نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كۆ دەبنەوەو بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ڕۆژی سێشەممە 14ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و چۆنییەتی بەرزكردنەوەی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان تاوتوێ كرا“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”باسكردن لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و ڕێكەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو“.