نوچەنێت-ئەلعەرەب
رۆژنامەی ئەلعەرەب چاپی لەندەن لە ژمارەی دوێنێ 12ی تەموزیدا دەڵێت ئەو ناكۆكییە سیاسییانەی لە كوردستان سەریانهەڵداوە، هەوڵەكانی لایەنی كورد لاوازدەكات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەكێشەلەسەرەكان و ناهێڵێ كورد سوود لە لاوازیی بەغدا و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكان وەربگرن.
رۆژنامەكە دەڵێت تەنانەت ئەو شەڕەش كە لەنێوان داعش و پێشمەرگەدا دەگوزەرێت، نەیتوانیوە سیاسییە كوردەكان یەكبخات، چونكە هێشتاش سیاسییەكان چاویان لە بەرژەوەندیی حیزبییە.
رۆژنامەكە دەڵێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناچار لە دوا سەردانیدا بۆ واشنتن داوای پشتیوانیی سەرۆك ئۆبامای كردووە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵات و رووبەڕووبوونەوەی ئەو بانگەوازانەی داوای جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێم دەكەن.
ئەلعەرەب دەڵێت ترس هەیە لەوەی ململانێ ناوخۆییەكان كار لە رۆڵ و پێگەی كورد بكەن لە شەڕی دژەداعش و ئەو ململانێیەی لەگەڵ بەغدا هەیانە.
بیلال وەهاب مامۆستای یاریدەدەر لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی بە رۆژنامەكەی وتووە “ئەم ناكۆكییانە سەرنجی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و حیزبەكانی تریان دوورخستۆتەوە لە سوودوەرگرتن لە لاوازیی بەغدا و هەروەها ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییانەی بۆ كورد هەن لە شەڕی دژەداعشدا “.
رۆژنامەكە دەلێت ئەو بێسەروبەرییانەی لە ناوچەكە بەهۆی شەڕی داعشەوە پەیدابوون، بە نیسبەت بارزانییەوە هەلێكی گرنگە بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیی پێكبهێنێت.
پرۆفیسۆر د.دلاوەر عەلائەدین سەرۆكی پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رۆژنامەكەی وتووە كە ناكۆكییە ناوخۆییەكان “كاریان لەو هەوڵانەی سەرۆك بارزانیی كردووە كە بۆ بەدەستهێنانی سەنگی زیاتر بۆ كوردان ئەنجامیداون”.
لەبارەی هەوڵەكانی بارزانییەوە، دلاوەر هەلائەدین وتویەتی “هەوڵەكانی ئەو بریتیتن لە بەدەستهێنانی پشتیوانیی واشنتن و ئەوروپا لەپێناو دداننان بە كورد و پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی زیاتر”.
دیپلۆماتكارێكی رۆژئاواییش لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەكە وتویەتی “كورد سەنگێكی نێودەوڵەتیی گەورەیان بەدەستهێناوە بەهۆی رۆڵیان لە شەڕی دژەداعشدا، بەڵام ئەگەر لەناو خۆیان رێكنەكەون ئەوە ئەو سەنگ و پێگەیەیان زیانی پێدەگات”.