سكرتێری په‌ڕله‌مان داوای (222) كڵاشینكۆف و ده‌مانچه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

0

نوچه‌نێت: هه‌ولێر

به‌گوێره‌ی دوو به‌ڵگه‌نامه‌ كه‌ ده‌ست نوچه‌نێت كه‌وتوون، سكرتێری په‌ڕله‌مانی كوردستان داوای (222) كڵاشینكۆف و ده‌مانچه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ و ئه‌وانیش ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر داوه‌، به‌ڵام فراكسیۆنی پارتی ئه‌و چه‌ك و ده‌مانچانه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.
به‌ گوێره‌ی دوو به‌ڵگه‌نامه‌ كه‌ ده‌ست نوچه‌نێت كه‌وتوون، كه‌ یه‌كێكیان به‌ ژماره‌ (4/4/2728) له‌ رێكه‌وتی (20/5/2015) و به‌ واژۆی فه‌خره‌دین تاهیر سكرتێری په‌ڕله‌مانی كوردستان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ كراوه‌، تێیدا داوای (111) كڵاشینكۆف و (111) دەمانچەی 9 ملیمی ئەڵمانی و (444) مەخزەنی كڵاشینكۆف و (13320) فیشەكی كڵاشینكۆف و (3330) فیشەكی دەمانچە، بۆ پاسەوانانی په‌رلەمانتاران كراوه‌”.
له‌ نووسراوی دووه‌میش كه‌ ژماره‌ (ج/4/874)ی له‌سه‌ره‌ و له‌ رێكه‌وتی (15/6/2015) ده‌ركراوه‌ و واژۆی (لیوا سالار محه‌مه‌د جه‌بار)ی جێگری سه‌رۆكی هه‌یئه‌ی ئه‌ركان- ئیداره‌ و میره‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ باڵپشت به‌ به‌ ره‌زامه‌ندی وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه‌، ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ی سكرتێری په‌ڕله‌مانی كوردستان ده‌ربڕیوه‌.
له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌، ئه‌و چه‌كانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: “لە كاتێكدا شەڕێكی داسەپاو یەخەی بە هەرێمی كوردستان گرتووە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەری بەرگریدان، پێویستە ئەو چەك و تەمەنییانەی كە مەزەندە دەكرێت بایی (500) هەزار دۆلار بن، بۆ ئەوان دابین بكرێت نەك پاسەوانانی پەرلەمانتاران”.
له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا ئومێد خۆشناو وتی: “پێشتر هیچ كۆبوونەوەیەك بۆ ئەو مەبەستە، لە نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان نه‌كراوه‌، بەڵام بێگومانین لەوەی كە ئەو داوایەی سكرتێری پەرلەمان، بەبێ ئاگاداری سەرۆكی پەرلەمان نەكراوە، سەبارەت بە رازی بوونی وەزراەتی پێشمەرگەیش لەسەر ئەو داوایەی سكرتێری پەرلەمان، بەلامانەوە پرسیارە كە وەزارەتی پێشمەرگە لەم كاتەدا بە داوایەكی وەها رازی دەبێت”.
وتیشی: “سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنەكەمان ئەو ئیمتیازە رەت دەكەینەوە و پێشكەشی ئەو پێشمەرگانەی دەكەین، كە لە سەنگەرەكاندا لە دژی تیرۆرستانی داعش بەرگریان لە خاكی كوردستان كردووه‌ و بریندار بوون”.
له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی ئه‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌شدا، عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح په‌ڕله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌شێك له‌ گه‌نده‌ڵی سه‌رۆكه‌كانی پێشووی په‌ڕله‌مانی كوردستانیان لایه‌ و له‌ داهاتوودا ده‌یده‌ن به‌ دادگه‌، هتروه‌ها وتیشی: “ئەو تفەنگانەی كە ئومێد خۆشناو باسی كرد، بۆ پەرلەمانتار نییەو بۆ پەرلەمانە، ئەگەر پەرلەمانتارێك بیەوێت دەتوانێت چەكێك وەك ئامانەت وەربگرێت تاوەكو ئەو كاتەی پەرلەمانتارە، كە ئێمە ئەمەشمان ناوێ”.
هه‌روه‌ها وتیشی: “ئومێد خۆشناو ده‌بوایه‌ باسی ئه‌وه‌یشی بكردایه‌ جێگری سەرۆكی پەڕلەمان بەقەد هەر ٣٨ پەرلەمانتارەكەی پارتی چەكی بۆ كڕاوە لەپارەی پەرلەمان‌و باسی ئەو چەندین ملیۆنە دۆلارەشی كردایە لەخولەكانی پێشوو دەخوراو دەدزاو بەڵگەكان لای منە، بەڵام ئێستا دەگەڕێتەوە خەزێنەی وڵات‌و بەهۆیەوە خەرجی پەرلەمان ٢٠ ملیۆن دۆلار كەمیكردووە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com