‌مجاره روویكرده ناوچه میللییه‌كانی ناو موسڵ.
له‌ده‌روازه‌ی گه‌ڕه‌كی موسڵی نوێ له‌به‌شی خۆرئاوای شاره‌كه، نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی داعش شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌چه‌ند بڵندگۆیه‌كه‌وه داناوه‌و لهبهردهمیشیاندا به‌ده‌یان كورسی ریزكردووه.
سه‌عد محه‌مه‌د كه دانیشتوویهكی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه به”نیقاش”ی راگه‌یاند رۆژانه‌و به‌به‌رده‌وامی منداڵ‌و هه‌رزه‌كارانی ناوچه‌كه ده‌چنه لای شاشه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی دیمه‌نی شه‌ڕه‌كانی داعش‌و لهسێدارهدانو سروده‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌و وتاری سه‌ركرده‌كانیان ببینن، ئه‌مه جگه له‌ناوه‌ڕۆكی به‌یاننامه‌و فهرمانو رێنماییه نوێیه‌كان.
محه‌مه‌د ده‌شڵێت “پاش ته‌واوبوونی ئه‌م نمایشه سینه‌ماییه، هه‌ندێك لهبینهرهكان ده‌چنه لای به‌رپرسانی داعش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و فیلم‌و وێنانه وه‌ربگرن كه به‌دڵیان بووه، جا یان بهمیمۆری وه‌ریده‌گرن، یاخود ده‌یخه‌نه سه‌ر مۆبایل‌و لاپتۆپه‌كانیان”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “زۆربه‌ی كات پاش ته‌واوبوونی نمایشه سینه‌ماییه‌كه، بینه‌ره‌كان باسی به‌هێزی چه‌كدارانی داعش ده‌كه‌ن، سه‌ره‌نجام داعش هه‌موو هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌یه بگاته ئه‌و ئه‌نجامه”.
زۆر هۆكاری تر هه‌ن كه داعش سوودیان لێده‌بینێ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كانی خۆی، وه‌ك مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان‌و خوله ئاینییه‌كان‌و نمایشه سه‌ربازییه‌كان، ئه‌مه جگه له‌و ئێزگه‌یه‌ی هه‌یه‌تی، هه‌رچی ئه‌و په‌یامه‌شه كه بۆ ده‌ره‌وه‌ی ده‌نێرێت، ئه‌وا سوود له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بینێ، به‌تایبه‌تی تویته‌ر.
له‌نێو ئه‌م ململانێ نا هاوسه‌نگه‌دا به‌م دواییه چه‌ند درامایه‌كی عه‌ره‌بی له‌باره‌ی داعشه‌وه به‌رهه‌مهێنراون كه دژی كاره‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌و بۆ زۆرێك له‌بینه‌ران مایه‌ی سه‌رنج بووه.
عیسا شه‌هاب كه دانیشتوویهكی موسڵه به”نیقاش”ی وت “ئه‌م درامایانه داعش به‌و شێوه‌یه نیشان ده‌ده‌ن كه ئێمه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌یانبینین، شتێك ده‌ڵێن كه له‌ناخی ئێمه‌دایه، هه‌ر بۆیه ئه‌و هه‌موو كاردانهوانهیان هه‌بووه”.
عیسا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌و درامایانه ته‌نها له‌ناو كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه داخراوه‌كاندا ته‌ماشا دهكرێنو باسیان لێوه ده‌كرێت، بۆ زۆربه‌ی بینهرهكانیش بووه‌ته مایه‌ی پێكهنینو گاڵته‌جاڕییه‌كی گه‌وره به‌داعش.
چاودێران پێیان وایه ئه‌وه‌ی ئێستا له‌موسڵ رووده‌دات به‌رهه‌مێكی نه‌خوازراوی ده‌بێت، چونكه خه‌ڵكی شاره‌كه بێهیوا بوون له‌میدیای ده‌ره‌وه‌ی موسڵ‌و په‌یامه‌كانیان به‌درۆ ده‌بینن، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ئازادكردنی موسڵه‌وه هه‌یه، هه‌رچی داعشه ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌ك په‌یامی میدیایی به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه راستگۆیی زیاتری پێوه دیاره‌و راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بینه‌ره‌كان جێده‌هێڵیت.